״خەتای ڕیفراندۆم بوو״
ئاژانس
״دەڵێن كەڵەشێر پێش بوومەلەرزە دەخوێنێ، بۆیە من هێناومەتە سەر باڵكۆن بۆ ڕاكردن״، ئەمە یەكێكە لەو وتانەی هاووڵاتییەک کە لە بارەی بوومەلەرزەكەوە لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسیویەتی.
شەوی 12ی تشرینی دووەمی 2017 بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 7.3 زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە و زیانی گیانی و ماددیشی لێ كەوتەوە.
چەند پەیجێكی كۆمیدی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك هەیە، یەكێكیان لە بارەی بوومەلەرزەكەوە نووسیویەتی: ״كەس وەزعی وەكو سجنەكان نەبوو، ئەمشەو حاڵم بە حاڵیان نەبێ، ئەڵێ هاواریان بۆ پۆلیسەكان دەكرد با هەموومان بێینە دەرەوە فریامان بكەون، پۆلیسیش وتوویەتی بابەگیان ئەمە بوومەلەرزەیە خۆ عەفوعام نییە״.
د. ڕێكەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندرووستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی زیانەكانی بوومەلەرزەكەوە ڕایگەیاند، حەوت كەس گیانیان لە دەست داوە و 321 كەسیش بە هۆی ترس و برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەكان كراون.
هاووڵاتییەكی دیكە لە ڕوانگەی ترسان لە مردن و پەیڕەوكردن و پەیوەستبوون بە ئایینەوە توانجی خۆی نووسیوە، ئەو هاووڵاتییە، ناوی سیروان عەلییە، لە پۆستێكدا لە فەیسبووك نووسیویەتی ״ئەمڕۆ مزگەوتەكان قەرباڵغن، نازانم مەسەلە چییە״.
لە دوای تەواوبوونی بوومەلەرزەكەی هەرێم، سەرەتا زانیارییەكان لە بارەی بوومەلەرزە و پرسینی هەواڵی یەكتر لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك گەرم بوو، دواتر دۆخەكە گۆڕدرا بۆ نوكتە و قسەی خۆش لە بارەی بوومەلەرزەكەوە بڵاو كرایەوە.
هاووڵاتییەكی دیكە بوومەلەرزەكەی هەرێمی بەستووەتەوە بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستانەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە ״چەندین جار وتمان ڕیفراندۆم مەكە״.
محەمەد سوڵتانی لە ئەكاونتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی: ״پاش تڕێ خەمشە مرێ.. خەڵكیش دوای بوومەلەرزە دەستی داوەتە تۆبە و دوعاكردن پیف تازە بیرتان كەوتووەتەوە״.
میرزا كەسایەتییەكی قسەخۆشە و بەردەوام لە پەیجی پەیمانگای جەو توانجی خۆی هەیە، ئەویش نووسیویەتی ״بوومەلەرزەكە قەینا، دایكم ئەم حەفتەیە بێتەوە عەمەلیاتی ئەژنۆی بۆ دەكەین ناتوانێ بڕوا، لە پێش منەوە لە كۆڵان بوو ھھھھھھ بەس لەوە تێ ناگەم״.
ئەو وتە و بەسەرهاتانەی لە بارەی بوومەلەرزەكەی شەوی 12ی تشرینی یەكەمی 2017 لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاو كرایەوە، خەندەی خستە سەر لێوی هاووڵاتییان و بەشێك لە ترسی هاووڵاتییانی ڕەواندەوە.
بەشێكی دیكە لە هاووڵاتییان ئەم نووسینانەیان لە پەیج و ئەكاونتی خۆیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسیوە.
״ئۆخەی كچی گەڕەكم بەبێ موكیاج بینی، وەڵا لە برام فەرزترن״، ״خوشكێكم تازە ئایفۆنی هەشتی كڕیبوو، خۆی ڕایكردبوو هاواری ئەكرد ئایفۆنەكەم، ئایفۆنەكەم״.