كێشە دەكەوێتە نێوان گۆڕان و پارتییەوە
ئاژانس – هێمن مامەند
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چوار كەس وەك یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری جیاواز دادەمەزرێنێت، كە بە وتەی بەرپرسانی یەكێتیی و گۆڕان ئەو هەنگاوە لە ناو ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتدا نەبووە و بۆ كەمكردنەوەی دەسەڵاتی وەزیرەكانیانە لەو كابینەیەدا.
بە پێی زانیارییەكانی ״ئاژانس״ لە ماوەی ڕابردوودا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چوار كەسی وەك یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری چەند پرسێك دامەزراندووە بەبێ گەڕانەوە و پرسكردن بە لایەنە بەشداربووەكانی حكومەت لەگەڵ ئەوەی پسپۆری بەشێكیان لەو پۆستانەدا تێكەڵاوی لەگەڵ پۆستی بەشێك لە وەزارەتی لایەنەكاندا درووست دەكات.
ئەو یاریدەدەرانەی دانراون بریتین لە محەمەد حاجی، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری تەندروستی، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وەبەرهێنان، ڕانیا مەجید، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری ئابووری، ئاشتی هەورامی، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە، كە هەرچواریان ئەندامی ئەو حزبەن یان نزیكن لێوەی.
بەرپرسێكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە دانوستانەكاندا لەگەڵ شاندی پارتی بڕیار وا بوو تەنیا یەك یاریدەدهری سەرۆكی حكومەت دابنرێت بۆ كاروباری چاكسازی، ئەویش بدرێت بە بزووتنەوەی گۆڕان، باسی ئەو هەموو یاریدەدەرە نەكراوە و بۆ ئەو پۆستەی پشكی گۆڕانیش بوو، بڕیاریش بوو ئەنجوومەنێكی بۆ دابنرێت و لە پەرلەمانی كوردستانیش ئەنجوومەنەكە بە یاسایی بكرێت.״
ئەو بەرپرسەی گۆڕان وتیشی: ״دانانی ئەم هەموو یاریدەدەرە ئیستفزازكردنی بزووتنەوەی گۆڕان و بچووككردنەوەی حكومەت و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی وەزیرەكانە بە تایەت ئەو كەسانەی كە پێشتر لە بزووتنەوەی گۆڕان بوون، كە ئەوە تەنیا ئیستیفزازكردنی گۆڕانە.״ ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ هەریەك لە ڕێباز حەملان و محەمەد حاجی، كە پێشتر سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان بوون.
دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان بە ״ئاژانس״ی وت: ״جگە لەوەی دانانی ئەم هەموو یاریدەدەرە نایاسایی و نائاساییە، دانانی كەسەكانیش جێگەی سەرنج و سەرسوڕمانە، چونكە ئەو كەسانەی كە دانراون تێبینییان لەسەرەو لە ماوەی ڕابردوودا لە پۆستەكانیان سەركەوتوو نەبوون، چونكە زۆرترین گەندەڵی لە وەزارەتەكانی ئەوان كراوە كە ئەو كاتەی وەزیر بوون.״
وتیشی: ״لەمیانی دانوساندنەكانی شاندی گۆڕان لەگەڵ پارتی بە هیچ شێوەیەك باسی ئەو هەموو یاریدەدەرە نەكراوە و لە هەمواری یاسای ئەنجوومەنی وەزیراندا جێگەیان نابێتەوە.״
بە پێی زانیارییەیكان ״ئاژانس״ بۆ ئەو پرسە گۆڕان گلەییەكانی گەیاندووەتە پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام وەڵامی گلەییەكانیان نەدراوەتەوە.
هاوكات سەركۆ ئازاد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتتی نیشتیمانیی كوردستان بە ״ئاژانس״ ی وت: ״بە هیچ شێوەیەك لە كاتی دانوستانەكان لەگەڵ پارتی باسی ئەو هەموو یاریدەدەرە نەكراوە، بەڵكوو بڕیار وا بوو تەنیا یاریدەدەرێكی سەرۆكی حكومەت دابنرێت بە ناوی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی.״
وتیشی: ״دانانی ئەو هەموو یاریدەدەرە كەمكردمەنەوە دەسەڵاتی وەزیرەكانە.״
دانانی ئەو یاریدەدەرانە لە لایەن سەرۆكی حكومەتەوە بە دەر لە بوونی ڕێكکەوتنی پێشوەخت لەسەری لە كاتێكدایە بڕیار بوو حکومهت وەك حكومەتێكی هاوبەش لە لایەنە بەشداربووەكان بێت و بڕیارەكانیش تیایدا بە بەشداریی هەموو لایەنە بەشداربووەكان بێت.
حاجی مەسیفی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەكێتیی نیگەرانیی حزبەكەی لە دانانی ئەو هەموو یاریدەدەرە دەردەبڕێت و بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو هەموو یاریدەدەرە دادەنرێت، بەڵام تا ئێستا كەسیان سوێندی یاساییان نەخواردووە لە كاتێكدا كە پلەی باڵایان هەیە دەبێت لە بەردەم سەرۆكی هەرێم سوێندی یاسایی بخۆن و لە پەرلەمانی كوردستانیش یاسایان بۆ دەربچێت.״
لە بەرامبەردا فراكسیۆنی پارتی ڕای جیاوازی هەیە و دانانی ئەم هەموو یاریدەدەرە بە كارێكی ئاسایی ناودەبات
بەهمەن كاكە، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״سەرۆكی حكومەت دەسەڵاتی هەیە یاریدەدەر بۆ خۆی دابنێت، دانانی یاریدەدەریش بە مانای جێگری سەرۆكی حكومەت نایەت، چونكە سەرۆكی حكومەت یەك جێگری هەیە ئەویش كاك قوبادە.״
پەرلەمانتارەكەی پارتی وتیشی: ״دانانی یاریدەدەر هیچ پەیوەندیی بەوەوه نییە لە پەرلەمان یاسای بۆ دەربكرێت.״