لە بارەگایەكی پارتی كارتی دەنگدان دابەش دەكرێت
ئاژانس _ ڕەهێڵ و سەرچین
گوشار خستنە سەر ژمارەیەك پاڵێوراو لە سنوووری پارتی بۆ كشانەوە و دابەشكردنی كارتی دەنگدان لە بارەگایەكی پارتی لە سنووری گوێڕ دیارترین ڕووداوەكانی دەستپێكی هەفتەی یەكەمی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بوون لە سنووری هەرێمی كوردستاندا.
لە ناحیەی گوێڕی سەر بە پارێزگای موسڵ هاووڵاتیان ناچار كراون لە جیاتی بنكەكانی كۆمسیۆن لە بارەگاكانی پارتی كارتی دەنگدان وەربگرنەوە و بەپێی بڕیارەكانی كۆمسیۆنیش ئەو كارە بەدەرە لە یاسا و ڕێنماییەكانی هەڵبژاردن، هاوكات لە هەولێریش پارتی فشار لە كاندیدی لایەنەكان دەكات بكشێنەوە.
كارتی دەنگدان لە بارەگای حزبییە
بەپێی زانیارییەكانی بەردەست ״ئاژانس״، دوای ئەوەی خەڵكی گوێڕ بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارە بوون، بەمەبەستی هاوكاریكردنیان لە لایەن ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە بەشێكی زۆریان ناسنامە و بەڵگەكانی خۆیان لای یەكێك لە موختارەكانی گوێڕ دادەنێن، ئەو موختارەش سەرجەم كارتەكانی دەنگدان بۆ ئەو ئاوارانە وەردەگرێتەوە و ئێستاش بۆ وەرگرتنەوەیان دەبێت هاووڵاتیان بچنە بارەگاكانی پارتی تا كارتی دەنگدانیان وەربگرنەوە و ئەو كارەش پێچەوانەی یاسا و ڕێنمایی هەڵبژاردنەكانە.
كارزان عەبدوڵڵا، كە هاووڵاتیەكی دانیشتووی ناحیەی گوێڕە بۆ ״ئاژانس״ی ڕوون كردەوە، بەهۆی ڕووداوەكانی ڕابردووەوە خەڵكی ئەوێ بێزارن لە پارتی، بۆیە بە وتەی ئەو حزبە هەموو هەوڵێك دەدات ساختەكاری بكات لەو هەڵبژاردنە و ئەو هەوڵەشی لەو چوارچێوەیەدایە.
وتیشی: ״داوایان لێ كردووین بچین لە بارەگاكانی پارتی كارتەكانی دەنگدانمان وەربگرینەوە لە كاتێكدا بنكەی كۆمسیۆن لەوێ هەیە و دەبێت لە ڕێگەی ئەوانەوە كارتەكانیش دابەش بكرێنەوە.״
بەپێی زانیارییەكان ״ئاژانس״ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆ و هەڵبژاردنەكانی عێراق بەرپرسی كۆمسیۆنی گوێڕی که ناوی محهمهد مهحمودهو عهرهبه و لەسەر كارەكەی لا بردووە چونكە وتوویانە ئەو كارە پێچەوانەی یاسا و ڕێنمایی هەڵبژاردنەكانە.
فەرحان كیكی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئۆفیسی كۆمسیۆن لە موسڵ، بە ״ئاژانس״ی وت: ״ڕاستە خروقات لە ناحیەی گوێڕ هەبووە و ئێستا لیژنەیەك درووست كراوە و لەم یەك دوو ڕۆژەدا بڕیار لەو بارەوە دەدرێت.״
پێشتر پارتی دەستی كردبوو بە گەڕاندنەوەی كەسوكاری داعش لە موسڵەوە بۆ گوێڕ بە مەرجی دەنگدانیان بە پارتی، بەڵام ئەو حزبە سەرجەم ئەو زانیاریانە ڕەت دەكاتەوە.
ئەحمەد زاگە، لێپرسراوی كۆمیتەی گوێڕی یەكێتیی بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، لە سنووری ناحیەی گوێڕ پێشێلكاری بەرامبەر دەنگدەران كراوە و لە جیاتی دابەشكردنی كارتی دەنگدان لە لایەن كۆمسۆنی هەڵبژاردنەوە، داوا لە بەشێك لە هاووڵاتیان كراوە بچن لە بارەگاكانی پارتی كارتەكانیان وەربگرنەوە.
وتیشی: ״سەرجەم بەرپرسی یەكەئیدارییەكانی سنووری گوێڕ سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانن، بۆیە ئەوەی دەكرێ لە بەرژەوەندیی ئەوانە.״
لەبەرانبەردا پارتی دیموكراتی كوردستان ڕەتی دەكاتەوە كە ڕووداوی لەو جۆرە ڕووی دابێت.
هێرش حوسێن بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ لە پشكی پارتی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوە و ئێمە وەك ئیدارە بەهەموو جۆرێك هاوكاری كۆمسیۆن دەكەین بۆ سەركەوتنی كارەكانیان.״
لە سنووری پارتی گوشار لە پاڵێوراوەكان دەكرێت
لەگەڵ ئەوەی ڕۆژی 15ی ئەم مانگە بانگەشی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ كرد، پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای هەولێر دەستی كردووە بە حەملەیەكی فشاردرووستكردن لەسەر كاندیدی لایەنەكان و داواین لێ دەكات بكشێنەوە.
هێڤی هەیاف، كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر بۆ پەرلەمانی عێراق بە ״ئاژانس״ی وت: ״زۆر هەوڵیان دا بكشێمەوە، بەڵام ڕەتم كردووەتەوە، لە ڕێگەی تەلەفۆن و شكاندنەوە بە ئۆتۆمبێل بە سەرمدا و ڕێگری لە چوونەوە بۆ سەر كار و ماڵەوەم، ئێستاشدا هەموو پۆستەرەكانیان دڕاندووم.״
هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم تا 48 كاتژمێر بەر لە هەڵبژاردنەكان كە بڕیار وایە 12ی مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت بۆیان هەیە بانگەشەی هەڵبژاردن بكەن.
هاوژین عومەر، بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامی بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە دهۆك فشار لە كاندێكمان كرابوو، نووسراوێكی وازهێنانیان پێ ئیمزا كردبوو، هەوڵی زۆر دراوە لە ڕێگەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانەوە كاندیدەكانمان بكشێننەوە.״
״هەوڵەكانی پارتی بۆ ئەوەیە چاوی میدیاكان بخاتە سەر سلێمانی و لە ناوچەكانی خۆیشی ڕكابەرهكانی پاشهکشه پێ بكات، بۆیە ئەوەی بووەتە ئامانج كاندیدەكانن دوای ئەوە لیستەكان.״ هاوژین عومهر وای وت.
لای خۆشیهوه عەلی حسێن، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی بە ״ئاژانس״ی وت: ״زۆربەی شوێنەكانی هەولێر بە پۆستەر و وێنە و دروشمی لایەنەكانی تر داپۆشراون، بەڵام لەوانەیە باران لێی كردبنەوە.״
وتیشی: ״فشارمان لە كەس نەكردووە لە كانیدی بكشێتەوە، كاندید هەیە خۆی پەشیمان بووەتەوە یان بڕوای بە خۆی نییە، ئێمە نە بڕوامان بەو ڕێگایانە هەبووە و بە كارێكی لاوازیشی دەزانین.״