بۆ ئەوەیە حه‌شدی شه‌عبی له سنوورى پارێزگاكه نەمێنن
ئاژانس – عیماد جه‌بارى
ناردنى یه‌كه‌یه‌كى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ كه‌ركوك هاوسه‌نگیى هێزى سه‌ربازیى له‌و شاره له به‌رژه‌وه‌ندیى كورد ده‌گۆڕێت كه جارێكى تر هێزه ئه‌منییه‌كانى كورد ده‌چنه‌وه نێو یه‌كه‌ى هه‌ماهه‌نگیى سه‌ربازیى سنووره‌كه و هاووڵاتییانى ئه‌و شاره‌ش پاڵپشتێكى تریان بۆ درووست ده‌بێت بۆ دووربوونیان له ئه‌نجامدانى پێشێلكاریى به‌رامبه‌ریان.
سێشه‌ممه‌ى ڕابردوو 28ی 11 یه‌كه‌یه‌كى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا كه پێك هاتبوون له 40 هه‌مه‌ر و باجه‌ر و ئۆتۆمبێلی فلات، له سه‌ربازگه‌ی گه‌یاره‌وه به‌ڕێ كه‌وتوون و له ڕێگه‌ی ناحیه‌ی زاب و سه‌رگه‌ڕانی سه‌ر به قه‌زای دوبزه‌وه گهیشتنە كه‌ركوك و پاشان له سه‌ربازگه‌ی (کەی وەن) جێگیر بوون.
ئه‌وه بۆ یه‌كه‌مجار بوو له دوای پاشه‌كشێیان له عێراق، هێزێكی ئه‌مەریكا به‌و قه‌باره‌یه له كه‌ركوك جێگیر بكرێت.
به پێى زانیارییه‌كانى ״ئاژانس״ كه له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌منیى به‌رپرسه‌وه ده‌ستى كه‌وتووه ژماره‌ى سه‌ربازانى ئه‌و یه‌كانه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مەریكا نزیكه‌ى 500 سه‌ربازن.
به پێی زانیارییه‌كانی ״ئاژانس״، پێش هاتنیشیان له ڕێگه‌ی هێزی دژه‌تیرۆری عێراق و فڕۆكه‌وه كێوماڵی ئه‌و ناوچانه كراون كه پێیدا هێزه‌كه‌ی ئه‌مەریكا هاتووه.
ئازاد جه‌باری، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منیی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به ״ئاژانس״ی وت: ״ئاگاداری هاتنی ئه‌و هێزه‌ی ئهمەریكاین بۆ سه‌ربازگه‌ی كه‌یوان، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هیچ زانیارییه‌كمان له باره‌ی ئه‌ركی داهاتووی ئه‌و هێزه‌وه پێ نه‌دراوه״.
وتیشی: ״له دوای ڕووداوه‌كانی 16ی 10 به هۆی په‌ككه‌وتنی ئیشوكاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نه‌وه لیژنه‌كانیش هیچ بوونێكیان نه‌ماوه و ئه‌وه‌یش وای كردووه نه‌توانین به‌دواداچوون بۆ هیچ بابه‌تێك بكه‌ین״.
هێزه‌كانی ئه‌مەریكا پێشتریش له سه‌ربازگه‌ی كه‌یوان بوون و ڕاوێژ و ڕاهێنانیان پێشكه‌ش به پێشمه‌رگه ده‌كرد له سێ ساڵی شه‌ڕی داعشدا.
وه‌ستا ڕه‌سوڵ، فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری چواری كه‌ركوك به ״ئاژانس״ی وت: ״هێزه‌كه‌ی ئه‌مەریكا به قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره هاتووه‌ته كه‌ركوك و به‌رنامه‌ی كاریان ده‌بێت، هه‌رچه‌نده هێشتا ڕوون نییه به‌ڵام مه‌به‌ستیان دامه‌زراندنی ژوورێكی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌شه له نێوان هێزه عێراقییه‌كان و هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مەریكا كه له داهاتوودا ئه‌ركی پاراستنی ناوچه جێناكۆكه‌كان ده‌گرنه ئه‌ستۆ.״
بوونی ئه‌و هێزه هاوبه‌شه لە کەرکوک هه‌مان ئه‌و پێشنیاره بوو كه به‌ر له ڕووداوه‌كانى مانگى 10ى شارەکە كرا بۆ ڕێگرى له پشێویى ئه‌منیى ناوچه جێناكۆكه‌كان به‌ڵام به هۆى یهكلانهبوونهوهى لایه‌نه سیاسییه‌كانى هه‌رێم له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بیرۆكه‌كه له جێى خۆیدا مرد و ده‌ره‌نجامه‌كه‌شی هێرشی سوپاى عێراق بوو بۆ سه‌ر كه‌ركوك و ناوچه جێناكۆكه‌كانى تر.
وه‌ستا ڕه‌سوڵ ده‌ڵێت: ״له سێ ساڵی شه‌ڕی گرووپی تیرۆریستیی داعشدا هێزه‌كانی ئه‌مەریكا ژماره‌یان له 30 بۆ 40 سه‌رباز تێنه‌ده‌په‌ڕی، به‌ڵام ئێستا كه گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ژماره‌یه واتا پێشهاتێكی نوێ له داهاتووی ناوچه‌كه‌دا ڕوو ده‌دات به‌تایبه‌ت ده‌ستبه‌كاربوونى هێزى هاوبه‌شی ئه‌و سێ لایه‌نه له شاره‌كه‌دا״.
بوونى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له كه‌ركوك هاوكێشه‌ى هێزى سه‌ربازى له‌و شاره ده‌گۆڕێت كه به دیارترین ناوچه‌ى جێناكۆكیی نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌ژمار ده‌كرێت.
په‌یوه‌ندیى به‌هێزى ئه‌و یه‌كه‌یه‌ى سوپاى ئه‌مەریكا له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى كورددا دڵنیایی ده‌داته هاووڵاتییانى كوردى كه‌ركوك له دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ى ئه‌و پێشێلكارییانه‌ى به‌شێك له كارمه‌ندانى هێزه ئه‌منییه‌كانى عێراق له ماوه‌ى ڕابردوودا ئه‌نجامیان داوه.
به پێى زانیارییه‌كانى ״ئاژانس״ یه‌كه‌م كارى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له كه‌ركوك فشارخستنه‌سه‌ر حكومه‌تى عێراق ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى له ماوه‌یه‌كى كه‌مدا به ته‌واوی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له سنووری پارێزگای كه‌ركوك دوور بخرێته‌وه.
محه‌مه‌د عوسمان، ئه‌ندامی په‌رله‌مانى عێراق له فراكسیۆنى یه‌كێتیى نیشتیمانیى كوردستان به ״ئاژانس״ى وت: ״پێشتر وه‌كو یه‌كێتیی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مەریكا كۆ بووینه‌وه و دۆخی خراپی شاره‌كه‌مان خستووه‌ته ڕوو ئه‌وانیش به‌ڵێنیان پێ داین كه به‌شداری له پاراستنی خه‌ڵك و ئاسایشی پارێزگاكه‌دا بكه‌ن״.
وتیشی: ״ئه‌م پێشهاته له ڕووی جووڵاندنی هێزێكی به‌و قه‌باره‌یه بۆ كه‌ركوك جێبه‌جێكردنی بهڵێنهكهیانه و كه بڕیاره ژوورێكی هاوبه‌شیش پێك بهێندرێت و كوردیش وه‌ك لایه‌نێكی گرنگی ئه‌و ژووره به‌شدار ده‌بێت״.
هه‌رچه‌نده شانه‌ی جه‌نگیی عێراق له ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا زیادكردنی هێزی ئه‌مەریكای له كه‌ركوك ڕه‌ت كرده‌وه و ڕایگه‌یاند كه ئه‌مه‌ریكییه‌كان پێشتریش ڕاوێژكاریان له سه‌ربازگه‌ی (کەی وەن) هه‌بووه، به‌ڵام ڕایان دیلۆن، وته‌بێژی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا وتى: ״جووڵه‌پێكردنی هێزه‌كانمان بۆ كه‌ركوك له چوارچێوه‌ی دووباره جێگیركردنیانه له سه‌رانسه‌ری عێراقدا ئه‌وه‌یش بۆ پشتیوانی له هێزه ئه‌منییه‌كان״.
حه‌مدی گلی، شاره‌زا له بواری ئه‌منى و سه‌ربازی به ״ئاژانس״ی وت: ״له ماوه‌ی ڕابردوودا ئه‌مەریكا ڕۆڵی باشی نه‌گێڕا له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ئه‌وه‌یش كاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێ كه‌وته‌وه له زیانی كورد و عه‌ره‌بی سوننه، ئێستا دوای به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سعوودییە و وڵاتانی كه‌نداو جارێكی تر ده‌یه‌وێت چاو بخشێنێته‌وه به سیاسه‌ته‌كانی به‌تایبه‌ت كه له به‌رژه‌وه‌ندیی عه‌ره‌بی سوننه و كورد بێت״.
وتیشی: ״له یه‌كه‌م هه‌نگاویدا ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت یه‌كسانیی هێز درووست بكات له كه‌ركوك و ناوچه‌كانی مادده‌ی 140ـدا.״