سه‌رچاوه‌یه‌ك له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران: هه‌رێم پابه‌ندی یاساى بودجه نابێت
ئاژانس – ئارا ئیبراهیم
مشت‌ومڕ له‌سه‌ر بودجه‌ى عێراق، له هه‌رێمى كوردستان كۆتایى نایه‌ت، فراكسیۆنه كوردییه‌كان له چاوه‌ڕوانیى سه‌ردانى شاندنى هونه‌ریى هه‌رێمدان بۆ به‌غدا، سه‌رچاوه‌یه‌ك له ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رێم پابه‌ندى پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2017 بێت.
ڕۆژی 7-12-2016 په‌رله‌مانی عێراق پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی دارایی 2017ی په‌سند كرد، بودجه‌كه به 79 ترلیۆن و 11 ملیار و 421 ملیۆن دینار خه‌مڵێندراوه، له دوای په‌سه‌ندكردنی حكوومه‌تی هه‌رێم له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا یاسای بودجه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه و ڕایگه‌یاند: ״مافه‌كانی كوردستان له‌و یاسایه‌دا جێگیر نه‌كراون و پیلانێكی سیاسیی مه‌ترسیداره دژی هه‌رێمی كوردستان״.
به پێى یاساى بودجه‌ى عێراق ساڵى 2017 پشكى 17%ی هه‌رێم جێگره له به‌رانبه‌ر ناردنى ڕۆژانه‌ى 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى خاوى هه‌رێم ڕاده‌ستى حكوومه‌تى عێراقى بكرێت و بڕێك پاره و شایسته‌ى دارایى بۆ پێشمه‌رگه ته‌رخان بكرێت كه بتوانرێت مووچه‌كانیان دابین بكات.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ناو ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم، بۆ ״ئاژانس״ جه‌ختی كرده‌وه هه‌رێم پابه‌ندى پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2017 نابێت.
سه‌رچاوه‌كه وتیشى: ״ئه‌وه‌نده‌ى له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانم و ئاگاداری سیاسه‌تی ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمم، زۆر زه‌حمه‌ته هه‌رێم پابه‌ند بێت به بودجه‌ی 2017ی عێراقه‌وه، ئه‌مساڵیش حكوومه‌تی هه‌رێم سه‌ربه‌خۆ نه‌وت ده‌فرۆشێت و یاسای بودجه‌ی له‌سه‌ر كاغه‌ز ده‌مێنێته‌وه״.
ئاماژه‌ى به‌وه كرد هه‌رێم وهفدێكى هونه‌رى ده‌نێرێته به‌غدا ״ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵكى ڕوون بكه‌نه‌وه كه حكوومه‌تی عێراق كه‌متر پاره ده‌نێرێت له‌و پاره‌یه‌ی هه‌رێم له فرۆشتنى نه‌وتدا ده‌ستی ده‌كه‌وێت״.
هه‌ر له‌سه‌ر پرسى بودجه كۆبوونه‌وه‌ى نێوان فراكسیۆنه كوردییه‌كانى په‌رله‌مانى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێم به‌ڕێوه چوو، دواى كۆبوونه‌وه‌كه حكوومه‌تى هه‌رێم له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ى به‌وه كرد لیژنه‌یه‌كى هونه‌رى سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات و بڕیاریشی دا لیژنه‌یه‌كیش پێك بهێنرێت بۆ به‌دواداچوونى ژماره‌كانى ناو یاساى بودجه، ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیى به هه‌رێمى كوردستانه‌وه هه‌یه، تا ئێستا كاتى چوونى ئه‌و وه‌فده و ئه‌ندامه‌كانى ئاشكرا نه‌كراون.
عه‌بدولستار مه‌جید، وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكوومه‌تی هه‌رێم، به״ئاژانس״ى ڕاگه‌یاند تا لیژنه‌كه نه‌چێته به‌غدا نازانین ئه‌نجامه‌كه‌ی چی ده‌بێت، له لای حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی تێدایه‌و ڕه‌نگه مانگى شووبات بچنه به‌غدا״.
وه‌زیری كشتوكاڵ، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد حكوومه‌تی هه‌رێم یه‌ك دۆلار زیاتری پێ بدرێت له لایه‌ن به‌غداوه په‌یوه‌ست ده‌بێ به بودجه‌وه، به‌ڵام تا ئه‌و لیژنه‌یه نه‌چێته به‌غدا و ئه‌نجامه‌كه‌ی ڕانه‌گه‌یه‌ندرێت نازانرێت پابه‌ند ده‌بێت به پڕۆژه‌یاساى بودجه‌وه یان نا.
له كۆبوونه‌وه‌ی 14ی 12ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا، ڕابه‌ر سدیق بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری به وه‌كاله‌ت، ڕاپۆرتێكی ده‌رباره‌ی كه‌موكوڕی و خاڵه نه‌رێنییه‌كانی یاسای بودجه‌ی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2017 خسته ڕوو، ڕایگه‌یاند به هیچ شێوه‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا نییه.
وەزیرێكی كورد لە حكوومەتی عێراق، ئاماژە بەوە دەكات لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیراندا باس لەوە كراوە ئەگەر هەرێم پابەند بێت بە یاسای بودجەوە ئەوا 17%ی بودجە ڕەوانە دەكرێت.
دەرباز محەمەد، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، ئەگەر حكوومەتی هەرێم پابەندبوونی خۆی بە یاسای بودجەی عێراقەوە ڕابگەیەنێت و جێبەجێی بكات ئه‌وا حكوومەتی عێراق هیچ كێشەیەكی نییە و ئامادەیە مانگانە پشكی هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكات.
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق وتیشی: ״حكوومەتی عێراق پارەی 550 هەزار بەرمیل نەوت وەردەگرێت، لە توانایدایە بودجە و پشكی هەرێم ڕەوانە بكات و لەو ڕووەوە كێشەی نییە و چەند جارێكیش بە ڕەسمی ئەوەیان باس كردووە كە نەوتیان تەسلیم بكرێت تا 17%ی بودجەی هەرێم ڕەوانە بكەن״.
فراكسیۆنه‌كانى (یه‌كێتیى، گۆڕان، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ) ده‌نگیان به پڕۆژە یاسای بودجەدا و ته‌نها فراكسیۆنى پارتى دژى وه‌ستایه‌وه.
فراكسیۆنه‌كانى یه‌كێتیى و گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان هه‌رێم پابه‌ندى یاساکە بێت تا به‌غدا شایسته داراییه‌كانى بنێرێت.
ڕێبوار ته‌ها، ئه‌ندامى فراكسیۆنى یه‌كێتیى له په‌رله‌مانى عێراق، جه‌ختی كرده‌وه پڕۆژه‌یاساكه هیچ پێویستى به لیژنه‌ى هونه‌رى نییه، هه‌موو مادده‌و بڕگه‌كانى شی كراونه‌ته‌وه، حكوومه‌تى هه‌رێم ئیمكانیاتى خۆى له هه‌نارده‌كردنى نه‌وتدا ده‌زانێت، 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ستى بەغدا بكات و بودجه‌ى بۆ بنێرێت، ئه‌وه‌ى تر هه‌مووى بیانووه.
سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان، هاوڕایه له‌گه‌ڵ قسه‌كانى په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى یه‌كێتیى و ڕایگه‌یاند تا ئێستا له هاتنى وهفدى هه‌رێم بۆ به‌غدا ئاگادار نه‌كراونه‌ته‌وه.
كاوه محه‌مه‌د، سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان له په‌رله‌مانى عێراق، به״ئاژانس״ى ڕاگه‌یاند حكوومه‌تى هه‌رێم پێشوه‌خت بۆچوونى خۆى ڕاگه‌یاندووه، مه‌به‌ستى نییه ئه‌م یاسایه جێبه‌جێ بكات، سه‌ردانه‌كه بۆ ئه‌وه‌یه خۆڵ بكاته چاوى خه‌ڵك و به خه‌ڵك بڵێت كه مه‌به‌ستیان بوو به‌ڵام دواتر بیانوو بێنێته‌وه.
كاوه محه‌مه‌د ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد ئیراده‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم و كۆبوونه‌وه‌كه‌شیان له‌گه‌ڵیاندا ئه‌وه‌ى به ڕوونى ده‌رخستووه مه‌به‌ستیان نییه یاساى بودجه‌ى عێراق جێبه‌جێ بكه‌ن.
له گفتوگۆكانى یاساى بودجه‌ى عێراقدا، فراكسیۆنى پارتى دژى پڕۆژه‌كه وه‌ستایه‌وه و به پێچه‌وانه‌ى بۆچوونى چوار لایه‌نه كوردییه‌كه‌ى تر به״دژى به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌رێم״ ناوی برد.
ئه‌شواق جاف، په‌رله‌مانتارى فراكسیۆنى پارتى، به״ئاژانس״ى ڕاگه‌یاند حكوومه‌تى هه‌رێم بۆچوونیان ئاشكرایه ئه‌گه‌ر به‌غدا پابه‌ند بوو به ناردنى هه‌موو شایسته داراییه‌كان ئه‌وا ئه‌وانیش پابه‌ند ده‌بن.
وتیشى: ״تا ئه‌نجامى لیژنه هونه‌رییه‌كه ده‌رنه‌كه‌وێت نازانرێت هه‌رێم پابه‌ند ده‌بێت یان نا״.