فەرماندەیەكی یەكێتیی: پێشمەرگە مەخەنە ململانێ سیاسییەكانەوە
ئاژانس – ئارا ئیبراهیم
وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لەوە دەكاتەوە، لێدوانەكانی مەنسور بارزانی بە ناوی پێشمەرگەوە لە بارەی هەوڵی بەهەرێمكردنی سلێمانییهوە ڕای وەزارەتەکەیانە و فەرماندەیەكی سەربازیی یەکێتییش داوا دەكات پێشمەرگە نەخرێنە ناو كێشە سیاسییەكانەوە.
دوێنێ سێشەممە مەنسور بارزانی فەرماندەی لەشكری تایبەت كە هاوكات كوڕی مەسعود بارزانییە بە ناوی هێزی پێشمەرگهوە هەڕەشەی لەو كەس و لایەنانە كرد كە هەوڵی بەهەرێمكردنی سلێمانی دەدەن و ڕایگەیاند: ״ئێمە وەك پێشمەرگە ئەو پەیامەمان هەیە که بەهەرێمكردنی پارێزگای سلێمانی به خەیاڵی شەویش نابینن، تا پێشمەرگە مابێت پارێزەری سیاسەتی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانە״.
هەڵگورد حیكمەت، وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێم بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״جەنابی كاك مەنسور ئەوەی كە وتوویەتی تەنیا وتەی خۆی نییە، ئەمە ڕەئی پێشمەرگە و فەرماندەكانی و ڕەئی وەزارەتی پێشمەرگەیە و ئەگەر خەڵكی سلێمانی بڕیاری ئەوەیان دا پیرۆزباییان لێ دەكەین، بەڵام حەقی خۆمانە ئەوە بڵێین كە قبووڵ ناكەین هەرێمێك درووست ببێت״.
ئەوە یەكەمجارە لە دوای ساڵی 2015وە كە ناكۆكییە سیاسییەكان درووست بوون؛ هێزی پێشمەرگە بەرەو ئەو ئاڕاستەیە بجووڵێندرێت كە دەست لە ناكۆكییە سیاسییەكان وەربدات و بكرێتە هێزی جێبەجێكاری سیاسەتی سەرۆكایەتیی هەرێم.
وەستا ڕەسوڵ، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی و بەرپرسی میحوەری پێشمەرگە لە باشووری كەركوك بە ״ئاژانس״ی وت: ״پێشمەرگە ڕەمزی ئازایەتییە بۆیە تكایە موزایەدەی سیاسی بە پێشمەرگەوە مەكەن و كوردستانمان پاراستووە و تێكەڵ بە ململانێی سیاسیمان مەكەن״.
زانیاریی زیاتر…
بە ناوی پێشمەرگەوە هەڕەشەی لە ״هەرێم״ی سلێمانی كرد
وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لەوە دەكاتەوە كە لێدوانەكانی مەنسور بارزانی بە ناوی پێشمەرگهوه لە دژی هەوڵی بەهەرێمكردنی سلێمانی ڕای وەزارەتە و گۆڕان و یەكێتییش ڕەخنە لەو هەڵوێستە دەگرن.
دوێنێ سێشەممە مەنسور بارزانی فەرماندەی لەشكری تایبەت كە هاوكات كوڕی مەسعود بارزانییە بە ناوی هێزی پێشمەرگهوە هەڕەشەی لەو كەس و لایەنانە كرد كە هەوڵی بەهەرێمكردنی سلێمانی دەدەن و ڕایگەیاند: ״ئێمە وەك پێشمەرگە ئەو پەیامەمان هەیە که بەهەرێمكردنی پارێزگای سلێمانی به خەیاڵی شەویش نابینن، تا پێشمەرگە مابێت پارێزەری سیاسەتی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانە״.
سەبارەت بەو لێدوانەی مەنسور بارزانییش، هەڵگورد حیكمەت، وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێم بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״جەنابی كاك مەنسور ئەوەی كە وتوویەتی تەنیا وتەی خۆی نییە، ئەمە ڕەئی پێشمەرگە و فەرماندەكانێتی كە ئەوە قبووڵ ناكات 5 ملیۆن كورد بەش بەش بكرێت، ئەو لێدوانە ڕەئی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕەئی خەڵكی كوردستانە، پێشمەرگە پارێزەر و بەدیهێنەری ئەو دەستكەوتانەیە كە خۆی بەدی هێناوە و پاراستوویەتی، ڕای پێشمەرگە و وەزارەت زۆر ڕوون و ئاشكرایە، دەستكەوتێك كە بە خوێن بە دەست هاتبێت ئامادە نییە بە هیچ شێوەیەك لە دەستی بدات״.
وتیشی: ״ئەگەر خەڵكی سلێمانی بڕیاری ئەوەیان دا پیرۆزباییان لێ دەكەین، بەڵام حەقی خۆمانە ئەوە بڵێین كە قبووڵ ناكەین هەرێمێك درووست ببێت״.
هاوكات سەردار قادر، لە بری پارێزگای سلێمانی بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئێمە داوای لامەركەزیی دارایی و كارگێڕیمان لە حكوومەتی هەرێم كردووە و داوای هەرێمبوونمان نەكردووە״.
ئەوە یەكەمجارە لە دوای ساڵی 2015وە كە ناكۆكییە سیاسییەكان درووست بووە؛ هێزی پێشمەرگە بەرەو ئەو ئاڕاستەیە بجووڵێندرێت كە دەست لە ناكۆكییە سیاسییەكان وەربدات و بكرێتە هێزی جێبەجێكاری سیاسەتی سەرۆكایەتیی هەرێم.
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی و بەرپرسی مەڵبەندی نۆی پێشمەرگەی ئەو حزبە بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەو كەسەی ئەو قسەیەی كردووە خۆی لێی مەسئولە، تا ئێستا بیرمان لێ نەكردووهتەوە سلێمانی بكەینە هەرێمێكی سەربەخۆ، ئەویش ڕەئی خۆیەتی״.
هاوكات ڕەئوف عوسمان، سەرۆكی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە ״ئاژانس״ی وت: ״حەق نییە كە مەنسور بارزانی ئەو قسەیەی كردووە، كەس ئەو سەنەدە قانوونییەی پێ نەداوە بە ناوی هەموو پێشمەرگە و هەموو پارتییەوە ئەو قسەیە بكات، ئێمە ئەو لێدوانە بە ڕەئی ڕەسمیی پارتی نابینین و دەكرێت ڕوونكردنەوەی لەسەر بدرێت״.
ئەو لێدوانەی مەنسور بارزانی لە میانەی بەشداریكردنیدا بوو لە خۆپیشاندانەكانی هەولێر لە دژی لێدوانێكی سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق كە سەبارەت بە كەسوكاری پێشمەرگە كردبووی .
وەستا ڕەسوڵ، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی و بەرپرسی میحوەری پێشمەرگە لە باشووری كەركوك بە ״ئاژانس״ی وت: ״پێشمەرگە ڕەمزی ئازایەتییە، بۆیە تكایە موزایەدەی سیاسی بە پێشمەرگەوە مەكەن و كوردستانمان پاراستووە و تێكەڵ بە كێشمەكێشمی سیاسیمان مەكەن״.
هاوكات بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە كە لەبەر هەستیاریی پرسەكە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە، بە ״ئاژانس״ی وت: ״نووسراوی ڕەسمیی وەزارەتی پێشمەرگەمان بۆ هاتووە، بێجگە لە كاتی شەڕەكان لە سەنگەردا هیچ فەرماندە و پێشمەرگەیەك نابێت لێدوان بدات، بۆیە ئەو قسەیەی مەنسور بارزانی دەرچوونە لەو نووسراوەی وەزارەتی پێشمەرگە״.