د.سهردار عهزیز
ئەم هەفتەیە بۆ خوێندکارانی پۆلی یەکی ئاسیاناسی بابەتی کەمینەکان لە ڕۆژهەڵاتم وتەوە. کەمینە پرسێکی ئێجگار ئاڵۆزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمە وەهایکرد کە ئاسان نەبوو بۆ خەڵکانێکی تەمەن خوار بیست ساڵ و کەمئاگا باسی ئەم پرسە بکەیت. لە سەرەتاوە چەند کێشەیەک هەبوو. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەس نایەوێت پێی بوترێت کەمینە. زۆرینەی خەڵک ئەم زاراوەیە بە سوکایەتی لە قەڵەم ئەدەن. ئەم قبوڵنەکردنە، دەمانبات بۆ پرسیار و خەسڵەتێکی تری چەمکی کەمینە، ئەویش ڕەهەندی دەروونی یان سایکۆلۆجیە. ئایا کەمینەبوون هەستە بەبێ پەیوەندی لە گەڵ ئامار و واقیع؟ لە زۆر ڕووەوە ئەم دیاردەیە دەبینین. ئەمە هەروەها خەسڵەتێکی تری ئەم پرسەیە ئەویش نوێ بونیەتی. دەتوانین بڵیین کەمینە بە مانا مۆدرێنەکەی لە گەڵ دەوڵەتی کۆلۆنیالیدا هاتە ئاراوە. چونکە نوێیە، ئەوا خەڵک وەها دەزانن گەر بە کەمینە وەسف بکرێن ئەوا بە کەم و لاواز دەبینرێن، ئەمەش لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی نەمان و سڕینەوە و قڕ کردنیان. بە تایبەتی کە ناوچەکە سیخناخە بە ڕوداوی قڕکردن، لە ئەرمەنیەکانەوە هەتا ئێزدییەکان. دەتوانین بە هەمانشێوە ئارگومێنتی ئەوەش بهێنیە ئاراوە، کە هێز مایەی ڕێزە، بێهێزی هەمیشە دەبێتە مایەی بێڕێزی.
بەڵام چۆن لەم دیاردەیە تێبگەین، ڕەهەندی دەرونی بەشێکی گەورەی پەیوەستە بە هێزەوە. ئەگەر کەمینەیەک بەهێزبێت، ئەوا خۆی بە کەمینە نابینێت، بۆ نمونە عەلەوییەکانی سوریا خۆیان بە کەمینە نابینن. سوننە لە سەردەمی حوکمیاندا لە عێراق خۆیان بە کەمینە نەدەبینی. کورد هەمیشە وەک کەمینەیەک خۆی دەبینێت لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە نیشتمانەکەیان داگیرکردوە.
کەمینە هەمیشە کێشە بووە، بەڵام جۆر و مامەڵەی گۆراوە. لە ڕووی مێژوییەوە، ئەو سیستەمی حوکمڕانیەی کە مەغۆلەکان هێنایانە ئاراوە، بنەمای مامەڵەی کەمینە بووە لە ماوەی حوکمی مەغۆلەکان و پاشان عوسمانییەکاندا. سیستەمی میللەتی تورکی گەشە پێدانی سیستەمی مەغۆلیە، کە خۆی لە دانپیانان بە مافی باوەڕە جیاوازەکاندا دەبینێتەوە، بەمەرجێک حوکمی مەغۆل یان قوبلای قبوڵ بکەن. ئەمەیە ڕەخنەی کەسێکی وەک ئیبن تەیمیە کە دەڵێت حاکمی مەغۆل چۆن موسوڵمانێکە کە مافی موسوڵمان و غەیرە موسوڵمان وەک یەک دەبینێت. لای ئیبن تەیمیە و هەموو بیرمەندانی ئیسلام، موسوڵمان بوون، کە لە هەمان کاتدا یانی سونن بوون، جیاواز و باڵاترە لە هەموو ئەوانیتر.
ئەم دیدە کرۆکی بیری سیستەمی میللەتە، هەرچەندە پاشان هەوڵدەدەرێت کە دەستکاری بکرێت، بە تایبەت بە هەوڵدان بۆ لابردنی زیممە.
بەڵام ئەم دیدە تەنها دیدی موسڵمانەکان نییە، بەڵکو بیرمەندێکی دیاری وەک ئەلبێرت حۆرانی، بەهەمانشێوە بیردەکاتەوە، کە کەمینە ئەو خەڵکانەن کە موسوڵمان نین یان بە تایبەتی سوننی نین لە هەناو دونیا موسوڵماناندا.
داڕشتی کەمینە لە سەر بنەمای باوەڕ، مانای ئەوەیە کە باوەڕێک هەیە باڵاترە لە باوەڕێکی تر، بەتایبەت کاتێک ئەو باوەڕە کە خۆی بەباڵا دەزانێت خاوەن هێزیشە.
باوەڕی بەهێز و باوەڕی لاواز لە هەمان کاتدا یانی باوەڕی باش و باوەڕی خراپ. ئەمەش بنەمای جۆرێک لە پەیوەندی دادەڕێژێت کە کەمینە مامەڵەی نا مرۆڤانە بکرێن. کەواتە کەمینەبوون لە سەر بنەمای باش و خراپ، موسوڵمان و نا موسوڵمان، بنەمای مامەڵەی نامرۆڤانەیە.
ئەگەر بگوێزینەوە بۆ پرسی ئامار. ئایا خەڵکێک کە ژمارەیان کەمترە، دەبنە کەمینە، لە هەناو زۆرینەدا. لێرەدا پرسەکە لەوێدا ئاڵۆزدەبێت کە پۆلبەندی خەڵکەکان لە سەر چ بنەمایەکە؟ پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، پرسی پانتایی یان جێگا دێتە ئاراوە. لەکوێدا خەڵكێک کەمینەن، لە هەناو چ پانتاییەکدا. سیستەمی دەوڵەتی خەیاڵی کۆلۆنیالی، بنەمای دروستبونی کەمینەیە بە شێوازی مۆدرێنی لە ناوچەکە.
بەم پێیە سیستەمی ڕێکخستنی سنوور و حوکمداری لە پشت پرۆسەی ئامارەوەیە. لە ڕاستیدا ئەم پرسە پاشخانی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکانە لە نێوان کورد و عەرەبدا. عەرەب نایەنەوێت ببنە کەمینە لە کوردستان. بۆیە مانەوەی ئەو ناوچانە لە پەیوەست بە ئیدارەی ناوەندەوە، هەمیشە ئەو خەڵکانەی کە سەر بە حوکمی ناوەندن دەبنە زۆرینە گەرچی کەمینەش بن. بۆ نمونە لە ماوەی نزیکەی سەت ساڵی مێژوی نەوتی کەرکوکدا کوردێک نەبووەتە بەڕێوبەری گشتی.
دیارە ئەوە ڕوونە کە لە عێراقدا چەمکی کەمینە بەکارنابرێت. لە بڕی کەمینە چەمکی پێکهاتە بەکاردەبرێت. ئەمە یاریەکی فریودانە بۆ ماکیاجکردنی واقیعێک کە لە سەر بنەمای کەمینە و زۆرینە بەڕێوەدەچێت.
کەواتە کەمینە دۆخێکی دەرونی، باوەڕی، هێزی، ئیداریە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر پلەبەندی کۆمەڵگا و پێگەی مرۆڤەکان تیایدا. کەمینەبوون جێگیر نییە: بە پێی گۆڕانی دۆخی هێز دەگۆڕێت: سوننە لە عێراقدا هەتا هاتنی ئەمریکیەکان خۆیان بە کەمینە لە قەڵەم نەئەدا، ئەمڕۆ وەک کەمینەیەکی هەڕەشەلێکراو خۆیان دەبینن.
ئەگەر لە دۆخە تەقلیدی و شوناسە تەقلیدییەکان بێینە دەرەوە، بۆ نمونە ئافرەتان زۆرینەن لە کۆمەڵگای عێراقیدا، بەڵام وەک کەمینە مامەڵە دەکرێن. شیعەکان هەتا پێش هاتنی ئەمریکا و ڕزگارکردنیان لە دەستی حوکمی سوننە، وەک کەمینە مامەڵە دەکران لە عێراقدا و خۆشیان وەک کەمینە دەبینی. زۆرێک هەتا ئەمڕۆ وەها دەبینن کە شیعە پاش زیاتر لە دەیەو نیوێک لە حوکم هەر وەک کەمینە مامەڵە دەکات. لێرەدا دێینە سەر ڕەهەندێکی ئاڵۆزی کەمینە کە هەژمۆنییەتە. فارس و تورک زۆرینەی ڕەهای ئێران و تورکیا نین، بەڵام چونکە هەژەمۆنیەتیان هەیە حوکمی وڵاتەکەیان دەکەن بە نکوڵیکردن لە بوونی ئەوانیتر.
دۆخی کەمینەبوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دۆخێکی ئاڵۆزی هەرە جددییە. دۆخێکە کە هەموو لێی دەترسن.