خالد سلێمان
دور لە تیۆرەکانی ڕاسیزم و جیاکاریی کولتوریی، ئەم پەتای کۆرۆنایە جارێکی تر دەمانباتەوە سەر گفتوگۆ و سیجالێکی مێژویی لەسەر ئەوەی کە (مانەوە) لەسەر گۆی زەمین بۆ باشترین و بەهێزترینە؛ بەڵام چۆن؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە زیادەڕۆیی نابێت ئەگەر بڵێین پێش هەمو میللەتێک، ڕەوایە ڕوبەڕوی میللەتی کورد بکرێتەوە. هۆکارەکەش ئەوەیە یاخیبویەکی پلە یەکە لە دەسەڵاتێکی زانستی کە گەورەترین چەکی ئەوروپا بو لە داگیرکردنی دنیادا، ئەویش دەسەڵاتی پزیشکییە.
ڕوبەری گشتی ناو کۆمەڵگەی کوردستان باشترین نمونەیە تا وەک ڕوبەرێکی سەرەتایی (پرێماتیڤ) تەماشا بکرێت و جارێکی تر پەیوەندییەکانی بخرێنە بەردەم لێکۆڵینەوەی ئەنترۆپۆلۆژی و کردنەوەی شیفرەو نهێنییەکانی. کاتێک دەسەڵاتی پێش نوێژ خوێنی مزگەوتێک، توانای ئەوەی هەیە سەدان کەس لە خۆی کۆبکاتەوەو پەتایەک لە بیری خەڵک دەباتەوە، یانی کۆمەڵگەی ئێمە هێشتا لە پەیوەندییە سەرەتاییەکان ڕزگاری نەبوەو یاخییە لە دەسەڵاتی زانست. لە ڕاستیدا ئەمە زۆر وابەستەی ئاین نیە بەقەدەر ئەوەی پەیوەستە بەوەی کە تا ئێستا بەشێکی زۆری کورد گیرۆدەی ناو حیکایەتە خوارافیەکانە. ئەوەتا ناوەندی جیهانی مسوڵمانەکان کە شانشینی سعودییە، بۆ ڕێگەگرتن لە پەتاکەو کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی، بڕیاری داخستنی کەعبە دەدات، بەڵام لە کوردستاندا، خەڵک دوای پێش نوێژ خوێنێک دەکەوێت و بە نوێژی جەماعەتەوە ڕوبەڕوی دەبێتەوە.
ئەمەش بۆی هەیە ببێتە هۆی تەشەنەکردنی پەتاکەو قوربانییەکانی تەنها مردو نابن، بەڵکو سەرخستنی دەستەبژێری کۆمەڵایەتی دەبێت لەبڕیاردان لە مانەوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە هێشتا لە بری دەسەڵاتی زانست، دەسەڵاتی خورافات لە کوردستاندا باڵادەستەو مرۆڤی کورد دەجوڵێنێت. هاوکێشەی دنیای ئەمڕۆ کە ڕیتمی پێشکەوتنی تەنکۆلۆژیا و زانست لە ڕیتمی بڵاوبونەوەی پەتاو کارەسات و نەخۆشیی خێراتر نیە، لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە میکرۆب و دەسەڵاتی میکرۆبۆلۆژی، پرسیاری ئەوە زیندو دەکاتەوە کە مانەوە بۆ ئەوانەیە بەهێزترن و باشترن. ئەوانەی کە تاکە مەرجەعیان لەبەردەم پەتایەکی لەم جۆرەدا تەنها دەسەڵاتەکانی زانستە، نەک ئەوانەی تا ئێستا وا دەزانن بە نوێژی جەماعەت ڕێگە لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە دەگرن.
بڕیادەرانی سیاسی لە دنیادا، سەرەتای هەمو ڕۆژێک بەکۆبونەوە لەگەڵ پزیشک و زانایاندا دەست پێدەکەن و بەگوێرەی پێشنیارو ڕاسپاردەی زانستی ئەوان، دەزگاو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەخەنە کارو هاووڵاتیانیش لە میکانیزمەکانی خۆپاراستن ئاگادار دەکەنەوە. تەنانەت دۆناڵد ترامپ کە ناسراوە بەوەی قسە زۆر دەکات و ماوەش بە بەرامبەرەکەی نادات و زۆریش حەزی لە زاناکان نیە، لەم مەسەلەیەدا لەبەردەم دەسەڵاتی وەزیری تەندروستی ئەمەریکاو تاقیگەکانی دەرمان لە وڵاتەکەدا قسەی نەکرد و بێدەنگی هەڵبژارد.
بەرپرسیارێتی یەکەم لەم پرسیارە وجودییەدا، لە ئەستۆی یەکێتی زانایانی کوردستاندا دەبێت کە پەتایەک گرێ دەدات بە شەهادەتەوە، هەروەها حکومەتیش کە دەسەڵاتێکی ئاوەها دەداتە هەیئەتێکی وەها تا ئێستا بڕوای بە زانست نیە. هەر دەسەڵاتیش بەرپرسیارە لەوەی ژمارەیەکی زۆری پێش نوێژ خوێنی سەلەفی ڕوبەری گشتی داگیر بکەن و لە ڕێگەی خورافاتەوە کۆمەڵگە ڕوبەڕوی گەورەترین پەتای گڵۆبال بکەنەوە. مەسەلەکە لێرەدا بڵاوکردنەوەی ترس نیە بەقەدەر ئەوەی پرسیارێکی وجودییەو وەستانە لەسەر دوڕییانی مانەوە، یان خۆخستنە ناو <درمێک>ەوە، دەرەنجامەکەی وێرانکەر دەبێت. بە کورتیەکەی، تاقیگەکانی دنیا بیریان لای ئەوە نیە ڕێگە لە مردنەکانی ئەمڕۆی دنیای ئێمە بگرن، بەڵکو بیریان لای ئەوەیە دەسەڵاتی دەرمانسازیی تا چەند دەتوانێت دنیا کۆنتڕۆڵ بکات. هەر کۆمپانیایەکی دەرمانسازیی دەسەڵاتی مردن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەربگرێتەوە، بڕیاری ئەوەشی لایە مانەوە بۆ کێ دەبێت. دەکرێ ئەوانەی وا هێشتا لە خورافاتدا دەژین، وەک ژمارە بمێننەوە، بەڵام وەک کارتێکەرێک و تاقیگەیەک بۆ دەسەڵاتی دەرمانسازیی نەک شتێکی تر. ئەمە بەهیچ شێوەیەک بڕوابون بە تیۆرەکانی جیاکاری و ڕاسیزم ناگەیەنێت، بەڵکو نزیکبونەوەیە لەو سنورە ڕاسیستەی کە دەسەڵاتی بیۆلۆژیا دەیەوێت زیندوی بکاتەوەو دەسەڵاتی خوارفاتیش لە واقیعدا دەیسەلمێنێت.