فەرمانداری گشتیی یەپەژە: ئەو ڕووداوانەی لە سوریا ڕوو دەدەن دەستی ئێرانیان تێدایە
سازدانی: هێمن پشدەری
نەسرین عەبدوڵڵا، فەرمانداری گشتیی یەكینەكانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەیانەوێت سێ كانتۆنەكەی ڕۆژئاوای كوردستان لە یەك بدەن. فەرمانداری گشتیی یەپەژە لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ ״ئاژانس״، هێما بۆ ئەوە دەکات، گەورەترین هەڵەی هاوپەیمانان ئەوە بووە کە ڕێگەیان داوە تورکیا بچێتە جەرابلووسەوە، چونکە ئەو پێی وایە تورکیا دەیەوێت ئەو قەتڵوعامەی لە باکوور دەیکات لە ڕۆژئاواش بیکات.
ئاژانس: هۆكاری ئاڵۆزییەكانی هێزە كوردییەكان و سەربازانی ڕژێمی سوریا چی بوو؟
نەسرین عەبدوڵڵا: ڕژێم ئینكاریی لە بوونی گەلی كورد دەكرد، دەیەوێت گەلی كورد لە خزمەتی ئەواندا بێت و لە ناسنامەی خۆمان وەك مرۆڤ بێبەش بین، تا ئێستا ڕژێمی سوریا دانی نەناوە بە مافی گەلی كورددا و ئامادەش نییە دان بە گەلی كورددا بنێت، جا بۆیە ئەگەر شەڕ و پێكدادان لە نێوان ئێمە و ڕژێم درووست دەبێت هۆكارەكەی ئەوەیە كە ئەوان خۆیان لەو ڕاستییانە دەدزنەوە، هەتا ئێستاش گەلی سوریا بە كوردیشەوە لەسەر دەستی ڕژێم ئازار دەكێشێت و چارەسەریش نەكراوە، چونكە سوورە لەسەر دەسەڵاتداری و بەرژەوەندیی خۆی، هەروەها سوورە لەسەر دیكتاتۆربوونی خۆی، لەبەر ئەوە شتێكی ئاساییە شەڕ و پێكدادان لە نێوان هەردوولا درووست ببێت.
ئاژانس: یەپەگە و یەپەژە چەندیان ماوە عەفرین و كۆبانی بە یەكەوە ببەستنەوە؟
نەسرین عەبدوڵڵا: ئێستا لە ناوچەكانی عەفرین شەڕی قورس هەیە، بەتایبەت لە دژی ئەو هێزانەی كە توركیا پشتیوانییان دەكات، ڕۆژانە خەڵكی مەدەنی دەكوژرێت، ئامانجش ئەوەیە كە عەفرین داگیر بكرێت، بۆیە لە ئێستادا هێزی خۆپاراستن لەو ناوچەیە بەرەوپێش دەڕوات، چونكە گەلی ئێمە بە یەكخستنی ئەم سێ كانتۆنە دەتوانن درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو مەودایەی لە نێوان كۆبانی و عەفرین هەیە هەندێك پێشكەوتنی سەربازی هەیە، چەند گوندێك كۆنتڕۆڵ كراونەتەوە، بەڵام هێشتا مەسافەیەك لە نێوان ئەو دوو كانتۆنە ماوەتەوە و تێكۆشان بۆ ئازاكردنی بەردەوامە.
ئاژانس: لەشكركێشیی توركیا بۆ جەرابلووس چی لە دۆخی سوریا گۆڕی؟
نەسرین عەبدوڵڵا: بێگومان قەیرانی سوریای ئاڵۆزتر كرد، ئەو بەرنامە و چارەسەرانەی بۆ سوریا دانرابوون بەم لەشكركێشییەی توركیا چارەسەرەكەی دوورتر خستەوە، توركیا بەم كارەی سەروەریی خاكی سوریای پێشێل كرد و مافی نەتەوەكانیشی پێشێل كرد، بەداخەوە هیچ هێزێك نیگەرانیی خۆی بۆ ئەم لەشكركێشییەی توركیا دەرنەبڕی، بەڵكو بە ڕێككەوتن لەگەڵ چەند لایەنی دەرەكیی توركیا توانی خۆی بخزێنێتە ناو خاكی سوریا و لەشكركێشی بكات.
ئاژانس: تا چەند هاوپەیمانان ڕۆڵیان هەبووە لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان یەپەگە و توركیا؟
نەسرین عەبدوڵڵا: هاوپەیمانان ڕۆڵێكی گرنگ دەبینن، چونكە ئەوان هێزێكی گەورە و كاریگەرن ئەگەر بیانەوێت ڕۆڵێگی گەورە دەبینن، بەڵام بە بڕوای من گەورەترین هەڵە كە هاوپەیمانان كردیان ئەوە بوو كە ڕێگەیان بە توركیا دا بچێتە جەرابلووس، چونكە توركیا ئامانجی ئەوە نییە سنوورەكانی بپارێزێت، بەڵكو دەیەوێت سوریا داگیر بكات، بۆ داگیركردنی تاسەر، نەك داگیركردنێكی كاتی و بگەڕێتەوە، ئەو دەیەوێت بۆ یەكجاری سوریای داگیر بكات، ئەمە هەڵەیەك بوو هاوپەیمانان كردیان، چونكە توركیا دووسەد ساڵە دژایەتیی گەلی كورد دەكات و لە هیچ پارچەیەكی كوردستانیش نایەوێت كورد بگات بە ئامانجی خۆی، ئەو قەتڵوعامەی لە باكووری كوردستان ئەنجامی دەدات دەیەوێت لە ڕۆژئاوای كوردستانیش ئەوە بكات، جگە لە دژایەتیكردنی گەلی كوردیش ئەردۆگان دەیەوێت خەونی دەوڵەتی عوسمانی جێبەجێ بكات بە داگیركردنی سوریا، ئێمەش هیوادارین هاوپەیمانان هەوڵەكانیان بخاتە گەڕ و چارەسەری ئەم كێشەیە بكات.
ئاژانس: ڕۆژنامە جیهانییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە تا ئێستاش داعش لەناو جەرابلووسە ئێوە دەڵێن چی؟
نەسرین عەبدوڵڵا: توركیا بۆ لێدانی داعش نەهاتووەتە سوریا، چونكە توركیا خۆی داعشی ناردووەتە سوریا و هاوكاریی كردووە، ئێمە سێ ساڵە ئەم قسەیە دەكەین، بە بەڵگەشەوە كردوومانە، داعش خۆی بەهێز بكات یان هەر خاكێك داگیر بكات بە هاوكاریی توركیا كردوویەتی، بۆ ئەوەش سەدان بەڵگە لەبەردەستدان، بەڵگەمان هەیە هێشتا داعش لەناو جەرابلووسە جلوبەرگی خۆیان گۆڕیوە و جلی مەدەنییان لەبەر كردووە، ڕیشی خۆیان تاشیوە و لەگەڵ سەربازانی تورك لە پەیوەندیدان، گەلێك بەڵگەمان هەیە و دەیخەینە بەردەم كۆمەڵگەی نێودەڵەتی.
ئاژانس: دەتوانن ڕووبەڕووی توركیا ببنەوە؟
نەسرین عەبدوڵڵا: ئێمە خاوەن ئیرادەیەكی بەهێزین، لە بەرانبەر چەتەكانی داعش و هاوشێوەكانی بەرگریمان كرد و سەركەوتین، توانیمان لە هەموو ئۆپەراسیۆن و هێرشێكدا سەركەوین، لە بەرانبەر توركیاش هەر سەردەكەوین، كێ هێرشمان بكاتە سەر وەڵامی دەدەینەوە و خۆمان دەپارێزین.
ئاژانس: هیچ پەیوەندییەكتان لەگەڵ ئێران هەیە لەناو خاكی سوریا؟
نەسرین عەبدوڵڵا: نەخێر هیچ پەیوەندیمان لەگەڵ ئێراندا نییە، ئێرانیش وەك هێزێكی داگیركەر ئەویش دەیەوێت جێگەی خۆی بكاتەوە، ئەویش لە دژی گەلی سوریا شەڕ دەكات، كەواتە ئێمە چۆن بچین پەیوەندی لەگەڵ هێزێك درووست بكەین لە دژی گەلی سوریا شەڕ بكات، ئەگەر پەیوەندی لەگەڵ ئەوان درووست بكەین مانای ئەوەیە دوژمنایەتیی هەموو گەلی سوریا دەكەین، گەلی كوردیش دژی ئەوەیە دوژمنایەتیی گەلی سوریا بكرێت، ئێرانیش دوژمنایەتیی گەلی كورد دەكات، هەتا ئەو هێرشەی لە حەسەكە كرایە سەر گەلی ئێمە دەستی ئێرانی تێدا بوو، چۆن دەستی سوریا و توركیای تێدا بوو، چونكە پیلانێكی هاوبەش بوو، بۆیە هەموو ئەو ڕووداوانەی ڕوو دەدەن لە سوریا دەستی ئێرانی تێدایە بە هێرشی سەر جەرابلووسیشەوە.
ئاژانس: بە بڕوای تۆ ئێران چی دەوێت لە سوریا؟
نەسرین عەبدوڵڵا: چۆن ئەردۆگان دەیەوێت دەوڵەتی عوسمانی زیندوو بكاتەوە، ئێرانیش دەیەوێت دەوڵەتی سەفەوی زیندوو بكاتەوە، ئامانجی ئەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ببێتە هێزێكی سەرەكی، دەیەوێت نفووزی خۆی لە ڕووی جوگرافی و سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە بەرێتە پێشەوە، ئێران وای لە سوریا كرد كە ڕژێم تەسلیمی داواكاریی دیموكراتییانەی گەلی سوریا نەبێت، لە هەر جێگەیەك لە سوریا شەڕی قورس بەڕێوە دەچێت و خەڵكی زۆر دەبێتە قوربانی لەو جێگەیە سەربازی ئێرانیی لێیە، ئێران پانزە هەزار سەربازی ڕەوانەی سوریا كردووە و لە دژی گەلی سوریا بەكاری دەهێنێت، هاتنی ئێران بۆ سوریا هاتنێكی ستراتیژییە و درێژخایەنە، بۆ كاركردنە لەسەر شیعە لە سوریا و بۆ زیادكردنی هەیمەنەی شیعەیە، تا كۆیان بكاتەوە و دەوڵەتۆكەیەكی بچووكی لێ درووست بكات، دەیەوێت پارچەیەك لە سوریا جیا بكاتەوە و شیعەكان بەڕێوەی بەرن، ئەوەش بۆ درووستكردنی فیتنەیە لە نێوان سوننە و شیعەدا لە ناوچەكە.
ئاژانس: ڕۆڵی ڕوسیا چییە لە كێشەكانی نێوان یەپەگە و ڕژێمی سوریادا؟
نەسرین عەبدوڵڵا: ڕوسیا خاوەنی كاریگەرییەكی مەزنە لەسەر سوریا، هێزێكە ئەگەر هەوڵی بخاتە ڕوو دەتوانێت جێبەجێی بكات، ئەگەر بیەوێت قەیرانی سوریا كورت بكاتەوە و كۆتایی بێت دەتوانێت ئەوە بكات، ئەگەر هەوڵ بدات كێشەی ئێمە و ڕژێم چارەسەر بكات پێی دەكرێت، بەڵام ڕوسیا نایەوێت گرژی هەبێت لە نێوان ئێمە و ڕژێمدا، دەیەوێت هەم كورد هەم ئەو هێزانەی نوێنەری ڕاستەقینەی گەلی سوریا بەشدار بن لە دیموكراتیكردنی داهاتووی سوریادا و بەو هێزانەش قەیرانی سوریا چارەسەر بكات، واتە ڕوسیا دەتوانێت قەیرانی سوریا چارەسەر بكات ئەگەر خۆی مەبەستی بێت و بیەوێت، ڕووسیا كەوتە بەینی ئێمە و ڕژێمەوە، نەیهێشت شەڕی حەسەكە فراوانتر بێت، ڕۆڵی ئەرێنیی خۆی هەبوو، ئێمە وەكو زەمانیش ڕووسیامان گرت كە جارێكی تر گرژی درووست نەبێتەوە.
ئاژانس: بە بڕوای تۆ ڕوسیا ئاگاداری چوونەناوەوەی توركیا بوو بۆ جەرابلووس؟
نەسرین عەبدوڵڵا: هاتنی توركیا بۆ جەرابلووس بەبێ ئاگاداریی ڕوسیا و ئەمەریكا و هاوپەیمانان نەبووە، چونكە هاوپەیمانان خۆشیان هاوكاری سوپای توركیا بوون، ڕوسیاش بێئاگا نەبوو لەم مەسەلەیە، بەڵام ئەو قەتلوعامەی توركیا لە جەرابلووس دەیكات بەرپرسیاریەتیی دەكەوێتە سەر ئەوانەی ڕێگەیان پێ داوە بچێتە جەرابلووسەوە، بۆیە پێویستە ئەو لایەنەی ڕێگەی بە توركیا داوە بچێتە جەرابلووس، ڕێگە نەدات چیتر گەلی سوریا قەتڵوعام بكرێت لەسەر دەستی دەوڵەتی تورك.000