ئاژانس:
«موساعید ئەلدۆسەری» توانی خەونەکەی بکات بە راستی و بەسەر پشتی 20 ملیۆن رکابەردا جامی جیهانیی ئەلیکترۆنی بەرزبکاتەوە.
ئەلدۆسەری، کە گەنجێکی سعودییە، لە یاریی کۆتایی مۆندیالی ئەلیکترۆنیدا لە لەندەن، بە چوار گۆڵی بێ بەرامبەر لە ستیڤانۆ بێنای بەلجیکیی بردەوە و نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا و خەڵاتێکی 250 هەزار دۆلاریشی وەرگرت.
1- مەبەستمان چییە؟
یەکەم نوسخەی ئەم پاڵەوانێتییە لە ساڵی 2004دا لە سویسرا لەژێر ناوی «جامی جیهانیی تەفاعولی- Interactive World Cup» بەڕێوەچوو، کە کورتکراوەکەی بریتی بوو لە «FIWC».
«FIWC» پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتیی بوو بۆ یارییە ڤیدیۆییەکان، کە یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی «فیفا» بەهاوبەشی لەگەڵ «ئی ئەی سپۆرت» و «سۆنی کۆمپیوتەر» و «ئینتەرتەینمێنت ئەوروپا» سەرپەرشتیی دەکرد.
لە ساڵی 2018 ناوی پاڵەوانێتییەکە گۆڕدرا بۆ «جامی جیهانیی ئەلیکترۆنی»، کە بەپێی «گینس» گەورەترین پێشبڕکێی دیجیتاڵیی وەرزشییە لەمێژوودا.
دوایین نوسخەی پاڵەوانێتییەکە لە نۆڤەمبەری 2017 دەستی پێکرد و چەند هەفتەیەک لەمەوبەر کۆتایی پێهات.
نزیکەی 20 ملیۆن کەس لەسەرانسەری جیهانەوە بەشدارییان تێداکردبوو، بەدرێژایی وەرزی رابردوو یاریزانەکان روبەڕوی یەکتر دەبونەوە و قۆناغ بە قۆناغ دەهاتنە پێشەوە.
لەکۆتاییشدا باشترین یاریزانەکان گەیشتنە دوایین قۆناغ و ئەمجارەیان پێکەوە لەلەندەن کۆبونەوە و راستەوخۆ کێبڕکێی یەکتریان دەکرد.
2- مێژوویەکی کورت
یەکەم پاڵەوانێتیی ئەلیکترۆنی تۆپی پێ لە 2004 لە سویسرا بەڕێوەچوو، لە ساڵی 2010دا وەک گەورەترین پێشبڕکێی دیجیتاڵیی وەرزشیی ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد و چووە کتێبی گینسەوە.
لە ساڵی 2013دا ژمارەی بەشداربووەکان بەڕێژەیەکی زۆر زیادی کرد و لە پاڵەوانێتیی ئەو ساڵەدا نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس لەسەرانسەری جیهانەوە بەشداربوون.
لەپاڵەوانێتیی ساڵی 2015دا، کە لە میونشنی ئەڵمانیا ئەنجامدرا، گۆڕانکارییەک بەسەر پاڵەوانێتییەکەدا هات و بۆیەکەمجار بەشداربووان لەسەر هەردوو ئامێری (ئێکس بۆکس 1) و (پلەی ستەیشنی 4) یارییان دەکرد. لەکۆتاییشدا گەنجێکی دیکەی سعودی بەناوی عەبدولعەزیز ئەلشەهری پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، پاش ئەوەی لەیاریی کۆتاییدا 3-0 لە جولیان داسۆنڤێلی فەرەنسی بردەوە.
ساڵی دواتر واتە لە پاڵەوانێتیی ساڵی 2016دا، کە لە نیویۆک بەڕێوەچوو، محەمەد پاشای دانیمارکی نازناوەکەی بەدەستهێنا، پاش بردنەوەی لە شین ئالانی ئینگلیزی.
لەدوایین پاڵەوانێتیشدا، کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر کۆتاییهات، 32 یاریزان لە 19 وڵاتی جیاوازەوە گەیشتنە قۆناغی کۆتایی. یارییەکانی ئەو قۆناغە لە لەندەن ئەنجامدران، موساعید ئەلدۆسەری پاش بردنەوەی لە ستیڤانۆ بێنای بەلجیکی نازناوەکەی بەدەستهێنا، هاوکات بڕی 250 هەزار دۆلاری وەک خەڵات پێبەخشرا.
مۆندیالی ئەلیکترۆنی سەرباری ئەوەی هاندەرێکی زۆری بۆ خۆی راکێشاوە و ملیۆنان کەسیش دەتوانن بەشداریی تێدابکەن، بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە پاڵەوانێتییەکی شەعبی و شان لەشانی پێشبڕکێ وەرزشییە راستەقینەکان بدات.
لەدوایین قۆناغی پاڵەوانێتییەکەی لەندەندا، دوو بەشی نوێ زیادکران، یەکێکیان دروستکردنی تیمێک بوو بۆ چاودێریکردنی ״یاریکردن بە ئەنجامی یارییەکانەوە״، لەم خاڵەدا مۆندیالی ئەلیکترۆنی بە مۆندیالی تۆپی پێ گەیشتۆتەوە!
3- پاڵەوان چی دەڵێت؟
موساعید ئەلدۆسەری پاڵەوانی جیهان لە تۆپی پێی ئەلیکترۆنیدا، بۆ ״بی بی سی״ وتی ״مەسەلەکە تەنها پەیوەندیی بە بەهرە و خولیاوە نییە، بەڵکو بەشێکی زۆری پەیوەستە بە راهێنانەوە.. بەر لە دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە بۆ ماوەی هەشت مانگ بەبەردەوامیی راهێنانم دەکرد.. رۆژانە چوار سەعات بە راهێنانەوە سەرقاڵ بووم״.
ئەلدۆسەری لەبارەی خەونی داهاتوویەوە، ئاماژەی بەوەکرد کە دەیەوێت هەموو ساڵێک نازناوەکە بباتەوە ״بۆ ئەوەی گەلی عەرەب و سعودیە دڵخۆش ببن״.
لێدوانەکانی ئەلدۆسەری نەک جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ یاریزانە پیشەگەرەکانی تۆپی پێدا نییە، بەڵکو هەمان رستەی ئەوان دوبارەدەکاتەوە.
گەنجە سعودییەکە خۆی بە یاریزانێکی پیشەگەر دادەنێت لە تۆپی پێی ئەلیکترۆنیدا و دەشڵێت ״ئەم یارییە لەسعودیە بەتەواوی بڵاوبۆتەوە״.
بەبڕوای ئەلدۆسەری، گرنگترین شت لە تۆپی پێی ئەلیکترۆنیدا ״خێراییە لە کاردانەوەدا״. سەرباری ئەوەی زانینی یاساکانی تۆپی پێش مەرجی بنەڕەتییە.
بردنەوەی نازناوی مۆندیالی ئەلیکترۆنی لەلایەن ئەلدۆسەرییەوە، وای لە مەسعود ئۆزێلی ئەستێرەی یانەی ئارسناڵ کرد لە تویتەری خۆیەوە پیرۆزبایی ئاڕاستە بکات. ئۆزێل یەکێکە لەو ئەستێرانەی تۆپی پێ، کە عاشقی یارییە ئەلیکترۆنییەکانە.
لەئێستادا هەندێ لە زانکۆکانی ئەمەریکا هەلی زۆریان رەخساندووە بۆ ئەنجامدانی راهێنان لەسەر تۆپی پێی ئەلیکترۆنی و بەبەردەوامیش خول و پێشبڕکێ دەکەنەوە. زۆربەی ئەستێرەکانی تۆپی پێی ئەوروپاش پەیوەندییان پێوەدەکەن و بەهۆیەوە داهاتێکی زۆریان دەستدەکەوێت.
جان فرانسوا بەڕێوەبەری کارگێڕیی مارکێتینگی فیفا دەڵێت ״پاڵەوانێتییەکانی مۆندیالی ئەلیکترۆنی هەلێکی باشە بۆ ئەوەی تۆپی پێی ئەلیکترۆنی بە پیشەیی بکرێت و ئیدی یاریزانی پیشەگەر دروست بکرێت״.
فرانسوا دەشڵێت ״پاڵەوانێتییەکەی ئەمساڵ هۆکار بوو بۆ گەشەسەندنی زیاتری ئەو یارییە، رۆڵی گەورەی گێڕا لە بەشداریی پێکردنی یاریزان و هاندەری نوێ״.
بەرپرسەکەی فیفا ئاماژە بەوەشدەکات، تۆپی پێی ئەلیکترۆنی رۆڵی گەورەی هەیە لە هاندانی گەنجان لەسەرانسەری جیهاندا بۆ ئەوەی دەست بە تۆپی پێ بکەن ״جا لە واقیعدا بێت یان لە فەزای مەجازیدا״.