سازدانى: ئارا ئیبراهیم
نازم ده‌باغ- نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له كۆمارى ئیسلامیى ئێران ئاشكرای ده‌كات كه تا ئێستا هه‌رێم وه‌ڵامى یادداشتێكى لێكتێگه‌یشتنى ئێرانى نه‌داوه‌ته‌وه بۆ هه‌نارده‌ى نه‌وته‌كه‌ى له ڕێگه‌ى ئه‌و وڵاته‌وه و ده‌شڵێت: “نابێت هه‌موو تۆپى هه‌نارده‌ى نه‌وت بخه‌ینه سه‌به‌ته‌ى توركیاوه”.
نازم ده‌باغ له چاوپێكه‌وتنێكى “ئاژانس”ـدا كه له ڕێگه‌ى ته‌له‌فۆنه‌وه له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجام دراوه باس له كاریگهیرى قه‌یرانى دارایى ده‌كات له‌سه‌ر كارى نوێنه‌رایه‌تییه‌كان و ئاشكرای ده‌كات، كه ماوه‌ى (10) مانگه بودجه‌یان بۆ نه‌نێرداوه، داخستنى ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه‌ش كاریگه‌ریى “خراپی” له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و تاران ده‌بێت.
له به‌شێكى تر‌ى چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێم باس له ڕۆڵى قاسم سوله‌یمانى- فه‌رمانده‌ى سوپاى قودسى ئێران ده‌كات له هاوكاریكردنى هه‌رێم و ده‌شڵێت: “هه‌موو سه‌ركرده كورده‌كان خۆشحاڵن له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانى دابنیشن”.
ئاژانس: سه‌ره‌تا له دهنگۆیهكهوه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین؛ زانیاریی ئه‌وه بڵاو بووەته‌وه كه نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێم له ئێران داده‌خرێت، ئه‌م ده‌نگۆیه ڕاسته؟
نازم ده‌باغ: دیاره باس نه‌كراوه داده‌خرێت، باس له‌وه ده‌كرێت كه بیناكه‌مان چۆڵ بكه‌ین، چونكه ماوه‌ى (10) مانگه بودجه‌مان بۆ نه‌هاتووه، به هۆى نه‌هاتنى بودجه‌وه نه‌مانتوانیوه كرێی خانوو بده‌ین، بۆیه داوامان له فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم كردووه ئه‌گه‌ر ئه‌و كێشه‌یه‌مان بۆ چاره‌سه‌ر نه‌كه‌ن ئیمكانه ده‌بێت خانووه‌كه‌مان چۆڵ بكه‌ین و ده‌بێت خانوویه‌كى نوێ به كرێ بگرین، بۆیه چاوه‌ڕێى وه‌ڵام ده‌كه‌ین كه وه‌عدیان داوه ئه‌و كێشه‌یه‌مان بۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
ئاژانس: پێت وایه فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم به یه‌ك چاو مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی حكوومه‌ت ده‌كات له ده‌ره‌وه؟
نازم ده‌باغ: ئه‌م كێشه‌یه كێشه‌ى قه‌یرانى داراییه كه سه‌رجه‌م نوێنه‌رایه‌تییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكوومه‌تى گرتووەته‌وه، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه‌ى تاران ئیشى زیاتره و زووتر كێشه‌كانى ده‌رده‌كه‌وێت، موكینه ئێمه بودجه‌ى مانگى نوێى ساڵى 2015ـمان وه‌رگرتووه، کە نوێنه‌رایه‌تییه‌كانى تر هێشتا وه‌ریاننه‌گرتووه.
ئاژانس: ئه‌وه چۆن؟
نازم ده‌باغ: وه‌كو هه‌موو كارمه‌ندێك كه چارهكهمووچه ده‌ده‌ن یان نیوه‌مووچه ده‌درێت، نوێنه‌رایه‌تییه‌كانى حكوومه‌تیش به هه‌مان شێوه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرفتى گه‌وره‌یه مانگانه 21 هه‌زار دۆلارى جێگیرمان هه‌یه بۆ كرێى خانوو و خه‌رجییه‌كانى ڕۆژانه.
ئاژانس: داخستنى نوێنه‌رایه‌تیى حكوومه‌تى هه‌رێم له تاران كاریگه‌ریی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و ئێران ده‌بێت؟
نازم ده‌باغ: به دڵنیاییه‌وه ڕه‌نگدانه‌وه‌ى خراپى ده‌بێت، چونكه تۆ له كاتێكدا باس له دروستكردنى ده‌وڵه‌تى كوردى و دبلۆماسیه‌تى كوردى و سه‌ربه‌خۆیى ده‌كه‌یت، ئه‌گه‌ر هیچ كارێكیشى نه‌بێت نوێنه‌رایه‌تى له هه‌ر وڵاتێكدا گرنگه، جگه له‌وه‌ى ئێران په‌ناهه‌نده‌ى عێراقى و كوردى لێیه و جێگاى جووڵه‌یه‌كى گه‌وره‌یه له په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیى ئێران‌دا، به تایبه‌ت كارى ڕۆژانه‌ى مه‌رزه‌كانى نێوان كۆمارى ئیسلامیى ئێران و هه‌رێمى كوردستان.
ئاژانس: ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانى كوردستان له لێدوانێكیدا ده‌پرسێت “ئایا كاك نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمه له ئێران یان نوێنه‌ری ئێرانه له هه‌رێم؟” ئێوه بۆچوونتان چییه؟
نازم ده‌باغ: ده‌بێت له سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكوومه‌ت بپرسیت، چونكه هه‌ردووكیان پارتین، به‌ڵام كاك ئومێد له جیاتى ئه‌وه‌ى به دواى نوێنه‌رایه‌تیى حكوومه‌تدا بگه‌رێت، به دواى ئه‌وه‌دا بگه‌ڕێت چ دبلۆماسییهتێك له خزمه‌تى كورددایه، چ نوێنه‌رایه‌تییه‌ك هه‌یه خزمه‌تى كورد بكات ئه‌وه ئه‌ساسه، هۆكارى ئه‌و قسانه‌شى ئه‌وه‌یه كه له هه‌ندێك بۆچووندا له‌گه‌ڵ ئه‌ودا كۆك نه‌بین بۆیه ئه‌و قسانه‌ى كردووه.
ئاژانس: به‌م دواییه خه‌باتی هێزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له دیوی ئێران ده‌ستی پێ كرده‌وه، ئێوه ڕاتان له‌سه‌ر ئه‌و چالاكییانه چییه، هه‌ندێ كه‌س گومان له كاته‌كه‌ى ده‌كه‌ن كه حزبی دیموكرات بۆ ده‌ستپێكردنی چالاكییه‌كانى هه‌ڵیبژاردووه و پێیان وایه ئامانجی تری له پشته‌وه‌یه، بۆچوونی تۆ چییه؟
نازم ده‌باغ: ده‌كرێت له خۆیان بپرسیت.
ئاژانس: باشه هێزه كوردییه‌كانی ئێرانیش مافی ئه‌وه‌یان نییه خه‌بات بكه‌ن؟ بۆچی داوایان لێ ده‌كرێت ڕه‌چاوی بارودۆخی هه‌رێم بكه‌ن؟ ئه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمیش كاتی خۆی سوودی له كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات نه‌ده‌بینی بۆ شه‌ڕی به‌عس؟
نازم ده‌باغ: هێزه‌كانى ڕۆژهه‌ڵات له هه‌رێمى كوردستاندا زه‌مینه‌ى خه‌باتى سیاسى، فه‌رهه‌نگى، كۆمه‌ڵایه‌تى، جێگاى ژیان و جووڵه‌یه‌كى ئازادیان بۆ ڕه‌خساوه، ته‌نها شتێك كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به پێى ڕێكه‌وتنێك كه له‌گه‌ڵ كۆمارى ئیسلامیى ئێران و لایه‌نه‌كاندا كراوه نابێت سه‌رزه‌مینى یه‌كتر به‌كار بهێنرێت بۆ هێرشكردنه سه‌ر لایه‌نه‌كانى تر، واتا سه‌رزه‌مینى هه‌رێمى كوردستان نابێت به‌كار بهێنرێت بۆ دژایه‌تیكردنى كۆمارى ئیسلامیى ئێران، ئه‌و ڕێكهوتنهش له‌و كاته‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دروست بووه بوونى هه‌یه.
كاتى خۆى وه‌ك یه‌كێتى كه خه‌باتمان ده‌كرد باره‌گامان له یاخسه‌مه‌ر، ئاڵووژه، پڵنگان، دۆڵى خۆشناوه‌تى، بالیسان، قاسمه‌ڕه‌ش و له ناوزه‌ند بووه، نه‌ك له‌سه‌ر خاكى ڕۆژهه‌ڵات خه‌باتمان كردبێت دژى به‌عس.
ئاژانس: ده‌وترێت لێدوانی به‌رپرسانی ئێران له‌م دۆسێیه‌دا به‌رامبه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم توند بوو، هه‌ڵوێستی ئێوه چییه؟
نازم ده‌باغ: كۆمارى ئیسلامیى ئێران له ئه‌نجامدانى چالاكى چه‌كداری و تۆپبارانكردن وه‌ڵامى هه‌بووه و ئێمه‌ش ئه‌و په‌یامانه‌ى له حكوومه‌تى هه‌رێمه‌وه بۆمان هاتووه گه‌یاندوومانه به ئێران.
ئاژانس: په‌یامه‌كانى حكوومه‌ت چى بووه؟
نازم ده‌باغ: ئه‌و په‌یامانه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌یه كه ئاماده‌یه له ڕێگه‌ى ئاشتییه‌وه گفتوگۆ و دانوسان بكات بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان، ڕێگاش نادات نه كۆمارى ئیسلامیى ئێران له هه‌رێمى كوردستانه‌وه په‌لامارى بنكه و باره‌گاكانى ئه‌وان بدات، نه ڕێگه‌ى ئه‌و هێزانه‌ش ده‌دات كه بنكه و باره‌گاكانیان له هه‌رێمى كوردستانه و چالاكیى دژى ئێران ئه‌نجام بده‌ن.
ئاژانس: له چاوپێكه‌وتنێكی ئاژانسی (ئانا) ده‌ڵێیت شانازی به قاسم سوله‌یمانییه‌وه ده‌كه‌یت، ئه‌مه وایه؟
نازم ده‌باغ: پرسیاریان لێ كردم له‌سه‌ر حاجى قاسم (فه‌رمانده‌ى سوپاى قودسی ئێران) كه چۆنى ده‌ناسیت، هه‌مو سه‌ركرده كورده‌كان خۆشحاڵن له‌گه‌ڵ سوله‌یمانى داده‌نیشن، منیش نوێنه‌رى ئه‌وان بووم كه له‌گه‌ڵى دانیشتووم، بۆ من كابرایه‌كى كوردى عێراقیم ناتوانم بڵێم شانازى ده‌كه‌م، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم ئه‌و پیاوه هاوكارى و پشتیوانى و دۆستى كورد بووه له عێراق، من ئاوام وتووه.
ئاژانس: به‌ڵام زۆر كه‌س هه‌ن له هه‌رێمى كوردستان ڕای پێچه‌وانه‌یان له‌سه‌ر سلێمانی هه‌یه و پێیان وایه ده‌ست وه‌رده‌داته كاروباری ناوخۆی عێراق و دژایه‌تیی كوردانی ڕۆژهه‌ڵات ده‌كات، له‌سه‌ر ئه‌مه ده‌ڵێیت چی؟
نازم ده‌باغ: تا ئێستا له غه‌یرى دۆستایه‌تى بۆ كوردى عێراق هه‌تا پشتیوانیى كوردى سوریاش هیچ شتێكى ترم لێ نه‌بینیوه.
ئاژانس: ڕۆڵی ئێران چی بووه له هاوكاریی حكوومه‌تی هه‌رێم له شه‌ڕی تیرۆردا؟
نازم ده‌باغ: له ڕۆژى یه‌كه‌مى شه‌ڕى دژى داعشه‌وه هاوكاریى هه‌بووه.
ئاژانس: هێزه‌كانی ئێران له كوێ ئاماده‌ییان هه‌یه بۆ پاڵپشتیی پێشمه‌رگه، ده‌وترێ له ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك جموجۆڵیان زۆره؟
نازم ده‌باغ: له ڕۆژى یه‌كه‌مه‌وه كه پێشمه‌رگه شه‌ڕى داعش ده‌كات كۆمارى ئیسلامیى ئێران ڕاوێژكاریان له كه‌ركوك، زاخۆ، ته‌له‌عفه‌ر و شه‌نگال هه‌بووه و له چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیشدا هاوكاریى كردووه، ته‌نانه‌ت له نامه‌یه‌كدا مه‌سعوود بارزانی سوپاسێكى تایبه‌تى ناردووه بۆ كۆمارى ئیسلامیى ئێران.
ئاژانس: قاسم سوله‌یمانى ڕۆڵى هه‌بوو له‌وه‌ى داعش له هه‌ولێر نزیك نه‌بێته‌وه كاتێك له ساڵى 2014ـدا شارى مه‌خموورى كۆنتڕۆڵ كرد؟
نازم ده‌باغ: من نازانم ئه‌و نه‌یهێشتووه یان هێزى تر، به‌ڵام یه‌كه‌م هێزى پێشمه‌رگه‌ى قاره‌مان توانیویەتى به‌رگرى بكات، یه‌كه‌م وڵاتیش كه یارمه‌تیى هه‌رێمى كوردستانی دا له‌و ڕۆژانه‌دا له هه‌ولێر كۆمارى ئیسلامیى ئێران بووه، كه بە چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى یارمه‌تییانی دا، قاسم سوله‌یمانى به‌رپرسى هه‌موو سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێرانه به‌بێ ئه‌و هیچ شتێك له‌و چالاكییانه ئه‌نجام نادرێت.
ئاژانس: ئاستی په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كانی ئێران و هه‌رێم گه‌یشتووەته كوێ و چی نوێ هه‌یه له باره‌ی مه‌رزه‌كانه‌وه؟
نازم ده‌باغ: مه‌رزێكى نوێى سه‌یران به‌ن كراوه‌ته‌وه له نێوان ئێران و هه‌رێمى كوردستاندا، كه جووڵه‌ى بازرگانیى باشه و په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كان به‌ره‌و باشتر ده‌ڕوات.
ئاژانس: بڕیار بوو ئێران قه‌رز بداته هه‌رێم، ئه‌وه چی به‌سه‌ر هات؟
نازم ده‌باغ: بڕیار نه‌بوو قه‌رز بدات، به‌ڵام بڕیار بوو ئه‌و كۆمپانیا ئێرانییانه‌ى ئیشیان بۆ حكوومه‌تى هه‌رێم كردبوو كۆمارى ئیسلامیى ئێران خۆى پاره‌كه‌یان بداته‌وه و دواتر حكوومه‌تى هه‌رێم له برى ئه‌وه نه‌وت بداته‌وه به ئێران، قسه كراوه له‌سه‌رى به‌ڵام ڕێكه‌وتن نه‌كراوه تا ئێستا.
ئاژانس: گفتوگۆیه‌كی جددی هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رێم بۆریی نه‌وت بۆ ئێران ڕاكێشێت، بۆچی ئێستا زۆر باسی ئه‌و بابه‌ته ناكرێت و به كوێ گه‌یشتووه؟
نازم ده‌باغ: ئه‌وه‌ى لاى ئێمه بووه ته‌واو بووه له‌سه‌ر وردهكاریى ماوه، ته‌ها زه‌نگه‌نه وه‌كیل وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كان تێگهیشتننامهكهى بردووەته‌وه بۆ هه‌رێمى كوردستان كه وه‌عد وا بوو له ماوه‌ى مانگێكدا وه‌ڵامى ئه‌و نامه‌یه بداته‌وه به كۆمارى ئیسلامیى ئێران، بۆ ئه‌وه‌ى واژۆ بكرێت، به‌ڵام تا ئێستا وه‌ڵامیان نه‌داته‌وه.
ئاژانس: زانیاریتان هه‌یه كه‌ى ده‌ست پێ ده‌كرێت؟
نازم ده‌باغ: ئه‌وه ده‌بێت وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كان باسى بكات كه ڕاكێشانى ئه‌و بۆرییه كاتى چه‌ندێك ده‌وێت، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه یه‌كه‌م سوودى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت كه ڕێگه‌یه‌كى تر‌ى ده‌بێت بۆ ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌وته‌كه‌ى، له‌و ڕۆژه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان نه‌وتى به‌رهه‌م هێناوه له ڕێگه‌ى تانكه‌ره‌وه نه‌وت ڕه‌وانه‌ى ده‌ره‌وه كراوه- له ڕێگه‌ى ئێرانه‌وه. له‌و ڕۆژه‌وه‌ى نه‌وتى خاو له شیواشۆك ده‌رده‌چێت نه‌وتى خاو له ڕێگه‌ى تانكه‌ره‌وه ده‌ڕوات بۆ ئێران، ڕۆژانه به سه‌دان ته‌نكه‌ر ده‌ڕوات، ڕێگه‌كه‌ى نزیكتره و خه‌رجیى كه‌متره و هه‌موو تۆپهكانیشمان له سه‌به‌ته‌ى توركیادا نابێت، ئه‌وه له قازانجى هه‌رێمى كوردستاندایە.
ئاژانس: ڕای ئێران چییه له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنی یه‌كێتی و گۆڕان؟
نازم ده‌باغ: ئه‌وه‌ى من هه‌ستى پێ ده‌كه‌م هه‌موو تهباییهكى له هه‌رێمى كوردستاندا پێ باشه، چونكه نائارامى كاردانه‌وه‌ى ده‌بێت بۆ ئێران.
ئاژانس: ده‌وترێت ئێران ئه‌ندازیاریی ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌یه، ئه‌وه ڕاسته؟
نازم ده‌باغ: من ئاگادارى ئه‌وه نیم ئێران ئه‌ندازیاریى ئه‌و ڕێكه‌وتنه بێت، ده‌كرێت له‌وانه بپرسى كه ڕێكهوتنهكهیان كردووه.
ئاژانس: ئێران ده‌توانێ چ ڕۆڵێكی هه‌بێت بۆ باشكردنی گوزه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان، ئایا هیچ گوشارێك له ئێرانه‌وه هه‌بووه بۆ سه‌ر حكوومه‌تی عێراقی هه‌تا به‌شه‌بودجه‌ی كوردستان بدات؟
نازم ده‌باغ: ئێران ئه‌منیه‌تى عێراق و هه‌رێمى كوردستانى پێ گرنگه چ له به‌غدا یان له هه‌رێمى كوردستان و بوونى كێشه‌كان كێشه بۆ ئێران دروست ده‌كات، بۆیه به‌رده‌وام لایه‌نگرى چاره‌سه‌رى كێشه‌كان ده‌كات له نێوان هه‌رێم و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنیان.