نۆ مۆڵەتی هەبوو، هێزێكی ״بێمۆڵەت״ دای دەخات
ئاژانس – دهۆك
چێشتخانەی هیتلەر لە دهۆك حەوت مانگ كاری كرد، بەڵام لە ناكاو هێزێكی ئەمنی بەبێ مۆڵەتی دادوەر هەڵیانكوتایە سەری و بە زۆر دایان خست، خاوەنەكەشی دەڵێت: مۆڵەتی (9) دامەزراوەم بۆ هیتلەر وەرگرتبوو، لایەنە پەیوەندیدارەكانی شارەكەش بە مەرجی گۆڕینی ناوەكەی ڕێگە بە كاركردنی چێشتخانەكە دەدەن.
شێف ڕێبەر، خاوەنی چێشتخانەی هیتلەرە كە هەفتەی یەكەمی مانگی نۆ لە لایەن هێزێكی ئەمنیی دهۆكەوە داخراوە، سەرجەم لۆگۆ و ڕیكلامەكانیشی بە ناوی هیتلەرەوە دڕێندراون و لێ كراونەتەوە و لێی قەدەغە كراوە بە ناوی هیتلەرەوە كار بكات.
شێف ڕێبەر محەمەد خاوەنی چێشتخانە داخراوەكەی دهۆكە و بە ״ئاژانس״ی وت: ״دوای حەوت مانگ كاركردن و وەرگرتنی مۆڵەت لە (9) دامودەزگای حكومی لە پارێزگای دهۆك، چێشتخانەی هیتلەر لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی دهۆك داخرا.״
ئەدۆڵف هیتلەر، پێشەوای پارتی نەتەوەیی سۆسیالیستی ئەڵمانیا (ئەڵمانیای نازی) و ڕابەری ئەڵمانیا لە سەردەمی دەسەڵاتداری پارتی نازی بووە لە ساڵانی ١٩٣٣ تا ١٩٤٥ و بەرپرسیاری جەنگی دووەمی جیهانە، كە بە هۆیەوە ملیۆنان قوربانی و وێرانكاریی لێ كەوتەوە و تاوانباری كوشتنی بە كۆمەڵی جووەكانە، كە نزیكی ٦ ملیۆن جوو كوژران و سوتێنران، كە بە هۆڵۆكۆست ناسراوە.
خاوەنی چێشتخانەكە زیانی داخستنەكەی بە نزیكەی 10 هەزار دۆلار دەخەمڵێنێت، كە بۆ ڕیكلام و ناساندن خەرجی كردووە و دەڵێت: ״ئەو هێزە ئەمنییە وتیان بە هۆی ناوی هیتلەرەوە چێشتخانەكەت دادەخرێت و فەرمانەكەش لە سەرووی خۆمانەوە دراوە تا یەك هەفتە نەیانهێشت دەرگا بكەمەوە و بۆیە ناوەكەم گۆڕی بۆ شێف ڕێبەر.״
״زۆر نائومێدم بۆیە داوای قەرەبووكردنەوەم نەكردووە ترسم ئەوەیە ئەوەی ماومە لە دەستی بدەم، بەڵام دەزانم لە سەرووی دەسەڵاتی پارێزگای دهۆكەوە بڕیاری داخستنی چێشخانەكەم دراوە.״
هیتلەر لەسەر ئاستی جیهان و خودی ئەڵمانییەكانیش ناوێكی بێزراوی مرۆڤكوژە و بە تاوان و ڕەگەزپەرستی ناوبانگی دەركردووە و شێف ڕێبەریش دەڵێت: ״تەنیا بۆ ناوبانگ و كاری بازرگانی چێشتخانەكەم ناونا هیتلەر و هیچ مەبەستێكی دیكەی لە پشتەوە نەبووە״.
چێشخانەی هیتلەر دوای داخستنی بە مەرجی گۆڕینی ناوەکەی ڕێگەی پێ دەدرێت خاوەنەکەی جارێکی تر بیکاتەوە.
شەماڵ جەعفەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری دهۆك بە ״ئاژانس״ی وت: ״ڕاستە ئەو چێشتخانەیە لە دهۆك داخراوە، بەڵام لە ڕووی گەشتیارییەوە هێشتا نەچووبووە بواری گەشتوگوزارییەوە، دەبێت زیاتر لە ساڵێك لە ژێر چاودێریدا بێت، هەركاتێك ڕێنماییە گەشتیارییەكانی تیابوو ئەوسا دەكەوێتە لیستەوە.״
״ئێستا بە ناوێكی دیكەوە چێشتخانەكەی كردووەتەوە و ئەگەر ڕێنماییەكانی گەشتیاری بەخۆوە ببینێت دەبێتە چێشتخانەی گەشتیاری״، شەماڵ جەعفەر وا دەڵێت.
خواردنگە و چێشتخانەكان زۆر جار لە لایەن لیژنەكانی تەندروستیی قائیمقامیەتی شارەكانەوە دادەخرێن، بەڵام هیتلەر هێزی ئەمنیی لە دهۆك دایخست و ناوەكەی پێ گۆڕی.
هۆشیار فاریق، ئەندامی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك بە ״ئاژانس״ دەڵێت: ״بەدواداچوونمان كرد و بە هۆی ناوەكەیەوە داخراوە، چونكە ناوی هیتلەر لە جیهاندا قەدەغەیە، بۆیە چێشتخانەی هیتلەریش لە دهۆك داخراوە.״
״هەرچەندە مۆڵەتی وەرگرتبوو، بەڵام ناوەكەی قەدەغەكراوە و دەبێت شوێنەكە بە تەواوی دابخرێت، لەبەر ئەوەی خاوەنی چێشتخانەكە مۆڵەتی هەبووە تەنیا ناوی هیتلەریان لابردووە، لە ڕووی یاساییەوە دەبێت قەرەبوو بكرێتەوە، بەڵام خاوەنی جێشتخانەكە داوای نەكردووە.״
״ئاژانس״ هەوڵی دا ڕا و قسە لە لایەنی ئەمنیی دهۆك وەربگرێت، بەو پێیەی هێزێكی ئەمنی بەبێ مۆڵەت چوونەتە سەر چێشتخانەكە و بە زۆر بە خاوەنەكەیان داخستووە، بەڵام هیچ زانیارییەكیان لەسەر نەدا.