سازدانی: ڕاوێژ کامەران
ناتالیا ئەندرسۆن (٢٣ ساڵ)، ژنێکی کوردە و لە شاری سلێمانی لە دایک بووە، بەڵام ٢٠ ساڵی تەمەنی لە وڵاتی نەرویج ژیاوە و لەوێ گەورە بووە، هەر بۆیە بە تەواوەتی کولتووری خانمێکی ئەورووپیی وەرگرتووە و ئێستاش لە سۆشیال میدیا چالاکە و وێنە و ڤیدۆکانی دەنگدانەوەی زۆریان هەیە، لەم دیمانەیەدا لەگەڵ ״ئاژانس״ باس لە کارەکانی خۆی دەکات.
ئاژانس: چۆن بوو بڕیارتان دا بێنە سۆشیال میدیا و چالاک بن؟
ناتالیا: پێم وا بێت سۆشیال میدیا ئێستا بووهتە بەشێکی گرنگ لە ژیانی هەموان، بە تایبەتیش لە ساڵی ٢٠١٩ کە گرنگیی تۆڕەکە زیاتر بووە و لە ڕێگەیەوە دەستت بە زۆرێک لە خەڵکی دەگات، هەر بۆیە منیش وەک هەر کەسێک مافی سوودوەرگرتنم هەیە لە سۆشیال میدیا، پێشم خۆش بوو لێرەوە کار و چالاکییەکانی ژیانی خۆم بڵاو بکەمەوە.
ئاژانس: هیچ پلانت نییە کە سەردانی کوردستان بکەیت؟ تۆ لە سۆشیال میدیا وەک کچێکی ئەورووپی ڕەفتار دەکەیت و بە جلوبەرگی مەلەوە (بەکینی) وێنە دادەنێیت، پێت وایە ئەمە لە کۆمەڵگەی کوردی قبووڵ کراوە؟ ئایا هیچ کێشەی بۆ درووست نەکردوویت؟
ناتالیا: لە ئێستادا پلانێکی وەهام نییە کە سەردانی کوردستان بکەم، بەڵام لە داهاتوودا ڕەنگە، بە دڵنیاییشەوە کارەکانم بووهتە جێگەی ڕەخنە بۆ هەندێک، بەڵام من ژیانی خۆم دەژیم و لەبەر خاتری کەسانی دیکە ژیان و ستایلی خۆم ناگۆڕم، تاکە شتێک بە لامەوە گرنگ بێت بیروڕا و سەرنجەکانی خێزانەکەمە، ئیدی ئەوەی دیکە بۆ من گرنگیی نییە، من هەموو ژیانم لە ئەورووپادا بووە و لە کۆمەڵگەیەکی مۆدێرندا بووە، هەر بۆیە دانانی ئەو جۆرە وێنانە بۆ من زۆر ئاساییە، من زۆربەی شتەکانی ژیانم بڵاو دەکەمەوە، ئیتر بە بەکینییەوە بێت یاخود نا، چونکە پەیجەکەی من تایبەتە بە (ماکیاژ و گەشت و فاشیۆن و ستایل)، هەر بۆیە پێم وا بێت جلوبەرگی مەلەش بەشێکە لە ژیانم، شتێکم نییە کە بیشارمەوە.
ئاژانس: هەندێک جار ڕەخنەی ئەوەت لێ دەگیرێت کە لە وێنەکانت تەنها بەشی پشتەوەت دەردەخەیت، دەتەوێت ببیتە کیم کارداشیانی کورد؟
ناتالیا: من (ناتالیا ئەندرسۆنم) و نامەوێت ببمە کەسێکی دیکە، بەو شێوازە وێنە دەگرم، چونکە ئەوە ئاڕاستە جوانەکەمە لە وێنەگرتندا و بەو جۆرە جوان دەردەچم.
ئاژانس: ڤیدیۆیەکی تۆ کە شووتی دەخۆیت، دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، پێت وا بوو کە ئەو دەنگدانەوەیە درووست بکات؟
ناتالیا: ئەو ڤیدیۆیەم هەر بۆ خۆشی لە سناپچاتەکەی خۆمدا دانا، ئەوەی چاوەڕوانی نەبووم ئەوە بوو کە ڤیدیۆکە بەو جۆرە دەنگدانەوە درووست بکات و بڵاو ببێتەوە.
ئاژانس: چۆن پارێزگاری لە جوانیی جەستە و ڕووخساری خۆت دەکەیت، دەتوانین کێش و باڵات بزانین؟
ناتالیا: بە ڕای من هەموو خانمێک بە شێوازی خۆی جوانە، من هەوڵ دەدەم خواردنی تەندرووست بخۆم و میوە و سەوزە زۆر دەخۆم و لە خواردنی گۆشتیش پارێز دەکەم، من باڵام ١٦٠ سم و بەڵام ناتوانم کێشی خۆمت پێ بڵێم.
ئاژانس: وەک دەزانین هاوسەرەکەت خەڵکی سویدە و کورد نییە، چۆن هاوسەرگیریتان کرد؟
ناتالیا: من هاوسەرەکەمم لەسەر کار ناسی، ئەو بەڕێوهبەری من بوو، بە هۆی کارەوە هەردووکمانیان نارد بۆ یۆنان و پاش ماوەیەک لە کارکردن بە یەکەوە خۆشەویستی لە نێوانماندا درووست بوو، پاشان هاتینەوە بۆ نەرویج و ئێستا لێرە دەژین، ئەو لەبەر من لە سویدەوە هاتە نەرویج، لە کارەکانیشمدا زۆر پشتیوانیم دەکات و زۆرجاریش لە ماڵەوە ئەو خواردن درووست دەکات و زۆر شارەزایە تیایدا.
ئاژانس: تۆ ئێستا دایکی کوڕێکیت، دایکایەتی لای تۆ چی دەگەیەنێت؟ لە کاری ماڵدا چۆنیت؟
ناتالیا: دایکایەتی لای من هەموو شتێکە، کوڕەکەمم لە هەموو شتێک زیاتر خۆش دەوێت، بە گشتیش کاری ناوماڵ دەکەم بەڵام ڕقم لە ئامادەکردنی خواردنە، بەو پێیەی هاوسەرەکەم چێشتلێنەرێکی باشە، بۆیە من خواردن درووست ناکەم.