سازدانی: پاتیهیڵ
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان
تروومەن کەپۆتی، ڕۆماننووس، بە ڕۆمانی ״نانی بەیانی لە تیفانی״ و نۆڤلێتی ״میریام״ ناسراوە، شایەنی باسە نۆڤلێتی ״میریام״ لە لایەن وەرگێڕی ئەم بابەتەوە کراوە بە کوردی و لە ماوەی داهاتوودا چاپ و بڵاو دەبێتەوە، هەروەها ڕۆمانی ״نانی بەیانی لە تیفانی״یش وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانی کوردی و هەردوو کتێبەکە ناوەندی غەزەلنووس چاپیان دەکات.
پاتی هیڵ: کەی بوو یەکەم جار کە دەستت بە نووسین کرد؟
تروومەن کەپۆتی: ئەو کاتانەی هێشاکە منداڵێکی نزیکەی دە یانزە ساڵان بووم و لە نزیک هەرێمی مۆبایلـی سەر بە ویلایەتی ئالاباما دەژیام. دەبوو ڕۆژانی شەممان بچمە شارۆچکەکە بۆ لای پزیشکی ددان و لەوێشەوە بەرەو یانەی سەنشاین کە لایەن مۆبایل پرێس ڕیجیستەرەوە [بڵاوکراوەیەک بوو لە هەرێمی مۆبایل و حەفتانە سێ جار دەردەچوو] دامەزرابوو. لەناو ئەو بڵاوکراوەیەدا لاپەڕەیەک هەبوو تایبەت بە منداڵان بۆ پێشبڕێکی نووسین و وێنەی ڕەنگاوڕەنگ، ئەوجا بەو جۆرە هەموو دواینیوەڕۆی شەممانێک ئەوان ئاهەنگیان ساز دەکرد و شەربەت و کۆکاکۆلاشی تێدا دەگێڕدرا. خەڵاتی پێشبڕکێی کورتەچیرۆک ئەسپێکی چکۆلە یانیش تووتەڵەسەگێک بوو، ئەوەم لە بیر نەبوو کە کامیانم دەویست، بەڵام دانەیەکیان هەر دەویست. دیقەتی هەندێ لە چالاکیی دراوسێکانم دابوو کە هیچ باش نەبوون و هیچیان لە بارا نەبوو، بۆیە منیش شتێکی وەکوو ڕۆمانی ڕاستەقینەم نووسی بە ناوی ״کاک خۆهەڵقورتێنی پیر״ و لە پێشبڕکێکەدا بەشدارییم پێ کرد. پێدانی بەشی یەکەم لە یەکشەممەیەکدا بوو، لەژێر ناوی ڕاستەقینەی خۆم تروومەن سترێکفەس پێرسۆنس. بەڵام لەپڕێکدا کەسێک هەڵتۆقی و درکی بەوە کرد من ئابڕووچوونێکی ناوچەییم بە شێوەی داستان خستووەتە بەر چاو، وەرگرتنی بەشی دووەم هەرگیز نەبوو و نەبوو. ئێ تەبعەن، منیش لەولاوە هاتمەوە و هیچیشیان نەدامێ.
هیڵ: کەوایە کەی بوو دڵنیا بوویتەوە کە دەتەوێ ببیت بە نووسەر؟
کەپۆتی: درکم بەوە کرد کە دەمویست ببم بە نووسەر. بەڵام دڵنیا نەبووم کە دەبم هەتا ئەو کاتەی تەمەن گەیشتە پانزە ساڵان و شتی وا. لەو سەردەمەدا بێشەرمانە دەستم کرد بە ناردی چیرۆکەکان بۆ گۆڤارەکان و وەرزنامەکان. بێگومان هیچ نووسەرێک نییە کە قبووڵکردنی یەکەم نووسینی خۆی لەبیر بکات؛ بەڵام ڕۆژە خۆشەکە ئەو کاتە بوو کە تەمەنم حەڤدە ساڵان بوو، قبووڵکردنی یەکەم و دووەم و سێیەم چیرۆکم بە پۆستەی بەیانیاندا پێ گەیشت. هەی هوو، مەبەستم ئەوەیە پێت بڵێم کە ‹سەرسووڕخواردن لە خۆشیدا› بە تەنها هەر دەستەواژەیەک نییە و بەس!
هیڵ: یەکەمجار چیت نووسی؟
کەپۆتی: کورتەچیرۆک. هەندێک شتی تریش کە هەر لە دەوری ئەو فۆڕمەدا دەخوولانەوە. کاتێک بە ڕاستی بۆم دەرکەوت، زانیم کە کورتەچیرۆک سەختترین و بە زەبتوڕەبتترین فۆڕمی پەخشاننووسینە. بۆ هەرچی کۆنتڕۆڵ و تەکنیکێک کە دەشێ هەمبێ بە تەواوی قەرزارباری مەشق و کۆششەکانمم لە کورتەچیرۆکدا.
هیڵ: بە دەقیقی مەبەستت لە وشەی ״کۆنتڕۆڵ״ چییە؟
کەپۆتی: مەبەستم لە درێژەپێدان یاخود بیرکردنەوەیەکی ستایڵستیکی و هەستوسۆزییانەی دەستێکی باڵاترە لە سەروو کەرەستە و بابەتەکانی نووسینەوە. تۆ ناوی لێ بنێ گەوهەر و چڕوچاوت ونکە، بەڵام من باوەڕم وایە چیرۆک دەکرێ بەهۆی ڕەزمێکی خەوشدار و عەیبدارەوە لە ڕستەیەکدا تێکوپێک بشکێندرێ- بە تایبەت ئەگەر ئەمە لە کۆتاییی چیرۆکدا بێ- یاخود هەڵەیەک لە پارەگرافبەندیدا، هەتا لە خاڵبەندیشدا. هێنری جەیمس سەرتیپی فاریزەوخاڵە. هەمەنگوەی نووسەری نمرە یەکی پاراگرافە و هاوتای نییە. لە گۆشەنیگای گوێچکە و بیستنەوە، ڤێرجینیا وۆڵف هەرگیز یەک ڕستەی خراپی نەنووسیوە. نامەوێ خۆم وا دەربخەم کە مەبەستم بێ وەکوو کەسێکی سەرکەوتوو دەرسی کەس دابدەم. هەوڵ دەدەم، هەر ئەوەندە.
هیڵ: چۆن نووسەر یان کەسێک دەگات بە تەکنیکی کورتەچیرۆک؟
کەپۆتی: ئەگەرچی هەر چیرۆکێک کێشەی تەکنیکیی خۆی هەیە، بەڵام ڕوون ڕەوان پێت بڵێم هیچ کەس ناتوانێ لەبارەی تەکنیکەوە شتێک گشتگیر بکا وەکوو چۆن دوو کۆ دوو دەکاتە چوار. دۆزینەوەی فۆڕمی ڕاستودروست بۆ چیرۆکەکەت سادە و سانا دەکەوێتە سەر ئەوەی چۆن بە شێوەیەکی زۆر سروشتی درک بەوە دەکەیت شێوازێک بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکەت بدۆزیتەوە. تەنیا تاقیکردنەوەی ئەوەی کە دەبێ نووسەر شێوەی سروشتیی چیرۆکەکەی دابەش بکا ئەمەیە: دوای خوێندنەوەی چیرۆکەکە، ئاخۆ دەتوانیت بە شیوەیەکی جیاواز وێنەی بکەیت و بیری لێ بکەیتەوە، یاخۆ بیرکردنەوە و وێنەدروستکردنی ناو مێشکت بێدەنگ دەکا و بۆ تۆ ئیتر هیچ کەموکوڕی نییە و کۆتایی هاتووە؟ وەک ئەوەی پرتەقاڵ پرتەقاڵە ئیتر. وەک ئەوەی پرتەقاڵ شتێکە سروشت بە ڕێکوپێکی دروستی کردووە.
هیڵ: ئاخۆ کەسێک دەتوانێت ئەم میکانیزم و کەرەستانە بەکاربێنێ بۆ داماڵینی خەوشی تەکنیکی نووسینی کەسێک؟
کەپۆتی: نووسین تەنیا میکانیزمە کە من لەبارەیەوە دەزانم. نووسین چەند یاسایەکی تایبەت بە گۆشەنیگا و بینین و ڕووناکی و سێبەر هەیە، هەرچۆن ئەمانە لە نیگارکێشان یاخود میوزیکیشدا هەن. ئەگەر تۆ هەر لە سکی دایکتەوە ئەمانەت زانیوە، ئەوە باشی باشتر. ئەگەر نا، فێریان بە. پاشان یاساکان بەو جۆرە ڕێک بخەرەوە کە بۆ خۆت لەبار و گونجاون. تەنانەت جەیمس جۆیس، پشتگوێخەرترین نووسەری یاساوڕێساکانی ئێمە، وەستایەکی عەجیب و لێزان و مەزن بوو؛ توانی ״یولیسس״ بنووسێ چونکە توانی ״دوبلنییەکان״ بنووسێ. زۆرێک لە نووسەران وا دیارن پێیان وایە نووسینی کورتەچیرۆک وەک جۆرێک لە مەشقی پەنجە وایە. باشە دەی، لەم حاڵانەدا، ئەوە تەنیا پەنجەی ئەوانە کە خەریکن مەشق دەکەن.
هیڵ: چۆن هەست و سۆزت خەفە و شەکەت دەکەیت؟ ئایا مەسەلەکە ئەوەیە کە تۆ زیاتر بیر لە چیرۆکەکە دەکەیتەوە وەک لە دوورودرێژی مەودا و کاتێکی دیاریکراو یاخود نەخێر بەهۆی هەندێ بیرکردنەوە و تێڕامانی ترەوەیە؟
کەپۆتی: نەخێر، پێم وا نییە کە مەسەلەکە تەنیاوتەنیا کات بێ. وا دابنێ تۆ ماوەی یەک حەفتە هیچ ناخۆیت سێو نەبێ. هیچ پریسار و چەندچون هەڵناگرێ و تۆ ئیشتیهای خۆت بۆ سێو شەکەت دەکەیت و زۆر بە دڵنیایییەوە دەزانیت کە ئیتر سێو تامی چی دەدا. ئەو کاتەی چیرۆکێک دەنووسم لەوانەیە چی تر بە چیرۆکەکە برسیم نەبێ، بەڵام هەستەکەم بەوپەڕی وردەکارییەوە دەزانم تامی چی دەدا. وتارەکانی تایبەت بە پۆرگی و بێس هیچ نزیکایەتی و پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئەم مەسەلەیەدا نییە. ئەوە ڕاپۆرتنووسینەوە و ״هەستوسۆز״ زۆر تیایدا بەشدار نییە- لانیکەم ئەو مەسەلە قورس و هەستە شەخسییانەی کە من مەبەستمە. پێم وایە لە کاتی خوێندنەوەی چاڕڵس دیکێنسدا دەکەوتە بیرم، وەختێ دیکێنس دەینووسی، لە تاو قرمەقرمی پێکەنین بە شۆخی و گاڵتەوگەپی خۆی خەریک بوو دەخنکا و فرمێسکی دەڕشت بە درێژاییی ئەو لاپەڕانەی کاتێ یەکێک لە کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانەکانی دەمردن. تیۆری من ئەوەیە کە نووسەر ڕەچاوی ژیریی خۆی بکا و فرمێسکەکانی وشک بکا و نەگری، بەر لەوەی هەمان کاردانەوە و هەستوسۆز لە خوێنەردا بوروژێنێ. بە مانایەکی تر، من بڕوام وایە گەورەترین هێز لە هونەردا بە هەموو شێوەکانییەوە بە هۆی کەللەسەرێکی ڕەق و سارد و پەلەپەلنەکەرەوە بەدەست دێ. بۆ نموونە، دڵێکی سادەی فلۆبێر. چیرۆکێکی گەرموگوڕ، بەگەرموگوڕییەوە-نووسراو؛ بەڵام چیرۆک تەنیا کاتیک دەبێ بە چیرۆک کە هونەرمەند [نووسەر] بەوپەڕیی ئاگایییەوە وریای تەکنیکە ڕاستودروستەکان بێ، بە مانایەکی تر، وریای پێویستییەکان بێ. من دڵنیام لە هەندێ ڕوو و خاڵەوە، فلۆبێر دەبێ زۆر بە قووڵی هەستی بە چیرۆکەکە کردبێ- بەڵام نەک کاتێ کە نووسی. یاخود، لە نموونە هاوچەرخەکان، سەیری ئەو ڕۆمانە کورتە سەرسوڕمێنەی کاسرین ئانە پۆرتەر، شەرابی نیوەڕۆ، بکە. چ چڕوپڕییەکی هەیە، چ هەستێکی وەکوو هاکا-ڕوویدای هەیە، کەچی هێشتا نووسین زۆر کۆنترۆڵکراوە، ڕەزمی ناو چیرۆکەکە هەر زۆر پاک و بێ پەڵەیە، بە جۆرێ من یەقینم هەیە کە مەودایەک لەنێوان خانم پۆرتەر و کەرەستەکانیدا هەیە.
هیڵ: ئایا باشترین کورتەچیرۆک و ڕۆمانەکانت لە ساتی ئارامی و بێدەنگیی ژیانتدا نووسیوە یاخود نا فشاری دەروونی و هەستوسۆزت لەسەر بووە؟
کەپۆتی: تاڕادەیەک هەستم بە جۆرێکە وەک بڵێی هەرگیز لە حاڵی ئارامیدا نەژیاوم. ئەگەرچی دێتەوە بیرم، دوو ساڵی ژیانم لە خانوویەکی زۆر ڕۆمانتیکیدا لە سەر ترۆپکی چیایەک لە سیسیلی [بەرفراوانترین دوورگە لە دەریای ناوەڕاستدا] بەسەر برد، لەبەر ئەوە پێم وایە ئەم ماوەیە دەکرێ ناوی لێ بنرێ ئارامی. خواش دەزانێ، کێ ئەڵێ وایشە! بەڵام کپ و خامۆش بوو. لەوێ بوو کە ڕۆمانی The Grass Harpـم نووسی. بەڵام دەشکرێ بڵێم کەمێ فشاری دەروونی کە تا کاتی تەواوبوونیشی لەگەڵمدا بوو، نووسینەکەی باشتر کردم.