ئاژانس – ڕاوێژ کامەران
لێلان سەرهەنگ کچەکوردێکی شاری هەولێرە و لە ساڵی ١٩٨٥ لە دایک بووە، هەر بە منداڵی چوونەتە ئەورووپا و ماوەی ٢٢ ساڵە لە وڵاتی بەریتانیا ژیان بەسەر دەبات، لێلان بە هۆی دەستڕەنگینییەکەیەوە لە سۆشیال میدیا بەناوبانگە و بە هەزاران هەواداری هەیە، لەم دیمانەیەدا باس لە کارەکانی دەکات.
ئاژانس: ئەو دەستڕەنگینییەی لە تۆدا هەیە بۆ گۆڕینی جلوبەرگ و کەرەستە کۆنەکان بۆ شتی نوێ سەرنجڕاکێشە، ئەمە لە کوێوە فێر بوویت؟
لێلان سەرهەنگ: من هەمیشە حهزم بەوە بووە شتی جیاواز لەبەر بکەم و بیرۆکەی خۆم لە شتەکاندا بەکار بهێنم، هەر بۆیە مقهستێکی جادووییم هەیە کە هەر شتێک ببینم لەو ڕێگەیەوە گۆڕانکاریی تێدا دەکەم، لە بیرمە یەکەمجار تیشێرتێکم لەبەر کردبوو ویستم بە هەمان ستایل دووبارەی نەکەمەوە، بۆیە مقسەتم هێنا و دوو کونم کردە تیشێرتەکەوە، بۆ کارێکی سەرەتایی هێندا جوان نەبوو، بەڵام زۆر پێکهنیناویی بوو، لەوێشەوە ئیدی بەردەوام گۆڕانکاریم لە جلوبەرگ و شتەکانی خۆمدا دەکرد و دواتریش بڕیارم دا کارەکانم لە سۆشیال میدیا بڵاو بکەمەوە.
ئاژانس: پێشوازیی خەڵک لە کارەکانت چۆن بوو؟
لێلان سەرهەنگ: ئێستا کچانێکی زۆر لە سۆشیال میدیادا چالاکن و کارەکانیان بڵاو دەکەنەوە، کە ئەوەش بۆ من دڵخۆشکەرە و بەردەوام بیرۆکەی نوێیان لێوە وەردەگرم، جگە لەوەی ئەم دۆخە وای کردووە کە بڵاوکردنەوەی شتەکان لە سۆشیال میدیا ئاسایی بێت، هەر بۆیە کارەکانی منیش پێشوازییەکی زۆری لێ کراوە و خەڵکانێکی زۆریش سوودیان لێ بینیوە و ئێستاش بینەری کورد و ئەورووپی و هەموو نەتەوەکانی دیکەم هەیە و لە هەموو شوێنێکەوە تەماشای کارەکانم دەکەن، خێزانەکەشم لە کارەکەمدا زۆر پشتگیریم دەکەن، ئەوەش وای کردووە کە باشتریش بتوانم بەردەوام بم.
ئاژانس: لەسەر ئەم کارانەت هیچ داهاتت دەست دەکەوێت؟
لێلان سەرهەنگ: لە ئیستادا نەخێر، چونکە من بیرۆکە و کارەکانم وەک خولیایەک بڵاو دەکەمەوە و لە بەرامبەردا دڵخۆشی و ئاڵوگۆڕی زانیاریم لە بینەرەکانمەوە دەست دەکەوێت و هۆکارە بۆ ئەوەی چێژی زۆر لەوە ببینم کە ئەنجامی دەدەم، بەڵام هەر بە هۆی ئەو کارانەوە چەند کۆمپانیایەکی دیزاین و جلوبەرگ پەیوەندییان پێوە کردووم و ڕەنگە لە داهاتوودا پڕۆژەی بزنسی خۆمم هەبێت.
ئاژانس: بەدەر لە کارەکانت وەک کچێکی کەشخە و جوان دەردەکەویت، چۆن گرنگی بە جوانییەکەت دەدەیت؟
لێلان سەرهەنگ: بەر لە هەموو شتێک جوانیی جەستە و ڕووخسار گرنگ نییە هێندەی ئەوە گرنگە کە ئەو کەسە گرنگی بە خۆی بدات، زۆر دڵخۆش دەبم کاتێک کەسێک دەبینم ستایل و جلوبەرگی جوان و گونجاو لەبەر دەکات، هەر کەسێکیش ڕێگای تایبەتیی خۆی هەیە بۆ جوانی، هەندێ کەس حەز دەکات لە ڕێگەی ماکیاجەوە جوانیی خۆی دەربخات و هەندێک بەبێ ئەوە، گرنگ ئەوەیە هەموان گرنگی بە دەرکەوتنیان بە جوانترین شێوە بدەن، من بۆ خۆم زۆر لام مەبەستە جەستەیەکی تەندرووستم هەبێت، هەر بۆیە زۆر ئاگاداری سیستمی خواردنم و وەرزشیش زۆر دەکەم.
ئاژانس: بەدەر لەم خولیا و کارەی ئێستا هەتە، خەون و خولیای دیکەت چییە؟
لێلان سەرهەنگ: من حەز دەکەم براندێکی جلوبەرگی تایبەت بە خۆمم هەبێت، جگە لەوەی حەز دەکەم بە تەواوی دونیادا گەشت بکەم، بازاڕکردن و کڕینی جلوبەرگی نوێ کاتی خۆشبەختی منە، بەردەوامیش حەزم لە کەشوهەوای ساماڵە تا بتوانم پڕوزە بم، هەرچەندە من ئێستا لە شاری مانچیستەر دەژیم کە ٨٠٪ی کاتەکان باران و هەوری ڕەش بە ئاسمانەوەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر هەوڵ دەدەم بە وزەیەکی زۆرەوە بمێنمەوە.