د.سهردار عهزیز
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، سێشەممەی مەزن بوو. ئەم ڕۆژە بۆیە وەها ناونراوە، چونکە لە میانەی هەڵبژاردنی حزبیدا، چواردە ویلایەت پێکەوە دەنگ دەدەن، بۆ دیاریکردنی کاندید بۆ ڕکەبەری سەرۆکی پارتەکەی تر، کە پارتی کۆمارییەکان، دۆناڵد ترەمپە.
ئەم سێشەممەی مەزنە هەر لە سەرەتاوە کۆمەڵێک خەسڵەتی هەبوو. یەکەم، هەموو چاوەڕێی ئەوە بوون کە بێرنی ساندەرز براوە بێت. دووەم، هەموو بێهیوا بوون لە جۆ بایدن. سێیەم، هەموو چاوەڕوانی ئەوە بوون کە مایکڵ بلومبێرگ بتوانێت کاریگەریی هەبێت.
بۆچی ئەم چاوەڕوانیانە لە ئارادا بوو. هەریەک لە ساندەرز و بایدن و بلومبێرگ و هەروەها ئیلیزابێس وارن، سەر بە خەتی تایبەتی ناو پارتی دیموکرات و کۆمەڵگەی ئەمەریکین.
شەوی سێشەممە بە گشتی سێ کاندید هەبوو: ساندەرز، بایدن، بلومبێرگ لەگەڵ تەنها ئافرەتێکدا کە وارن بوو. هەر سێ پیاوەکە سپی پێستن، پیرن، بەڵام هەریەکەیان لە ناوەندێکی جوداوە هاتووە. وارنیش ئافرەتێکی پیری سپی پێستە.
پێش ئەوەی بگەینە سێشەممە، چەند ڕووداوێک ڕوویان دا کە کاریگەر بوو لە سەر دەرئەنجامەکانی ڕۆژی سێشەممە، ئەوانیش بریتی بوون لە کشانەوەی هەریەک لە پیت بوگەژێژ و ئامی کلوبچەر. هەریەک لە پیت و ئامی پشتیوانیی خۆیان بۆ جۆ بایدن ڕاگەیاند، دەڵێن باراک ئۆباما، لە پشتەوە ڕێکخەری ئەمە بوو. ئۆباما و بایدن نزیکن و لە سەردەمی ئۆبامادا بایدن جێگری سەرۆک بوو. ئەم نزیکییەیە وەهای کرد کە بایدن دەنگی خەڵکانی ڕەش پێست بۆخۆی ڕابکێشێت لە هەموان زیاتر. ڕەش پێست و لاتینۆکان یەکێکن لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی پارتی دیموکرات لە ئەمەریکا، بەبێ پشتیوانیی ئەمانە ئەستەمە هەر کاندیدێک بتوانێت سەرکەوتوو بێت.
لە ناو پارتی دیموکراتدا چەند شەڕێک لە ئارادایە. یەکەم، شەڕی ئایدیا، دووەم، شەڕی تەکتیک، سێیەم، شەڕی ئیستابلیشمێنت. مەبەست لە شەڕی ئایدیا ئەوەیە کە دەبێت پارتی دیموکراتی ئەمەریکی ببێتە پارتێکی جیاواز لە ڕووی ئایدیاوە، زیاتر بەرەو سۆشیال دیموکرات بڕوات. سەرکردەی ئەم ڕەوتە پیرەمێرێکی خەڵكی ڤێرمۆتە ناوی بێرنی ساندەرزە. ساندەرز، تەنها بۆ مەبەستی ئەم هەڵبژاردنە هەڵگری ئەم ئایدیایانە نییە، بەڵکوو سەرتاپا تەمەنی وەها بووە. هاتنی ساندەرز نیشانەی قەیرانی دیموکراسیی ئەمریکییە. گۆڤاری بەناوبانگی نیویورکەر بەشێکی تایبەتی تەرخان کردووە بۆ قەیرانی دیموکراسی لە ئەمەریکا، کە گەورە بیرمەندانی ئەمەریکا بانگهێشت دەکات بۆ ئەوەی لەسەر لایەنەکانی قەیرانی دیموکراسیی ئەمەریکی دیدی خۆیان بنووسن. ئەمە دیاریدەیەکە لە دونیای لای ئێمەدا بوونی نییە، چون مەعریفیانە لە قەیران تێدەگەیت.
بێرنی ساندەرز وەک فیگەرێکی شۆڕش دەبینرێت لەناو کایەی سیاسەتی ئەمەریکیدا. ئەمەش بە هۆکاری تایبەتمەندیی کایەی سیاسیی ئەمەریکی کە کایەیەکی زیاتر پارێزەر و سەرمایەدارییانەیە. دەنگدەرانی ساندەرز بە زۆری ئەو لاوانەن کە لە دایکبوونی نزیک ساڵانی دوو هەزارەکانن، کە لە ئەدەبیاتی ئەمەریکیدا پێیان دەڵێن میلانیال.
ساندەرز هەڵبژاردنی پێشوو ڕکەبەری هیلاریی کلینتۆن بوو. لە ڤیدیۆیەکی دزەکراودا دۆناڵد ترەمپ دان بەوەدا دەنێت کە ئەگەر هیلەری ساندەرزی بکردایەتە جێگری خۆی ئەوا ئاستەم دەبوو بۆ ترەمپ لە هیلەری بباتەوە. بەڵام ئەوەش ئەستەم بوو کاتێک، وەک دەردەکەوێت، زۆرێک لە دەنگدەران دەنگیان بە ساندەرز دا، وەک دژایەتی بە بنەماڵەی هیلەری کە بە کەسێکی گەندەڵ لە قەڵەم دەدرێت لای بڕێکی بەرفراوان لە ئەندامانی پارتی دیموکرات. ئایا دژ هیلەری فاکتەری بەهێزیی ساندەرز بوو، ئەمجارە کە ئەو فاکتەرە لە ئارادا نین، ئەوا ساندەرز هێندە بەهێز نییە؟ ئەمە وەک ئەگەرێکی بەهێز دەمێنێتەوا، بە تایبەتی پاش یەکەمنەبوونی ساندەرز.
ساندەرز، وەک چۆمسکی پێشبینی کردبوو، ڕێگە نادرێت سەربکەوێت چونکە دژ بە ئیستابلیشمێنتە. ئەمە بە مانای ئەوەی دژ بە ئەو چینە باڵادەستەیە کە جێگیر و چەسپیون لە ئاستی نوخبەی ئەمەریکی و چینی ناوەند و باڵای ئەمەریکیدا. ئەمە هۆکاری ئەوە بوو کە مایکڵ بلومبێرگی ملیاردێر هاتە ناو کێبڕکێکەوە. بلومبێرگ دیدی ئەوە بوو کە ئەو دەبێتە نوێنەری ئیستابلیشمێنت و ڕێگری دەکات لە ساندەرز، چونکە ساندەرز ناتوانێت هەموو حزب یەک بخات و لە ترەمپ بباتەوە.
بلومبێرگ وەک دیاردەیەک جێگەی سەرنجە. بلومبێرگ کە خاوەنی کۆمپانیای هەواڵیی بەناوبانگی جیهانی بلومبێرگە خاوەن شەست بلیۆن دۆلارە، نزیکەی دە ساڵ حاکمی شاری نیویورک بوو. بە پشتی پارە و توانای ئیدارەدان، خۆی وەها دەبینی کە چانسی باش بێت بۆ بردنەوە. نزیکەی نیو ملیار دۆلاری لە بانگەشەدا سەرف کرد. تیمێکی تۆکمەی سەرانسەریی پێک هێنا، کە بە هواکش ناسراوە. بەڵام لە کاتی دیبەیتی لەگەڵ ئیلیزابێس وارندا، زۆر بە خێرایی وێران بوو. بلومبێرگ ڕێکۆردی لەگەڵ ئافرەت و کارمەندەکانیدا باش نییە. ئەم پەتایە لە کوردستانیش هەیە. بۆیە کاتێک وارن هەموو نهێنییەکانی هەڵدایەوە، ئیتر، وەک دۆناڵد ترەمپ وتی، بانگەشەکەی کورت بوو و زوو بڕایەوە. ترەمپ بە بلومبێرگ دەڵێت، مایکی بچکۆلە.
ئەوەی سێشەممە هەموانی حەپەساند، زیندووبوونەوەی جۆ بایدنە. جۆ لە چەند شارە ئەوەڵەکانی بانگەشەکەدا دۆڕاندی و بانگەشەی ئەوەیان بۆ دەکرد کە بێ پارەیە و وەختی نووسینی مەرگنامەی سیاسیی هاتووە. بەڵام بایدن براوەی سێشەممەی مەزن بوو. بایدن وەها دەبینرێت کە میانڕەوە و زۆرترین خەڵک لە دەوری خۆی لە حزب و دەرەوەی حزب کۆ دەکاتەوە. ئەم دیدە لەو ڕوانگەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئامانجی سەرەکیی ئەم کەمپەینە ئەوەیە کە کەسێک دیاری بکرێت کە ئامانجی سەرەکیی بردنەوەیە لە ترەمپ. ئەم تەکتیکە بووەتە پرسیار و تێمای هەرە زاڵی کەمپینەکە.
ئەمە جۆرێکە لە یاری دژ بە ساندەرز، کە وەها دادەنرێت ئامانجی ئەوەیە کە شۆڕشێک بەرپا بکات. گۆڤاری ئەمەریکان ئینترێست بابەتێکی بەم ئاوازە نووسیبوو کە چەند شکستخواردوو و خوێناوی و گەندەڵ و ترسناکە شۆڕش. ئەم شۆڕشەی ساندەرز دژ بە سەرمایەداری دەبینرێت. بە جۆرێک پرسیارێک لە ناوەندە پارێزەرەکاندا دەکرێت ئەوەیە کە؛ ئایا دیموکراسی لە دەستی ترەمپ، سەرمایەداری لە دەستی ساندەرز قوتاریان دەبێت؟
ئەوەی ماوەتەوە وارنە. ئەم خانمە ئەکادیمییە، سەرەتا وەک ڕادیکاڵێک دەردەکەوت، بەڵام نەیتوانی بڕوا بە دەنگدەران بکات، بە جۆرێک لە ویلایەتەکەی خۆشی براوە نەبوو. ئیلیزابێس کشایەوە بەبێ ئەوەی بە ڕوونی پشتیوانیی خۆی بۆ هیچکام لە ساندەرز و بایدن دەرببڕێت.
ئێستا ئەوەی ماوەتەوە، ئەگەری هەرە زۆرە کە بایدن ببێتە ڕکەبەری ترەمپ بۆ کێبڕکێی سەرۆکی ئەمەریکا لە چەند مانگی داهاتوودا. پارتی دیموکرات لە کۆبوونەوەیەکی گەورەدا لە مانگی تەمموز ئەم دیاریکردنە یەکلایی دەکاتەوە، ئەگەر هەتا ئەو کاتە هیچ کەسێک ژمارەی پێویستی دیلیگەت یان شاندی بە دەست نەهێنابوو کە زیاتر لە ١٥٠٠ دیلیگەتە.
ئێستا لە هەناو میدیای ئەمەریکیدا مشتومڕێکی فرەلایەنی قوڵ هەیە کە ئایا ساندەرز باشە وەک کاندید یان بایدن؟ هەموو ئەوانەی خۆیان بە بێبەری دەزانن لە داهاتی دەوڵەتی ئەموریکی دۆستی ساندەرزن، ئەوانیتر کە بەتەمەن و خاوەن داهاتن، دۆستی بایدنن. ئەم دابەشبوونە ترسناکە، چونکە ڕەنگە بایدن دەنگی لاوان بە دەست نەهێنێت، هەروەها ساندەرز دەنگی پیران بە دەست نەهێنێت. بە گشتی لاوان ناچن بۆ دەنگدان و پیران پێش هەموان دەنگ دەدەن.
ئەوەی وەک خاڵی لاوازی بایدن لە قەڵەم دەدرێت ئەوەیە کە ئاگایی یان یادەوەریی لە دەست داوە و تووشی ئەڵزایمەر بوو. چەند جارێک لە میانەی بانگەشەدا ئەمە دەرکەوت، بە تایبەتی کاتێک بایدن هاواری دەکرد، لە بری کۆشکی سپی بانگەشەی بۆ سێنات دەکرد. دەڵێن ترەمپ ئەم لاوازییەی بایدن دەقۆزێتەوە و دەیکات بە خاڵی هەرە لاوازی. ترەمپ بایدن بە بایدنی خەواڵوو ناودەبات.