دوای ئەوەی تیرۆر هەڕەشەی جددیی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تاك درووست كردووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان بە شێوازی تۆقێنەر ئامرازەكانی تەكنەلۆجیا بەكار دەهێنن بۆ كردەوەی تیرۆریستی، بیر لە ڕێگەی جیاواز دەكرێتەوە بۆ ڕێگەگرتن لە كاری تیرۆریستی و كەمكردنەوەی قوربانییەكانی كردەوە توندڕەوییەكان، دوای ئەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بە هەمو ڕێگە جیاوازەكان لە هەوڵی داگیركردنی عێراق و سوریادا بوون و خەلافەتی ئیسلامییان درووست كرد، بیر لە هەموو ئامرازەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش كراوەتەوە، لە بەكارهێنانی هێزەوە بۆ ئامرازی پەروەردەیی، ئەوەی كە جێگەی قسەلەسەركردنە و عێراق و هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەر شتێك پێویستی پێیەتی چۆنێتیی بەدەستهێنانی زانیاریی هەواڵگرییە لە بارەی جووڵە و پلان و ئەو ئامرازانەی كە تیرۆریستەكان بەكاری دەهێنن، لە دونیای نوێدا زانیاریی هەواڵگری بڕبڕەی پشتی كاری سیاسیی حكوومەتە و لە دونیادا دەیان دامودەزگای جیاواز درووست دەكرێن بۆ كاری هەواڵگری و كۆكردنەوی زانیاری، لە ڕێگەی كاری هەواڵگرییەوە زانیارییەكان كۆ دەكرێنەوە و پاشان شی دەكرێنەوە و پۆلێن دەكرێن، بڕیاردەری سیاسی لە سێبەری ئەو زانیارییە بەدەستهاتووانەدا بڕیار دەدات.
بۆیە ئەوەی لە كاری هەواڵگریدا پشتی پێ دەبەسترێت دوو فاكتەری سەرەكین، یەكەمیان سەرچاوەی وەرگرتنی زانیارییەكان، كە دەكرێت سەرچاوەی كراوە و فرە ئامراز و ئاڵۆز بێت لە ڕێگەی تۆڕێكی مەركەزییەوە بە یەكەوە دەبەسترێنەوە. دووەمیان سەرچاوەی مرۆییە و پڕە لە ڕیسك، هەردوو سەرچاوەكە گرنگن، بەڵام دووەمیان لە وردی و ناوەڕۆكدا كاریگەرترە و شیكردنەوە و بڕیارلێدانیشی ئاسانەوە و خێراترە.
فاكتەرێكی تر كە لەم پڕۆسەیەدا گرنگە، بریتییە لە ناوەڕۆكی ئەو زانیارییەی كە دەگات بە دەزگای شیكردنەوەی زانیاری، چونكە ئەوەندەی ناوەڕۆكی زانیارییەكە و وردێتی و تەفاسیلی زانیاری گرنگە خودی زانیارییەكە گرنگ نییه.
لە سەرەتای شەڕی داعشەوە لە عێراق و كوردستانیش هەست به بۆشاییەك دەكرێت لەم بوارەدا، بەتایبەتی پشتگوێخستنی زانیارییە هەواڵگرییەكان لە لایەن بڕیاربەدەستانی دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە، هەرچەندە ئەمهریكییەكان و هەموو وڵاتانی هاوپەیمانی داعش هاوكاری عێراق بوون لەم بوارەدا، بەڵام ئەبینین كۆكردنەوەی زانیاریی بڕیاردان لەسەر زانیارییەكان بە دەگمەن توانیویەتی ئامانجی ئاسایش بە دەست بخات .
لە ئێستادا عێراق چەندین دەزگای هەواڵگریی هەیە و زۆبەی زۆری ئەو ئامرازانەی لەبەر دەستە كە پڕۆسەی كۆكردنەوەی زانیاریی هەواڵگری پێ دەكرێت. بەڵام نەتوانراوە وەكو پێویست سوودی لێ وەربگیرێت. ئەگەر ئەو ڕووداوە تیرۆریستییەی شەوی 21ـی ئۆكتۆبەری كەركوك وەكو نموونە وەربگرین، ئەبینین كە هەست بە بوونی جۆرێك لە ناهاوسەنگی دەكرێت لە نێوان كاری كۆكردنەوەی زانیاری و هەواڵگری لەگەڵ چۆنێتیی جێبەجێكردنی پلانەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی كردەوە تیرۆیستییەكان، بۆیە قوربانییەكان و كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو كردەوەیە كاتێكی زۆری ویست، دونیای ئەمڕۆ لە ڕووی زانستی سەربازییەوە، بە پێوەری ئاسایش بەوە دەتوانرێت بپێورێت كە تا چەند هێزە ئەمنییەكان دەتوانن سوود لە ئەزموونی تازەی سەرچاوەی كۆكردنەوەی زانیاری وەربگرن و لە بەرژوەندیی ئاسایشی نەتەوەیی بەكاری دەهێنن، بۆیە تا دەزگای زانیاریی هەواڵگری لە عێراق و كوردستان بە سیستەمی تازەی سەرچاوەی كۆكردنەوەی زانیاری پێش بخرێت و پشتیوانی بكرێت زیاتر ڕێگە لە كرداری تیرۆریستی دەگیرێت.
هەواڵگری لە شەڕی داعشدا

Related Articles
Warning: assert(): Assertion failed in /var/www/wp-content/themes/goodnews 5.8.3/comments.php on line 1