تەنها 4% ی پشكنینەكان كۆرۆنا بوون
ئاژانس
لەكۆی زیاتر لە 144 هەزار پشكنینیی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا تەنها حەوت هەزاریان كۆرۆنایان هەبووە كە دەكاتە 4% پشكنینەكان و هەر هاوڵاتیەكی كەرەنتینەكراویش لە و شوێنانەی بۆیان دابین كراوە هەزار دۆلار لەسەر حكومەت كەوتووە
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانس بە پشت بەستن بە (131) راگەیەنراوی وەزارەتی تەندروستی و داتای وەزارەتەكە لە 1ی ئادارەوە تا 5ی تەمموزی ئەمساڵ 144 هەزار و 616 كەس لە هەرێم پشكنینی كۆرۆنایان بۆكراوە، لەو ژمارەیە 7 هەزار و 315 پشكنینیان پۆزەتیڤ بووە و هەڵگری ڤایرۆسەكەبوون، 137 هەزار و 301 كەسەكەی دیكە ئەنجامەكەی نێگەتیڤ بووە و تووشبوو نەبوون.
د.محەمەد قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە ئاژانسی وت:” تاكو 5ی تەمموز 144 هەزار و 616 كەس لە هەرێم پشكنینیان بۆ كراوە و 7 هەزار و 315 كەس توشی كۆرۆنابوون و ئەوانی دیكە نێگەتیڤ بوون و لە ئێستادا (كیتی) پشكنینەكانمان ئاسانتر دەست دەكەوێت، بەهۆی كێبڕكێی كۆمپانیاكانەوە، بۆیە لەمەودوا پشكنینەكانیش سەر حكومەت كەمتریان تێدەچێت،كە بۆ هەر پشكنینێك 40 دۆلارە، كە لە 20ی حوزەیرانەوە بەم نرخە دەكرێت”.
ئەو وتانەی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لەمیانەی راپۆرتێكدایە كە ئاژانس سەبارەت بە رەوشی كۆرۆنا ئامادەی كردووە.