هەوڵەکە لە لایەن پەرلەمانتارانەوەیە
ئاژانس – سەلام هانەدنی
دوای بێئومێدبوونیان لە حیزبەکانیان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، بەشێک لە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستان سەرقاڵی کۆکردنەوەی واژۆن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، ئەگەرچی باس لەوە دەکرێت هەوڵەکان جددین، بەڵام دەوترێت ئەو هەنگاوە سەرکەوتوو نابێت.
لە ١٢ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٥ـوە پەرلەمانی کوردستان لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پەک خراوە و ڕێگریی لە سەرۆکەکەی کرا بچێتەوە هەولێر، لەو وادەیەشەوە تا ئێستا و دوای چەندان هەوڵ و سیناریۆ نەتوانراوە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە، پەرلەمانتارانیش دەڵێن لەبەر ئەوەی حیزبەکانیان پەرلەمانیان پێ کارا ناکرێتەوە ئەوان بە شێوەی یاسایی و بە کۆکردنەوەی واژۆ ئەو دەزگا گرنگە کارا دەکەنەوە.
عیزەت سابیر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراکسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״هەوڵێک لە ئارادایە بۆ ئەوەی كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانی كوردستان لەناو باڵەخانەی پەرلەمان لە شاری هەولێر ئەنجام بدرێت.״
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: ״من لەگەڵ ئەوەدام كە پەرلەمان كارا بكرێتەوە بە دەستەی سەرۆكایەتیی ئێستاوە، بەڵام ئەو هەوڵەی كە لە ئارادایە، بۆ ئەوەیە پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدات بە غیابی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بۆیە ئەمەش كارێكی نایاساییە بە پێی پەیڕەوی پەرلەمانی كوردستان.״
پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکدا پەک خرا کە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لە گفتوگۆدا بوون بۆ چارەسەکردنی کێشەی سەرۆکایەتیی هەرێم کە وادە یاساییەکەی تەواو بووبوو.
بەهار مەحموود، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان بە ״ئاژانس״ی وت: ״هەر كۆبوونەوەیەك بە هەر مەبەستێك بكرێت بەبێ سەرۆكی پەرلەمان ئەوە نایاساییە و ئێمە ڕێگە بەوە نادەین و واژۆشمان كردووە لەسەر ئەو یاداشتە بۆ ئەوەی كۆبوونەوە بكرێت، بەڵام بە ئامادەبوونی سەرۆكی پەرلەمان.״
ئاماژەی بەوەش دا ئەگەر واژۆکان بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان بێت بێ سەرۆکەکەی ئەوان سەحبی واژۆکانیان دەکەن.
بە پێی زانیارییەکانی بەردەست ״ئاژانس״، تا ئێستا ٥٧ واژۆ بۆ کاراکردنەوە و دانیشتنی پەرلەمان کۆ کراوەتەوە، واژۆکان جگە لە فراکسیۆنەکانی پارتی، شیووعی، سۆسیالیست و کۆتاکان، سەرجەم حیزبەکانی تر واژۆیان کردووە.
پەرلەمانتارەکەی گۆڕان ئاشکراشی کرد حیزبەکان لە کاراکردنەوەی پەرلەمان شکستیان هێناوە و پەرلەمانتاران بەو کارە هەڵدەستن.
پەرلەمانی كوردستان خاوەنی 111 كورسییە كە هەندێك پرس لەناو پەرلەمان و بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ، بە ٥٠ کۆ ١ یەكلایی دەبنەوە و هەندێكیش بە دوو لەسەر سێی پەرلەمان یەكلایی دەبنەوە، لەم خولەی پەرلەمانیش پارتی 38 كورسی و گۆڕان 24 و یەكێتیی 18 و یەكگرتوو 10 كورسی و كۆمەڵ 6 كورسیی پەرلەمانیان هەیە، ئەوە جگە لە 10 كورسیی كۆتایی و هەندێك لە حیزبەكانی تریش كە خاوەنی یەك كورسی یان دوو كورسین.
فرسەت سۆفی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״كۆبوونەوەی پەرلەمان و كاراكردنەوە پێویستی بە تەوافووقی سیاسیی هەیە و ئێمە پێمان وا نییە بە كۆكردنەوەی واژۆ كۆبوونەوە ئەنجام بدرێت، كۆكردنەوەی واژۆ چارەسەری كێشەكان ناكات و پەرلەمان ناتوانێت بەو واژۆیانە جارێكی تر كۆ ببێتەوە״.
وتیشی: ״دەبێت لایەنە سیاسییەكان ڕێكکەوتن بكەن لەسەر كۆبوونەوە و كاراكردنەوەی پەرلەمان، بۆیە ئێمە واژۆمان لەسەر ئەو یاداشتە نەكردووە، لەگەڵ ئەوەشداین پەرلەمان كارا بكرێتەوە بەڵام لە چوارچێوەی ڕێكکەوتنی لایەنە سیاسییەكاندا״.