ئەنوەر حسێن (بازگر)
پیاوێکى ماندوو، مەنگ و لەسەرخۆ، ئێستا بووەتە جێگەى سەرنجى سیاسییەکانى جیهان، وڵاتان و میدیاکانى خۆرئاوا و ئەو هەم کەسێکى سیاسییە و هەم سەربازییە، جاروباریش ڕۆڵى دبلۆماتکار دەبینێت.
شوهرەت و ناوبانگى ئەو لە دواى 9ی ئۆکتۆبەر دەرکەوت کە تورکیا بڕیاری دا پەلامارى ڕۆژئاواى کوردستان و هێزەکانى سوپاى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) بدات، کە ئەو سەرۆکایەتیى دەکات.
ئەو کە ئێستا تەمەنى بووەتە (52) ساڵ، پێش سی ساڵ ئەو گەریلاى پەکەکە و یەکێک لە کەسە نزیک و سیکیۆریتیى عەبدوڵڵا ئۆجەلان بووە، لە لوبنان، سوریا و قەندیلیش، بۆیە لە هەموو ئەو سەردانانەى وەفدەکانى هەدەپە بۆ زیندانى ئیمڕاڵى، ئۆجەلان هەواڵى دەپرسێت و دەڵێت: ״شاهین -مەزڵووم- ماوە؟ شەهید نەبووە؟״ لەم ڕستە چوار وشەییەدا دەردەکەوێت کە ئۆجەلان چۆن ئینسانى شۆڕشگێڕ و ئینسانى بە ئیرادە درووست دەکات، کە دەتوانێت هەم سەرکردە بێت، هەم فیداکار و بەوەفا، بە واتایەکى تر وەکو نیچە دەڵێت: ״ئینسانى سوپەرمان بەرهەم دەهێنێت.״
یان ئەوەى لە شەڕى کۆبانێ، مەریوان و ئاراس وتیان ئەم شەڕڤانانە دەجەنگن لە پێناو ژیاندا، پەکەکە لە سیاسەتکردنیدا، ڕەنگە کەموکوڕیی هەبێت و ڕەخنە بگرێت، بەڵام لە سی ساڵى ڕابردوودا بەردەوام ئەستێرەى درووست کردووە، جەنگاوەرى سوپەرمانى بەرهەم هێناوە.
جەنگاوەرى وا کە نەیارەکانى نرخى پێنج ملیۆن دۆلاریان لەسەر داناوە بۆ دەستگیرکردن یان تیرۆرکردنیان، جەنگاوەرى شۆڕشگێڕ و هیومانیست و فیداکار، نەک تیرۆریست و جەللادى وەک بنلادن، زەرقاوى و بەغدادى، درووستکردنى جەنگاوەرى وا بەبێ ئیرادە و باکگراوندێکى پتەوى ڕابەرایەتى و کاریزماتیکى ئەستەمە درووست بێت.
ئەستەمە سوپەرمانى وا بەبێ پرسێکى ڕەوا و هەقانى کە نەیارەکانى دەیانەوێت گەل و خاک و نیشتیمانەکەى سوتماک بکەن و لەسەر نەخشە بیسڕنەوە درووست بێت، ئەستەمە، جەنگاوەرى وا بەبێ ئارمان و ئامانج و ئایدیۆلۆژیایەک بخوڵقێنێت و سوپەرمانى لێ دەرچێت.
ئەستەمە جەنگاوەرێک بە سی ساڵ لە شاخ لەگەڵ تاوێرە بەردەکانى قەندیل لەناو تەپوتۆزى بارووت و نەڕەى فڕۆکەى بێ ڕەحم و بێ بەزەیی گەورە ببێت و بەردەوامیش دەست بۆ ئاشتى درێژ بکات، بەڵام شکست و تەسلیمبوون نەزانێت و سوپەرمانى لێ دەرنەچێت.
مەزڵووم عەبدى (کۆبانێ) لە ئۆکتۆبەرى ئەمساڵ، کە بووە سیمبوولى بەگژداچوونەوەى سوپاى تورکیا و لایەنگرانى، کاتێک جەیمس جێفرى دەیەوێت بە تەلەفۆن قسەى لەگەڵ بکات، ئامادە نییە و دەڵێت: ״تەنها لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ قسە دەکەم.״
شاهین کە ئێستا بووەتە ڕەمزى چەوساوەکان، گوایە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ترەمپ پێى وتووە لە تەنیشتمەوە کەسانێک هەن تۆیان لە نیشتیمانەکەیان خۆشتر دەوێت.
جەنگاوەرى کورد و شۆڕشەکانى یەکەم جار نییە ئەمەریکا و زلهێزەکانى پشتى تێ دەکەن و دەیکەنە قووربانیى، بەڵام گەر هەموو جارەکان چیاکان پشت و پشتیوانى بن.
ئەم جارە مەزڵووم کۆبانێ چیاکانیش لە پشتى نەبوون و لەناو لم و بیابانى تەمگرتووى شەڕدا، بە ئیرادەوە وەستابوو لە نێوان دووژمنەکانى و تاکە یەک دۆستیشى نەبوو لەناو ئەو هەموو دڕندەیەى کە چاوەڕێى ساتى تەسلیمبوون یان شەهیدبوونى مەزڵووم بوون، ئەم وێنەیە، ڕێک لە وێنەى ئەو فۆتۆگرافەرە دەچێت، داڵێک وەستاوە چاوەڕێى مردنى منداڵێک دەکات لە ئەفەریقا تا ڕاوى بکات و بیخوات.
چاوەڕێى خستنە سەر زەویى ئاڵاى زەردى درێژەپێدەرى ئاڵا سەوزەکەى یەپەگە و ئاڵا زەردەکەى یەپەژە بوون کە هەموویان حەماسەتخوڵقاندن و بە ئیرادە وەستانەوە بەگژ ستەمدا، لە ئاڵاى سووردا ئەستێرەیەکى چەپ و عادیلانەدا بەرهەم هاتووە، بۆیە دەکەوێت، بەڵام هەڵدەستێتەوە، تووڕە دەبێت، بەڵام ئارام دەبێتەوە، نایەوێت قووربانیی بێت، بۆیە داکۆکى لە بوون و مانەوەى خۆى دەکات، بەڵام هەرگیز نایەوێت جەللاد بێت، دەچێتە شەڕەوە بە ناچارى بۆ هێنانەدیى خەونەکانى ئاشتى، بەڵام شەڕى مانەوە دەکات نەک سڕینەوەى بەرامبەر.
مەزڵووم کۆبانێ ئاوا گەورە بووە و ژیاوە، دڵنیاشم ئاوا دەمرێت.
پەکەکە و خودى ئۆجەلان کە داینەمۆى بەرهەمهێنانى ئەم جەنگاوەرانەن، سوپەرمانى زۆرترى بەرهەم هێناوە لە شاخ (جەمیل بایک، موراد قەرەیلان، دوران کاڵکان، مستەفا قەرەسوو، بەسێ هۆزات) لە شار (لەیلا زانا، پەروین بووڵدان، سەڵاحەدین دەمیرتاش، گوڵتان کشناک، ساڵح موسلیم) و جەنگاوەرى ترى وەکو (زوبێر ئایدار، ڕەمزى کارتاڵ، باهۆز ئەرداڵ، ئەحمەد تورک)ى خوڵقاندووە.
هەرکام لەوانە هەموو جەور و ستەم و نەهامەتییەکى تورکیایان چەشتووە، بەڵام لە سەختترین ڕۆژانى خەباتى شاخ و شار تەسلیم نەبوون و بە ئیرادەوە وەستاون.
دڵنیام کە مەزڵووم کۆبانێش سەر بە هەمان خوێندنگە و ئایدۆلۆژیایە و بە قۆناغەکانى زیندانى، گەریلابوون و فەرمانداری و شکست و سەرکەوتندا تێپەڕیوە.
چ سەختە تەنها لە کەمتر لە دەیەیەک، یانزە هەزار هاوڕێى کوڕ و کچ، شەڕڤانى هێزەکەت گیان بەخت بکەن، بەڵام هەرگیز ترس لە چاوانتدا دەرنەکەوێت و دڵت بۆ ئازادى لێ بدات؟
چەند سەختە گەلەکۆمەکێی گەورە لەسەرت بێت بۆ تەسلیمبوون، بەڵام بە ئیمانەوە بووەستیت و بە گژ مەحاڵدا بچیتەوە؟
مەزڵووم و فیگەرەکانى وەکو خۆى لە بێ دەوڵەتییدا جوانتر دەدرەوشێنەوە، تا ئەوانەى لەسەر مێزى گفتوگۆ خاکەکەى هەڕاج دەکەن.
مەزڵووم و فیگەرەکانى لە پێناو وڵات و نیشتیمانێک دەجەنگن، کە جگە لە جەنگان و قووربانیدان هیچ ڕێگەیەکى ترى پڕ شکۆمەندى و هیومانیستى و پڕ لە شان و شکۆ نابینن بۆ خوڵقاندنى خەون و ئاواتى تاکەکانى ئەم کۆمەڵگەیە.
فەرهاد شاهین عەبدى، لە ساڵى 1967 لە شارى عەفرین لە دایک بووە لەناو (PKK)دا بە شاهین ناسراوە، دەیەى نەوەدەکان لە نزیکەوە ئۆجەلان دەبینێت و تێکەڵ دەبێت و بەشداریى خول و دەورەى کادران و سەرکردە دەبێت و دەبێتە جێگەى سەرنجى عەبدوڵڵا ئۆجەلان، مەزڵووم کە لە نەوەى دووهەمى سەرکردەکانى PKKیە، ئێستا ڕۆڵى جەمیل بایکى ڕۆژئاڤا دەگێڕێت لە ڕۆژئاوا، چۆن سەڵاحەدین دەمیرتاشیش، هەمان نازناوى وەرگرت (جەمیل بایکى شار ״باكوور״).
پاش خولى سەرکردایەتى لە بیقاعى لوبنان، ڕاستەوخۆ لە لایەن ئۆجەلانەوە دەکرێتە فەرماندەى هێزى تایبەتى گەریلا، کە کارى لێپێچینەوە لە تاوانباران و سیخوڕان و ئۆپراسیۆنى تایبەت دەبێت، ئەم هێزەى پەکەکە، ڕۆڵى یەکلاکەرەوەش دەبینێت لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکان و سەرپەرشتیى دەیان ئۆپراسیۆنى گەریلاى کردووە دژى سوپاى تورکیا، میت و ژیتەم لە ناوچەکانى (هەکارى، چەڵێ، جولەمێرگ، شرناخ، سێرت و وان).
ساڵى 1997 پاش ئەوەى لە یەکێک لە شەڕەکانى باکوور بریندار دەبێت، دەنێردرێتەوە دەرەوەى وڵات لەوێ خەریکى کارى ڕێکخستن و تەشکیلات و دبلۆماسی دەبێت لە نێوان بڕۆکسل، ئەڵمانیا و سویسرا.
پاش چاکبوونەوەى بیر لەوە دەکاتەوە بگەڕێتەوە، لە ساڵى 2003 دەگەڕێتەوە باشوورى کوردستان و دەبێتە لێپرسراوى کەمپى مەخموور لە هەولێر و ڕۆڵى گەورەى دەبێت لە کردنەوەى خولى کادرى و پڕۆسەى پەیوەندیى نێوان قەندیل و مەخموور، باکوور و ڕۆژئاوا، ڕاستەوخۆ پەیوەندیى لەگەڵ قەندیل و جەمیل بایک و موراد قەرەیلان دەبێت.
پاش ئەوانە، دەکرێتە ئەندامى کۆنسەى سەرۆکایەتىی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) و ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتیى هێزەکانى پاراستنى گەل (هـ.پ.گ) بووە، مەزڵووم بە هۆى دڵسۆزیی بۆ پەکەکە و ئۆجەلان بەهێزترین بەرپرسی ڕۆژئاواى کوردستانى ناو (PKK و کەجەکە) بووە، لەگەڵ (د. باهۆز ئەرداڵ و زەکى شەنگالى).
پاش ڕووداوەکانى بەهارى عەرەبی و سەرهەڵدانى خۆنیشاندانەکانى سوریا و ڕۆژئاواى کوردستان، مەزڵووم کۆبانێ دەگەڕێتەوە ڕۆژئاوا و پشتیوانیی گەرمى لێ دەکرێت و دەبێتە یەکێک لە لێپرسراوى یەکینەکانى پاراستنى گەل (YPG) و ڕۆڵى سەرەکیى دەبێت لە درووستکردنى و پاشانیش درووستکردنى (YPJ)، کە دواتر ناوەکەیان گۆڕا بۆ هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) کە خاوەنى 70 هەزار شەڕڤانە کە لە (27) ڕێکخراوى عەرەبی، کوردى، مەسیحى و چەرکەس پێک هاتووە و ئەوەش بۆ ئەوە بوو کە ئەمەریکا پەکەکە و هەسەدە لێک جیا بکاتەوە.
ڕۆڵى مەزڵووم کۆبانێ لە (شەڕى داعش و پەیوەندیى لەگەڵ ئەمەریکا، ڕوسیا و ئێران) بە تەواوى تورکیا نیگەران دەکات، بۆیە لە ساڵى 2018 ئەنکەرە لەگەڵ (120) سەرکردەى (PKK) هەر چوار پارچەى کوردستان دەیخاتە لیستى تیرۆرەوە (لیستى سوور).
دواتر دەبێتە بەرپرسی هەماهەنگیى نێوان ئەمەریکا و هەسەدە و بەرپرسی وەرگرتنى چەک و کەلوپەلى سەربازى بووە و لە ساڵى (2014) بە هاوکاریى (ى.ن.ک) لە شارى سلێمانى لەگەڵ ئەمەریکییەکان کۆ دەبێتەوە بۆ هەماهەنگیى شەڕى داعش.
تەلال سەلۆ، وتەبێژى پێشووى هەسەدە دەڵێت: ״مەزڵووم کۆبانێ سەرپەرشتیى دانوستانێکى گەورەى نێوان هەسەدە و داعشى کرد لەگەڵ زاوایەکى ئەبووبەکر بەغدادى بۆ چۆڵکردنى ڕەققە و تەسلیمکردنى شارەکە״، وتارە بەناوبانگەکەشی لە گۆڤارى (Foreign Policy Journall) هێندەى تر مەزڵوومى خۆشەویست کرد، هەر بۆیە شەوى 27/7/2019 یەکێک لەو بەرپرسانەى دەرەوەى سوپاى ئەمەریکا بووە کە بەشداریی کردووە و زانیاریى هەبووە لەسەر ئۆپراسیۆنى کوشتنى ئەبووبەکر بەغدادى لە گوندى بەریشەى شارى ئیدلب، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ متمانە و لێهاتوویى ژەنەڕاڵ مەزڵووم بەشداریى ئەو ئۆپراسیۆنەى کردووە، ئێستا مەزڵووم کۆبانێ لە لایەن تورکیاوە داوا کراوە ڕادەست بکرێتەوە و ئەمەریکاش زۆر جار وەسفى دەکات.
بەڵام گرنگ ئاکامە، چى لێ دێت؟ ئەوەى گرنگە لە کۆتاییدا مەزڵووم کۆبانێى ڕۆژئاوا دەبێتە فریادڕەسی گەلى ڕۆژئاواى کوردستان، یان وەکو ئۆجەلان ڕادەستى دەکەن و دەیکەنە دیارى بۆ تورکیا؟