عه‌باس مه‌عرووفی
و. له فارسییه‌وه: به‌ختیار ئه‌حمه‌د
قه‌ت بووه به قه‌راخ چۆمی «راین»دا هێنده بڕۆی که نه‌زانی چه‌ند کاتژمێر تێپه‌ڕیوه و خۆر ئاوا بووه و تاریکی شانی داداوه و پاکه‌ته جگه‌ره‌که‌شت خرتوخاڵی ماوه‌ته‌وه؟
قه‌ت بووه ملی جاده‌یه‌ک بگریت و بێ هیچ مه‌به‌ستێک، هێنده بڕۆی که نه‌زانی گه‌یشتوویته چ شارێک و ده‌بێ به کام لادا بیپێچیت و چۆن بگه‌ڕێیته‌وه؟
جارێکیان له شاری «کۆڵن»ـه‌وه به‌ره‌و «دۆڕن» که‌وتمه ڕێ و سه‌رم له شارێکی نائاشنای به‌لجیک هه‌ڵێنا. شه‌و بوو و من هه‌رچییه‌کم ده‌کرد که بگه‌ڕێمه‌وه، نه‌ده‌کرا… له شارێکی دیکه‌ی به‌لجیکاوه خۆم ئهدییهوه. به ده‌وری خۆمدا ده‌خولامه‌وه و گێژ بووبووم. نیوه‌شه‌و بوو که توانیم جاده‌که بدۆزمه‌وه و بگه‌ڕێمه‌وه. هه‌ر له‌و ڕۆژانه‌دا بوو، که بۆم ده‌رکه‌وت جیاوازییه‌کی گه‌وره له نێوان ڕوانینی کۆچه‌ره‌کان و په‌نابه‌راندا به‌رامبه‌ر به ژینگه‌که‌یان هه‌یه. نه‌مده‌توانی له‌گه‌ڵ سروشت و شاره تازهکهمدا پێوه‌ندییه‌کی سۆزدارییانه به‌رقه‌رار بکه‌م. هه‌میشه پرسیارێک له زه‌ینمدا داده‌گیرسا: من چۆن فڕێ دراومهته ئێره؟ به تایبه‌ت ئه‌و کاتانه‌ی که له خه‌و هه‌ڵده‌ستام.
هه‌ر له‌و سه‌ره‌تای هاتنمهوه بۆ ئه‌ڵمانیا، په‌ند و ئامۆژگارییه‌کان ده‌ستیان پێ کرد: دانیشه و ڕۆمانه‌که‌ت بنووسه. به‌ڵام من هه‌میشه که‌سێکی سه‌رکێش بووم. هه‌رگیز له ژیانمدا به قسه‌ی که‌سم نه‌کردووه. هه‌میشه کاری خۆم کردووه، خۆم هه‌ڵه‌م کردووه، خۆم به‌رهه‌مێکم پێک هێناوه، خۆم که‌وتووم و خۆیشم هه‌ستاومه‌ته‌وه. دۆسته‌کانم له ڕووی خۆشه‌ویستییه‌وه پڕکێشییان ده‌کرد و ناحه‌زانیش به ڕاوبۆچوونه سنوورخوازهكانیان ئاگاداریان ده‌کردمه‌وه که پێ نه‌خه‌مه جه‌غزی ئه‌وانه‌وه و هه‌موو به یه‌کده‌نگ ئامۆژگاریان ده‌کردم که: ئازیزم! دابنیشه و ڕۆمانه‌که‌ت بنووسه.
له کوێ دانیشم و چی بنووسم؟ بۆچی زۆربه‌ی هاونیشتمانییه‌کانم ده‌یانه‌وێ که نووسه‌ره‌که‌یان بخه‌نه ناو ئه‌کواریۆم و گێژوخولدانهوهی له‌و چواردیواره به‌رته‌سکه شووشه‌ییه‌دا ته‌ماشا بکه‌ن؟ بۆ که‌س تێناگات که من هه‌موو ئه‌م کارانه ده‌که‌م که بتوانم دانیشم و ڕۆمانه‌که‌م بنووسم؟
سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش، ئه‌ی چۆن ژیان دابین بکه‌م؟ کرێ¬خانوو و خهرجوباجهکانی دیکه‌ی چی لێبکه‌م؟ بگره من زۆر به‌ختیشم بووه که له دوو ساڵی یه‌که‌مدا، سێ کتێبم به زمانی ئه‌ڵمانی بڵاو بوونه‌ته‌وه. به‌ڵام به ده‌سکه‌وتی نووسینی سێ کتێب ناکرێ خێزانێکی پێنجکهسی بژیێنی. ده‌بوو بیرێكی بنه‌ڕه‌تیم بكردایه‌ته‌وه. ئه‌مانه به‌شێک له کێشه‌کانی من بووه و له هه‌ر جێیه‌کیش که زه‌مینه‌یه‌کی باشم له‌و دوورخراوگهیهدا بۆ ده‌ڕه‌خسا، به‌ر له هه‌مووشتێک، غرووری خۆم نهیدههێشتم که مل بۆ دۆست و ئاشنا، یاخود بۆ سه‌نته‌ری یارمه‌تییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، که‌چ که‌م. به کڕووزانه‌وه هێڵنجم ده‌هات. به‌ڕاستی ڕۆژگارێکی سه‌ختیشم ڕابوارد.
پێم خۆش نه‌بوو له شیشه‌دا دانیشم و ڕۆمان بنووسم، سه‌عاتکار لێ بده‌م و بڵێم ئه‌مڕۆ مه‌سه‌له‌ن چل لاپه‌ڕه‌م نووسیوه. پێم خۆش نه‌بوو مووچه‌یه‌كی نه‌مرنه‌ژی وه‌ربگرم و به جانتایه‌کی پڕ له کتێبه‌وه، له کۆڕوکۆمهڵاندا ده‌ربکه‌وم و تکا له حازران بکه‌م که کتێبه‌کانم لێبکڕن. حه‌زم نه‌ده‌کرد قسه له دڵی خۆمدا بهێڵمه‌وه و بۆ ڕاپه‌ڕاندنی کاره‌کان، یا بۆ شاباش و ده‌سخۆشانه‌ی ئه‌م¬وئه‌و، شه‌رمن و نهرمهلیقه بم، شتێک بم وه‌ک پاستیل و پلاستیک و له‌ناو ده‌ستاندا وه‌ک مێو نه‌رم بم.
هه‌میشه سه‌رکێش بووم، کێوی بووم. منداڵیم له کوێستاناندا خه‌مڵاوه. له‌ژێر ده‌ستی باوهگهورهمدا په‌روه‌رده کراوم، ئه‌و مرۆڤه‌ی که به نانهڕهقێک شێوی ده‌کرد و سه‌ری بۆ که‌س نه‌وی نه‌ده‌کرد. خۆ ڕه‌نگه هه‌رئه‌ویش ژیانی منی وشکاندبێ، وا که بۆ هه‌میشه شه‌ق له سفره‌وخوانی قازانجپه‌ره‌ستی هه‌ڵبده‌م، ڕوو له به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆم وه‌ربگێڕم.
نۆزده ساڵان بووم که له‌سه‌ر سفره‌ی ناشتا، سفره‌که‌م کێشا به ڕووی باوکمدا و له ماڵه‌که‌ی ڕۆشتم. ڕۆیشتم و حه‌فته‌یه‌ک دواتر وه‌ک سه‌ربازی سفر، سه‌رم له پادگانی سفرپێنجی شاری کرمان ده‌رهێنا. منێک که له ماڵی باوکمدا به‌رگه‌ی زۆرداریم نه‌ده‌گرت، له پادگان به‌ڵام، کوتهکیشم خوارد، قسه‌ی سووکم پێ گوترا، بێگاریم پێ کرا و زیندانیش کرام. که سهربازییشم ته‌واو کرد، ئیتر نه‌گه‌ڕامه‌وه بۆ ماڵی باوکم. به‌ڵام فێر بووم که چۆن به کاری قورسی دارتاشی، پاره په‌یدا بکه‌م، چۆن به کرێکاری خۆم تێر که‌م و چۆن به‌شی ئه‌وه‌نده توانایی له خۆمدا بهێڵمه‌وه که بتوانم شه‌وان، چه‌ند کاتژمێرێک بۆ خوێندنه‌وه و نووسین ته‌رخان بکه‌م. که هاتم بۆ ئه‌ڵمانیا، هه‌لێکم بۆ ڕه‌خسا بۆ ئه‌وه‌ی یادێک له ڕۆژان و ساڵانی ڕابردووم بکه‌مه‌وه.
پێشنیارێکم له لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی قه‌ڵه‌می سویسڕاوه پێکرا که له ماڵێکدا له شاری بێڕن، ژیانێکی ئارام و خۆشم ببێ و تا ماوم مووچه‌یه‌كم هه‌بێ و «دانیشم و ڕۆمانه‌که‌م بنووسم». سێ ڕۆژ له شاری بێڕن مامه‌وه و ئه‌وسا هه‌ڵاتم. حه‌وت مانگ میوانی ماڵی «هاینریش بۆڵ« بووم، ساڵێکیش وه‌ک سه‌رپه‌رشتیار، له‌و ماڵه‌دا کارم کرد. سه‌روکارم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی سته‌مدیتووی هه‌ڵهاتووی جیهانی سێیه‌م بوو. وێنه‌کێشێکی ئێرانی که مێرده شاعیره‌که‌ی به ته‌ناف خنکاندبوو، شاعیرێکی کووبایی که باوکی ژنێڕاڵێکی پایه‌به‌رزی ئه‌رته‌شی فیدڵ کاستڕۆ بوو، به‌ڵام ئه‌و له سایه‌ی مه‌رگدا، خۆی گه‌یاندبووه ئیسپانیا و پاشان ئه‌ڵمانیا، نووسه‌رێکی بۆسنیایی که سڕبه‌کان، هه‌زار جار ده‌ستدرێژیان کردبووه سه‌ر ژنه‌که‌ی و من ده‌بوو به داییم ئه‌و و منداڵه نهخۆشهکانیم بگه‌یاندایه نه‌خۆشخانه، شاعیرێکی گواتمالایی که به‌هۆی خۆشبه‌ختیی زۆره‌وه! زۆر جار سه‌ری له ماڵی هاینریش بۆڵ ده‌رهێنابوو؛ جارێک لێم پرسی: «یاسین، ئه‌گه‌ر تۆ خۆشبه‌خت بووی، چی ده‌که‌ی لێره؟» ته‌نیا لێمی ڕوانی و لێوه‌کانی به پێکه‌نینێکی تاڵ پشکوتن. وه‌ڵامێکی پێ نه‌بوو، ڕه‌نگه ده‌یزانی که هه‌موو ده‌رکراوێک، ئه‌م پرسیاره له ده‌روونیدا ده‌نگ ده‌داته‌وه: «که ئه‌گه‌ر به‌خته‌وه‌ر بوومایه، له باوه‌شی تۆدا چیم ده‌کرد؟»
راستی، من له ئه‌ڵمانیا چیم ده‌کرد؟ یه‌ک ساڵ کاره‌که‌م له خانووی هاینریش بۆڵدا ته‌واو بوو، دیسانه‌وه ژیان لێم که‌وته‌وه دیانهچیڕکه. له خوله چڕکراوه‌کانی فێربوونی زمانی ئه‌ڵمانیدا خۆم ناونووس کرد، به‌ڵام فه‌رمانگه‌ی کاری شاری «دۆڕن» پێیان گوتم که چون ته‌مه‌نم له سیوپێنج ساڵ زیاتره، ناتوانم له‌م كۆرسانه‌دا به‌شداری بکه‌م. بێکار مابوومه‌وه و به مووچه‌ی بێ‌کاری، ته‌نانه‌ت کرێخانووشم بۆ نه‌ده‌درا. ئیشێکم له شاری «واندلیتز» دۆزییه‌وه، له شهستکیلۆمهتریی به‌رلینی ڕۆژهه‌ڵات، هۆتێلێک له قه‌راغ ده‌ریاچه‌دا و بۆ زیاتر له دوو ساڵ، به‌ڕێوه‌به‌ری شه‌وانه‌ی ئه‌و هۆتێله گه‌وره‌یه بووم. زمانی ئه‌ڵمانییش هه‌ر له‌و هۆتێله‌دا فێر بووم. به‌ڵام ئیشه‌که‌م قورس بوو. له نۆی شه‌وه‌وه تا حه‌وتی به‌یانی و ڕۆژانیش گێژ و حۆل و ماندوو بووم. (هێشتا ئه‌و ئیشه‌م له تاکسی و پیتزادروستکردن پێ باشتره.)
له‌م ماوه‌یه‌دا هیچ شتێکی وام نه‌نووسی. سه‌رجه‌م چوار- پێنج وتار و یه‌ک- دوو چیرۆک.
چارێکی دیکه‌م نه‌بوو. نه‌مده‌ویست خێزانێکی پێنجکهسی بڕووخێ، هه‌ڵده‌هاتم و ئه‌گه‌رچی مانگانه‌که‌م، ژیانی دابین نه‌ده‌کردین، به‌ڵام له جیاتی حه‌فته‌ی چل کاتژمێر، شه‌ست کاتژمێر ئیشم ده‌کرد.
خاوه‌نکاره‌که‌م پزیشکێک بوو که هۆتێلیشی هه‌بوو. ئه‌و ده‌یویست که حهوتهمین شه‌وی حه‌فته‌یش هه‌ر کار بکه‌م. به گوێم نه‌کرد و هه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ش بێ‌کاری کردم.
ماوه‌یه‌ک له کتێبفرۆشییه‌کی ئێرانی‌دا به خۆڕایی کارم کرد، که چیرۆکێکی خه‌ماوی و ڕه‌شه له لاپه‌ڕه‌کانی ژیانی مندا و له کاتی خۆیدا باسی ده‌که‌م. تا ئه‌و ڕاده‌ی که به منیان گوت: «نه‌ریتی شاری به‌رلین نه‌شکێنم و کتێبفرۆشیی دووه‌می تێدا نه‌که‌مه‌وه.» به‌ڵام من، هه‌ر له ماڵی باوکمه‌وه نه‌ریتشکێن بووم و ده‌بوو ئه‌م کتێبفرۆشییهم دابنایه، چونکه ڕێگه‌یه‌کی دیکه‌م نه‌بوو.
ئه‌مانه نموونه‌یه‌ک له ژیانی غه‌ریبایه‌تیی منن. به خۆم ده‌ڵێم قه‌ت بووه چوار مانگ کرێخانووهکهت دوا بکه‌وێت و هه‌موو ساتێک له دڵه‌ڕاوکه‌ی ئه‌وه‌دا بیت ئاخۆ که‌ی شڕهومڕهت ههڵبڕێژنه سه‌ر شه‌قام؟
قه‌ت بووه که هه‌رچه‌نده کار بکه‌ی، نه‌وه‌ستی، نه‌خه‌وی و هه‌ر بنووسی و هێشتا فریا نه‌که‌ویت و له ماندوویه‌تیی خۆت بکه‌ویته هه‌ناسه‌بڕکێ و له حاڵێکدا سنگت پڕه له هه‌وا، به‌ڵام جێیه‌کت نه‌بێ هه‌ناسه‌یه‌کی تێدا تازه بکه‌یته‌وه و پشوویه‌کی تێدا بده‌یت؟
ئێستا کتێبفرۆشییهکم هه‌یه، له شه‌قامی «کانت»ـی شاری به‌رلین. به ناوی «هیدایه‌ت»ـه‌وه ناوم ناوه. شه‌ش كۆرسی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری تێدایه. خۆم كۆرسی چیرۆک‌نووسی به‌ڕێوه ده‌به‌م. ئێستا ته‌نیا له دوو شه‌قام و دوو خاڵدا مانا ده‌کرێم: «ماڵی هیدایه‌ت» که ڕۆژی ده کاتژمێر کاری تێدا ده‌که‌م و ماڵی خۆم که شه‌وی چوار کاتژمێر تێیدا ده‌نووسم و دوایی ده‌خه‌وم هه‌تا به‌یانی کتێبفرۆشییهکهم بکه‌مه‌وه. ڕۆمانه نوێیه‌که‌م ته‌واو کردووه و وا چه‌ند مانگێک ده‌بێ که ده‌رفه‌تی پێداچوونه‌وه و پاکنووسکردنیم نییه. له‌سه‌ر مێزه‌که‌م که‌وتووه، ڕێک له لاپه‌ڕه‌ی سهدونهوهدوسێدا.
نه ده‌رفه‌تی سینهماچوونم هه‌یه، نه مه‌جالێک که بۆ فیلارموونیک بچم و گوێ به ڕکۆئیمی مۆتزارت بسپێرم، نه له کافه‌یه‌کدا دیارم و نه…
نا. کاتم نییه بچم بۆ لای دکتۆری ددان، کاتم نییه پیاسه بکه‌م، کاتم نییه نه‌خۆش بکه‌وم، چه‌ندین مانگه نه‌خۆش نه‌که‌وتووم. هه‌ڵامه‌ت که‌ی نه‌خۆشییه؟ سێ ڕۆژی یه‌که‌می که‌مێک سه‌خته و ده‌ڕوات، له‌گه‌ڵیدا ڕادێیت و ده‌کرێ کار بکه‌ی. عه‌رزه‌که بشۆیته‌وه، قه‌فه‌زه‌ی کتێبه‌کان پاک که‌یته‌وه، داوای کتێبی تازه بکه‌ی؛ فارسی، ئه‌ڵمانی.
ئه‌وی کتێبێکی ئێرانییه‌کان که له ئه‌ڵمان نووسرابێت، په‌یدام کردووه، به‌ڵام ئێرانییه‌کان خوێنه‌ر نیین. ئێرانییه‌کان له مه‌رگ و بوومه‌له‌رزه‌دا که‌مێک لێک نزیک ده‌بنه‌وه و زووش له بیریان ده‌چێته‌وه. بۆ به‌شی فه‌رهه‌نگی و ئه‌ده‌بی و هونه‌ریی ژیانیان، هیچ سه‌رف ناکه‌ن. ئێرانییه‌کان ناتوانن نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی خۆیان بپارێزن. ئه‌وان ده‌رکی پاڵپشتیکردنیان نییه؛ به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه. ئه‌م حسابه له سه‌رده‌می سادق هیدایه‌ته‌وه هه‌تا هه‌نووکه و بهیانییشی پێوه‌بێ، درێژه‌ی هه‌یه.
چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر دۆستێک ده‌یگوت: «تۆ نه‌ده‌بوو وه‌ک نووسه‌رێک پاره له ده‌ست خه‌ڵک وه‌ربگریت. ده‌بوو بڕۆشتیتایه سووچێک و…»
چاره‌م نه‌بوو. ئێستا ده‌بێ ڕۆژی ده کاتژمێر کتێب بفرۆشم. حه‌زم ده‌کرد له‌ناو خه‌ڵکدا بام بێ ئه‌وه‌ی کتێب بفرۆشم، دابنیشم و ڕۆمانه‌که‌م بنووسم. هه‌میشه هه‌موو شتێکم ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم دابنیشم و ڕۆمانه‌که‌م بنووسم. ئێستاش هه‌موو ئه‌م کارانه ده‌که‌م تاکوو…
جێنیڤهریی ٢٠٠4
به‌رلین