ڕاپێچكردنی پەرلەمانتارانی هەدەپە بۆ زیندان مێژووی دەستگیركردنی نوێنەرانی كوردی لە باكوور چەندبارە كردەوە
هێمن پشدەری – ئاژانس
دەستگیركردنی سەرۆك و ئەندامانی پەرلەمانی توركیای سەر بە پارتی دیموكراتی گەلان ״هەدەپە״ هاوكێشەی سیاسیی باكووری كوردستانی ئاڵۆزتر كرد و مێژووی دەستگیركردنی نوێنەرانی كوردی لەو بەشەی كوردستان چەندبارە كردەوە.
گەشەی سیاسی و پێگەی جەماوەریی هەدەپە گەیشتووەتە ئاستێك كە پارتی داد و گەشەپێدان ״ئەكەپە״ مەترسیی لێ نیشتووە، ״ئەگەر ئێستا بەربەستێك لە پێش ئەو پێشكەوتنانەی كورد لە باكووری كوردستان دانەنرێت ئەوا ئەكەپە لە داهاتووی توركیادا پێگەی لاواز دەبێت״ ئەمە قسەی ئەردۆگانە كە مانگی ڕابردوو لە كۆبوونەوەی پارتەكەیدا وتوویەتی.
دەستگیركردنی سەركردەكانی هەدەپە
بەرەبەیانی 4/11/2016 هێزێكی پۆلیسی توركیا هەڵیانكوتایە سەر ماڵی هاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتی گەلان سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ و 9 پەرلەمانتاری دیكەشیان دەستگیر كرد كە پێك هاتبوون لە ئیدریس بالوكان، گولسەر یەڵدرم، نورسەل ئایدۆغان، لەیلا بیرلك، سەلما ئیرماك، فەرهاد ئەنجوو، عەبدوڵڵا زیائەدین، سری سورهیا ئۆندهر و زیا پیر پەرلەمانتارانی ئەو پارتە.
ژمارەیەك پەرلەمانتاری هەدەپە لە لایەن دادگاوە بە مەرجی چاودێریكردن بڕیاری ئازادكردنیان بۆ دەركراوە، ئەوانیش هەریەكە لە: سری سورەیا ئۆندەر، زیا پیر، ئیمام تاشچەر، ئەمانە لەژێر چاودێریدا دەمێننەوە تا ئەو كاتەی دادگا بانگهێشتیان دەكات بۆ لێكۆڵینەوە و تۆمەتی ئەو پەرلەمانتارانەش هەوڵدان بووە بۆ نانەوەی ئاژاوە لە تورکیادا.
ژمارەیەك پەرلەمانتاری دیكەی هەدەپە كە بە هۆی ئەوەی لە دادگا ئامادە نەبوون، دادگا بڕیاری دەستبەسەركردنی بۆ دەركردوون، ئەوانیش: فەیسەڵ ساری یەڵدز، توبا هەزەر، نهاد ئاكدۆغان، لە ئێستادا پۆلیس بە شوێنیاندا دەگەڕێت دەستگیریان بكەن.
مێژووی دەستگیركردنی پەرلەمانتارانی كورد لە توركیا
لە 2/3/1994ـدا، پۆلیسی توركیا 12 پەرلەمانتاری كوردی باكووری كوردستانی بە تۆمەتی ئەندامبوون و هاوكاریكردنی پەكەكە دەستگیر كرد و حەسانەی پەرلەمانتارییان لێ سەندرایەوە، ئەوەش یەكەم جار بوو پەرلەمانتارانی كورد لە پەرلەمانی توركیا دەستگیر بكرێن.
هەروەها لە 3/3/1994 هەریەكە لە پەرلەمانتاران لەیلا زانا و خەتیب دیجلە و سەلیم ساداك و ئۆرهان دۆغان دەستگیر كران و سزای 15 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا و لە ساڵی 2004ـدا ئازاد كران.
لە ساڵی 1994ـەوە تا ئێستا 6 پارتی كوردی لە باكووری كوردستان بە تۆمەتی هاوكاریكردن و لایەنگری بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان مۆڵەتیان لێ سەنراوەتەوە و داخراون و بەشێكی زۆری سەركردەكانیشیان تا ئێستا لە زینداندان و بەشێكیان ئازاد كراون و پارتی ڕەنجی گەل یەكەمین پارت بوو كە لە ساڵی 1993 بە هەمان تۆمەت داخرا.
ههروهها ساڵی 2009، به تۆمهتی پهیوهندی لهگهڵ پهکهکه، دادگای دهستووری تورکیا بڕیاری قهدهغهكردنی پارتی كۆمهڵگهی دیموكراتی (دهتهپه)ی دهركرد و بۆ ماوهی 5 ساڵ سیاسهتکردنی له ئهحمهد تورک قهدهغه کرد و حهسانهی پهرلهمانتاری لێسهندهوه.
ئەمە جگە لە دەستگیركردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری گشتیی پارتی كرێكارانی كوردستان لە ساڵی ١٩٩٩ كە بۆ ماوەی ١٧ ساڵە لە زینداندایە.
ئامانجی ئەكەپە لەو هەنگاوە
بەرپرسانی هەدەپە و كۆما جڤاكێن كوردستان ״كەجەكە״ ئاشكرای دەكەن، ئامانجی ئەردۆگان، سەرۆککۆماری تورکیا لەو هێرشانە بۆ ״لەناوبردنی كوردە.״
سەرحەد ڤارتۆ، بەرپرسی پەیوەندییەكانی كەجەكە بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەردۆگان و ئەكەپە سنووریان بەزاندووە و ئامانج لەو هێرشانە لەناوبردنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردە لە هەر چوارپارچەی كوردستاندا.״
ڤارتۆ جەختیش دەكاتەوە كە ئەوان خەباتی خۆیان لە دژی توركیا فراوانتر دەكەن كە نەك هەر لە لایەن پەكەكە و هەپەگەوە، بەڵكو دەبێت گەلی كورد لە پارچەكانی دیكەی كوردستانیش فراوانتر بكەن.
پێش دەستگیركردنی هاوسەرۆك و پەرلەمانتارانی هەدەپە، شەوی 25ـی تشرینی یەكەمی 2016، هێزە ئەمنییەكانی توركیا (گوڵتان كشاناك) و (فرات ئانلی) هاوسەرۆكانی شارەوانیی ئامەد و (ئایلا ئاكات) وتەبێژی كۆنگرەی ژنانی ئازادییان دەستگیر كرد و دواتر دادگا سزای زیندانیكردنی بۆ دەركردوون و بڕیارە بە تۆمەتی ئەندامییەتیان لە پەكەكەدا دادگایی بكرێن، ئەمە سەرەڕای دەستگیركردنی زیاتر لە ٣٠ سەرۆك شارەوانی و ئەو پرۆسەیەش بەردەوامە.
محەمەد ئاكتار، پارێزەری هاوسەرۆك شارەوانییەكانی ئامەد بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، دادگا تۆمەتی ئاڕاستەی هاوسەرۆكانی شارەوانی كردووە و وتەشی لێ وەرگرتوون، لە ئێستادا بڕیاری زیندانیكردنیان دەركراوە.
پارێزەری هاوسەرۆك شارەوانییەكانی ئامەد ئاشكراشی دەكات كە پێش ئەوەی هاوسەرۆك شارەوانییەكانی ئامەد دەستگیر بكرێن دەوڵەت ئامادەكاریی تەواوی كردووە، چونكە بە وتەی خۆی زیندانەكەی بینیوە و زیندانەكەیان بۆ ئامادە كراوە.
هەروەها ئادەم گیڤیری، پەرلەمانتاری هەدەپە لە پەرلەمانی توركیا، بۆ ״ئاژانس״ی ڕوون كردەوە، ئەكەپە و ئەردۆگان هیچ ڕێگەیەكیان بۆ پێكەوەژیانی گەلی كورد و تورك نەهێشتووەتەوە و هەموو ڕێگایەكیشیان بۆ پڕۆسەی ئاشتی لەناو بردووە.
هەدەپە لە توركیادا
هەدەپە سیستەمی هاوسەرۆكایەتی پەیڕەو دەكات، بەو پێیە پارتەكە سەرۆكێكی پیاو و سەرۆكێكی ژنی هەیە لە كاتی بەستنی كۆنگرەدا ھەڵدەبژێردرێن، لە كاتی دامەزراندی ئەم پارتەوە تا ئێستا سێ جار گۆڕانكاری لە هاوسەرۆكایەتی كردووە، واتە 6 كەس سەرۆكایەتیی ئەو پارتە كوردییەی كردووە.
ھەدەپە یەكەمین جار وەكو پارتێكی كوردی بە شێوەیەكی ڕێكخراو لە ھەڵبژاردنە ناوچەییەكانی توركیا ساڵی 2014 بەشداریی كرد و هەر لە هەمان ساڵدا سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ سەرۆكایەتیی كۆماری ئەو وڵاتە لە بەرانبەر ڕەجەب تەیب ئەردۆگان خۆی كاندید كرد، هەرچەندە دەزانرا كە لە بەرانبەر ئەردۆگان دەرناچێت، بەڵام بۆ كورد هەنگاوێكی گرنگ بوو.
بۆ جاری سێیەم هەدەپە بەشداریی هەڵبژاردنی مانگی حوەزیرانی ساڵی 2015ـی پەرلەمانی توركیای کرد، توانی بەربەستی 10%ـی هەڵبژاردن ببڕێ و بگاتە ڕێژەی لە 13%، لە ئێستادا 59 كورسیی لە پەرلەماندا هەیە.
هەدەپە لە ١٥ـی تشرینی یەكەمی 2012 لە ئەنقەرە لە لایەن چەند كوردێكی چەپڕەوی ناسراوی باكووری كوردستانەوە دامەزراوە و سێ لە كەسە دیارەكانی ئەو پارتە پێشتر لە پارتی ئاشتی و دیموكراسی (بەدەپە) بوون كە لە لایەن توركیاوە مۆڵەتی لێ سەندرایەوە.
حزبەكانی باشوور ئیدانەی ڕووداوەكە دەكەن
حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئیدانەی ئەو هەوڵەی توركیا دەكەن بۆ دەستگیركردنی هاوسەرۆك و پەرلەمانتارانی كورد لە توركیا.
سەعدی ئەحمەد پیرە، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، ئەم كارەی توركیا كاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر ژیانی پێكەوەیی لەو وڵاتە و ئەو هەوڵە بێبایەخكردنی پەرلەمانە.
لەو كاتەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا كۆتایی پێ هات، هەدەپە مەترسیی داخستنی لەسەرە و جگە لە دەستگیركردنی هەزاران ئەندام و سەركردە و كەسانی سەر بەو پارتە، هاوكات بە ئاشكرا هەڕەشەی سەندنەوەی مۆڵەتی كاركردنیان لە هەدەپە كردووە.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكێتیی تەئكید لەوە دەكاتەوە كە ئەو عەقڵییەتەی لە توركیا ئێستا حوكم دەكات عەقڵییەتی توندوتیژییە و پێویستە كۆتایی بەو عەقڵییەتە بهێنرێت و دەڵێت: ״هەموو دەرگایەكی بە ڕووی ئاشتیدا داخستووە و توركیا گەڕاوەتەوە بۆ سەدەی ڕابردوو.״
هاوكات شۆڕش حاجی، وتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت كە دەستگیركردنی پەرلەمانتارانی كورد پڕۆسەی ئاشتی لە توركیادا ئەوەندەی تر دوور دەخاتەوە.
وتەبێژەكەی گۆڕان بە ״ئاژانس״ی وت: ״پێمان وایە ئەم هەنگاوانەی ئەكەپە و ئەردۆگان دەینێن لە دژی هەپەدە دەرگاكان بە ڕووی پڕۆسەی ئاشتی دادەخات و هەموو لایەك لە مێزی گفتوگۆ دوور دەخاتەوە.״
لای خۆشیانهوه هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکگرتوو، کۆمەڵی ئیسلامی و سەرجەم لایەنەکانی تر ئیدانەی ئەو کارەیان کرد.
تۆمەتەكانی سەر هەدەپە
هەموو ئەو كەسانەی لە دوای ساڵی 1985ـەوە زیندانی كراون یانیش تیرۆر كراون، لە لایەن دەوڵەتی توركیاوە بە هاوكاریكردن و ئەندامبوون لە پەكەكە زیندانی كراون، حكوومەتی توركیا هەدەپە بە بەشێك لە پەكەكە دەزانێت.
دادگای توركیا تۆمەتی بوونی پەیوەندییان بە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە خستووەتە پاڵ ئەو پەرلەمانتار و سەرۆك شارەوانییانە و بەرپرسانی دیكەی كوردی باكووری كوردستان، بەڵام تا ئێستا دادگا هیچ بەڵگەیەكی ڕوونی لەبەر دەستدا نییە بۆ سەلماندنی ئەم تۆمەتە.
ئادەم گیڤیری، پەرلەمانتارەكەی هەدەپە دەشڵێت: ״ڕاستە تۆمەتی هاوكاریكردنی پەكەكە ئاڕاستەی پەرلەمانتار و شارەدارییەكان كراوە، بەڵام ئەمە دژایەتیی گەلی كورد و لەناوبردنیەتی، چونكە ئەمە لە دوو پارچەی كوردستان توركیا هێزی جێگیر كردووە و دژی دەستكەوتەكانی گەلی كوردە.״
دەستگیرکردنی ئەو پەرلەمانتارانە لە لایەن پۆلیسەوە لە کاتێکدا بووە کە پێشتر بە مەبەستی وتەلێوەرگرتن بانگهێشت کراون بۆ بەردەم دادگا و نەچوون.
هەروەها ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە جەخت لەوە دەكاتەوە ئەگەر دەوڵەتی ئەكەپە ئەو سەركردانەی كورد ئازاد نەكات توركیا ئارامی بە خۆیەوە نابینێت و ژیانێكی تر لە توركیا دەست پێ دەكات كە لە بەرژەوەندیی ئەردۆگان و پارتەكەیدا نابێت.
لە ساڵی 1979ـدا ژمارەیەك سەركردەی پەكەكە كە دەستەی دامەزرێنەر بوون، لەوانە مەزڵوم دۆغان و محەمەد خەیری و كەمال بیر و عەلی چیچەك و عەگید یەڵماس دەستگیر كران.
بە پێی ئەو ئامارانەی ״ئاژانس״ لە چەند ناوەندێكی كوردی لە باكووری كوردستان وەری گرتوون، لە ساڵی 1980ـوە بۆ ساڵی 1984 نزیكەی 20 هەزار كەسایەتیی كورد لە ئاستی جیاواز لە لایەن دەسەڵاتی ئەوكاتەی توركیاوە بە شێوازی جیاواز شەهید كراون.
له ئێستاداو دوای ئهو ههوڵه دهستگیرکرنهی تورکیا گرتوویهتییه بهر، ههدهپه کارهکانی خۆی له پهرلهمانی تورکیا ههڵپهساردووه.
ئهم ڕووداوانهی له تورکیا ڕوویان دا، کاردنهوهی جیهانی گهورهی بهدوای خۆیدا هێنا و زۆرێک له وڵاتان ئیدانهی کارهکهیان کرد، هاوکات بهشێکی زۆری میدیا جیهانییهکان ئهو ههوڵهی تورکیایان به کودهتا بۆ سهر ههدهپه له قهڵهم داو بهشێکیان ئۆردۆگانایان وهک ״دیکتاتۆر״ لهقهڵهم داو سهڵاحهدین دهمیرتاشیش وهک ״ئۆبامای کوردی״ ناوی هێنراوه.