وەزارەتی پێشمەرگە: سەر بە ئێمە نین و ئاگامان لێیان نییە
ئاژانس – هێمن حەسەن
بەرپرسیارێتیی ناوچە جێناكۆكەكانی سنووری پارێزگای نەینەوا بە هێزێكی ״پێشمەرگەی عەرهب״ دەسپێردرێت، لە كاتێكدا نە بەشدارییان لە ئازادكردنەوەیدا كردووە نە وەزارەتی پێشمەرگەش ئاگای لێیەتی.
دوێنێ سێشەممە 7/2 چەند یەكەیەكی ״پێشمەرگەی عەرەب״ لە ناوچە جێناكۆكەكانی سنووری نەینەوا جێگیر كران كە بەم دواییە لە دەستی داعش ڕزگار كران.
ئەو هێزەی عەرەبەكان كە لەسەر بڕیاری مەسعود بارزانی درووست كراوە، ژمارەیان 2 هەزار كەس دەبێت و لە خولی یەكەمدا 955 چەكداریان مەشق و ڕاهێنانیان تەواو كردووە، بڕیارە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بن.
حەسەن خەلۆ بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە زوممار بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״دوو مانگ پێش ئێستا خەڵكی عەرەبی ناوچەكە داوایان لە جەنابی سەرۆك كرد كە هێزێكیان بۆ درووست بكرێت و خۆیان ناوچەكانی خۆیان بپارێزن، سەرۆك ئەو پێشنیارەی قبووڵ كرد، ئێستاش ئەو هێزە پێك هاتووە و ئامادەن بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانیان لەژێر چاودێریی وەزارەتی پێشمەرگەدا، لە داهاتوودا ئەو هێزە ئەركی پاراستنی ناوچە عەرەبییەكانی دەشتی نەینەوا دەبێت״.
وتیشی: ״ئەگەر ئەو هێزە عەرەبییە پێك نەهێنرایە فرسەت دەهێنرا و هێزی تری وەك حەشدی شەعبی لەو ناوچەیە جێگیر دەكرا، لە بەرانبەر هێزەكانی حەشدی شەعبیدا ئەو هێزەش درووست كراوە״.
ئەو ناوچانەی ئەو هێزە عەرەبەی تێدا جێگیر دەكرێت سنووری ماددەی 140ە و لە ساڵی 2016 لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە ڕزگار كراون.
حەسەن خەلۆ دەڵێت: ״ئەو هێزەی عەرەبەكان بۆ هەمیشەیی لە ناوچەكانی زوممار و ڕەبیعە و ناوچەكانی تر جێگیر دەكرێت و خۆیان هاووڵاتییانی خۆیان دەپارێزن״.
لە بەرامبەردا جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״ئەو هێزە عەرەبە هیچ پەیوەندییەكی بە وەزارەتی پێشمەرگەوە نییە و هیچ ئیمكانییەتییەكمان نییە بۆ كردنەوەی هیچ یەكەیەكی سەربازیی و ئەوانە سەر بە هێزەكانی زێرەڤانیی وەزارەتی ناوخۆن״.
ئەوەش لە كاتێكدایە كە كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ هاوكات وەزیری پێشمەرگەیە بە وەكالەت.