٩٠%ی کێڵگە نەوتییەکانی سوریا لەژێر دەستی هەسەدەدان
ئاژانس
کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ٩٠%ی نەوتی سوریا و ٤٥%ی گازی سروشتیی لەژێر دەستدایە و دوای هێرش و پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەریان، دەیانەوێت نەوت بکەنە کارتێکی گرنگ و بەهێزی دەستیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە سوریادا.
ڕۆژئاواى کوردستان دەوڵەمەندە بە سامانى نەوت و زۆرینەى نەوتى سوریا کەوتووەتە هەردوو پارێزگاى دێرەزوور و حەسەکە، کە ئیستا هەردووکیان لەژێر کۆنتڕۆڵى هێزەکانى سوریاى دیموکرات ״هەسەدە״دان، بە پێى نوێترین ئاماریش کە دەست ״ئاژانس״ کەوتووە، لە ئێستادا هەسەدە لە ٩٠%ى کیڵگە نەوتییەکان و لە ٤٥%ی گازى سروشتیی سوریای لەژێر دەستدایە.
״کێڵگەى عومەر״ کە لە پارێزگاى دێرەزوورە بە گەورەترین کێڵگەى نەوتی سوریا دادەنرێت، دواى ئەو کێڵگەى ״تەنەک״ دووەم گەورەترین کێڵگەى نەوتى سوریایە، کە ئەویش لە هەمان پارێزگایە و لە لایەن هەسەدەوە سەرپەرشتى دەکرێت. هاوکات ١٥ کێڵگەى نەوتیى دیکەش هەر لە پارێزگاى دێررەزووردان، کۆى نەوتى کێڵگە نەوتییەکانى ئەو پارێزگایە نزیک دەبێتەوە لە ١٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ئیبراهیم حامید، بەرپرسى دۆسیەی ئابوورى لە ئیدارەى خۆسەر بە ״ئاژانس״ى ڕاگەیاند: ئەو بڕە نەوتەى بەرهەم دەهێنرێت بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی بە کار دەهێنرێت یان فرۆشتنیان بە بازرگانان و ئەوانیش دەیفرۆشن بە حکومەتی سوریا، ئەوەى دەمێنێتەوە بۆ پێداویستییەکانى کارەبا و کشتوکاڵ و کارگەکان بە کار دەهێنرێت.
حامید ئاشکراى دەکات، داهاتى ئەو نەوتەى دەفرۆشرێت بۆ خزمەتگوزارى و مووچە و خەرجییە سەربازییەکان و قەرزى هاووڵاتییان و پێداویستییەکانى دیکەى بەڕێوەبردنى ڕۆژئاواى کوردستان خەرج دەکرێت و بە وتەى خۆى زۆر بە شەفافى و بە ژمارەو ئامارى ورد تۆمار کراون.
زۆرینەى نەوتى سوریا کەوتووەتە پارێزگاى حەسەکە، کە سەرجەم دانیشتوانەکەى کوردن و کەوتووەتە ڕۆژئاواى کوردستان و گەورەترین کێڵگەى ئەو پارێزگا کوردنشینە ״سوەیدیە״یە، کە ڕۆژانە نزیکەى ١٢٠ هەزار بەرمیل نەوتى لێ بەرهەم دەهێنرێت هەر لەو کێڵگەیەش ٢٦ کێڵگەى غاز هەیە.
کێڵگەى نەوتى ڕمێلان دەکەویتە سنوورى پارێزگاى حەسەکە و بە دووەم گەورەترین کێڵگەى نەوتى پارێزگاکە دادەنرێت و تەنیا لەو کێڵگەیە نزیکەى هەزار و ٣٣٠ بیرە نەوتى تێدایە، کە بەرهەمى ڕۆژانەى دەگاتە ٩٥ هەزار بەرمیل.
جگە لەو کێڵگە نەوتیانەش هەریەکە لە کێڵگە نەوتییەکانى (شەدادى، و یوسفییە، هۆل، جەبسە) کەوتوونەتە حەسەکە و ڕۆژانە ٣٥ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن، هەر لە کێڵگە نەوتییەکانى حەسەکە ڕۆژانە یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار مەتر سێجا گازى سروشتى بەرهەم دەهێنرێت.
بەکۆى گشتی ڕۆژئاواى کوردستان ڕۆژانە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.
کامەران حاجۆ، بەرپرسى بەرهەمهێنانى نەوت لە ڕمێلان بە ״ئاژانس״ى وت: ״ئەو کێڵگانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە و ژمارەیەکى زۆر لە بیرە نەوتەکان ئامادە نین بۆ بەرهەمهێنانی تەواو، بۆیە ئەگەر نۆژەن بکرێنەوە ئەوا بەرهەمهێنانى نەوت زۆر زیاد دەکات.״
بە پێى زانیارییەکانى ״ئاژانس״، ئیدارەى ڕۆژئاواى کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیاى زەبەلاحى بوارى نەوت گفتوگۆى کردووە بۆ ئەوەى وەبەرهێنان لەو کێڵگانەدا بکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ کۆمپانیایەک بڕیارى کۆتایی نەداوە وەبەرهێنان لە ڕۆژئاوا بکات بە هۆى ئەو لەشکرکێشییەى تورکیا کردوویەتى.
لە ئێستادا ئەمەریکا کار بۆ ئەوە دەکات کۆمپانیاکانى وڵاتەکەى هان بدات لە کێڵگە نەوتییەکانى ڕۆژئاواى کوردستاندا وەبەرهێنان بکەن.
لوقمان ئەحمێ، وتەبێژى ئیدارەى خۆسەر ئاماژە بەوە دەکات، ڕژێمى سوریا بە درێژایی چەندین ساڵى ڕابردوو ئەو نەوتەى بۆ خۆى بردووە و خەڵکى ڕۆژئاواش لە گرانى و هەژاریدا ژیان و گەلى کوردى پێ سەرکوت کراوە.
لوقمان ئەحمێ بە ״ئاژانس״ى وت: ״چەندین جار ڕژێمى سوریا داواى نەوتى ڕۆژئاواى کوردستانی کردووە، تەنانەت لە دێرەزوور لە نزیک بیرە نەوتەکان سوپاى سوریا پەلامارى شەڕڤانی ئێمەى داوە، بەڵام ئێمە وتوومانە سەرجەم پرسەکان بە نەوتیشەوە پێویستى بە ڕێککەوتنى دیمەشق و ئیدارەى خۆسەر هەیە.״