پەرلەمانی ڕۆژئاوای کوردستان ٣٠٠ کورسیی دەبێت
ئاژانس – هێمن حەسەن
پەرلەمانی ڕۆژئاوای کوردستان کە بە ״ئەنجوومەنی گەلانی ڕۆژئاوا״ ناسراوە پێک دەهێندرێت و ژمارەی ئەندامانیشی ٣٠٠ کەس دەبن، بۆ ئەوەش ٣٠ حزبی ڕۆژئاوا کێبڕکێی بەدەستهێنانی 180 کورسی دەکەن و 120 کورسییش بەسەر پێکهاتهکاندا دابەش دەکرێن و بڕیاریشە هەڵبژارنەکە لە مانگی ٩ی ئەمساڵدا بەڕێوە بچێت.
مانگی تەمووزی ڕابردوو ئەنجوومەنی دامەزرێنەری فیدراڵیی باكووری سوریا ״تەڤدەم״ بڕیاری دا سێ هەڵبژاردن لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا ئەنجام بدات، که یهکێکیان بۆ درووستکردنی ئهنجوومهنی گهلانی ڕۆژئاوای کوردستانه. تەڤدەم لە كۆبوونەوەیەكدا لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەر چوار كانتۆنەكە و سەرجەم ناوچەكانی تر بە پێی ژمارەی دانیشتووان كورسییەكانیان بەم جۆرە دابەش كردووە: هەرێمی جەزیرە كە زۆرترین ڕێژەی دانیشتووانی تێدا كۆ بووەتەوە 150 كورسی بۆ دانراوە و فوڕات 70 كورسی، عەفرین 80 كورسی، ئەو ژمارەیەش كورسییەكانی كۆتایی لە خۆ گرتووە.
هەرێمی جەزیرە كە قامیشلۆ و حەسەكە دەگرێتەوە و 150 كورسیی بەردەكەوێت، 90 كورسی بە هەڵبژاردنی یەكلا دەكرێتەوە و 60 كورسییەكەی تریش بەم جۆرە دابەش دەكرێت: كورد و عەرەب هەریەكەیان 14 كورسی، 16 كورسی بۆ سریان، 2 كورسیی ئێزدی، ئەرمەن و جاجانیش هەریەكەیان كورسییەكیان بەر دەكەوێت. ٤ کورسی بۆ گەنجەکان و لەناویاندا ٢ بۆ کورد.
هەرێمی فوڕات كە كۆبانێ و گرێ سپی دەگرێتەوە 70 کورسی بهردهکهوێت، 42 كورسی بە هەڵبژاردن دەبێت، 28 کورسی بەسەر پێكهاتەكاندا دابەش دەكرێت، كورد و عەرەب هەریەكەیان 9 كورسی، 2 توركمان، 1 ئەرمەن و 6 گەنجەكان و لە ناویاندا 3 کورسی بۆ كورد.
كورسییەكانی هەرێمی عەفرین بە هەمان سیستم دابەش كراون كە 80 کورسی بهردهکهوێت، 48 كورسی بە هەڵبژاردن دەبێت و 32 كورسی بەسەر پێكهاتەكاندا دابەش دەكرێت، كورد و عەرەب هەریەكەیان 10 كورسییان بەردەكەوێت، 4 كورسی ئێزدی، 2 توركمان و هەریەك لە (چەركەس و ئەرنۆوگ) یەك كورسییان بەردەكەوێت و 6 كورسییش بۆ گەنجان دەبێت.
هەدیە یوسف، هاوسەرۆكی دامەزرێنەری ״تەڤدەم״ ئاماژە بەوە دەكات كە ژمارەی كورسییەكان بەسەر هەرێمەكاندا دابەش كراون و پێكهاتەكان پشكی خۆیان بە شێوەیەكی زۆر گونجاو وەرگرتووە، ڕوونیشی دەكاتەوە ئەو كورسییانە بە پێی سیستمێكی پێشكەوتوو بە یەكسانی بەسەر ناوچەكاندا دابەش كراون.
هەدیە یوسف بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״هەر ناوچەیەك بە پێی ژمارەی دانیشتووانی كورسی بۆ دانراوە و نوێنەری سەرجەم ناوچەكان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان بەشدار بوون لە دیاریكردنی ئەو كورسییانە، هەمووشیان ڕەزامەند بوون لەسەر پشكەكانیان״.
بە پێی دوایین ئامار كە لە ئیدارەی خۆسەریی ڕۆژئاوای كوردستانەوە دەست ״ئاژانس״ كەوتووە نزیكەی 3 ملیۆن و 400 هەزار كەس لە ڕۆژئاوای كوردستان دەژین و كورد زۆرینەی ئەو بەشەی كوردستان پێك دەهێنێت، بە پێی ئامارەكە نزیكەی ملیۆنێك و 600 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنەكاندا، نزیكەی دوو ملیۆن كوردی ڕۆژئاوا لە ئەورووپا و توركیا و هەرێمی كوردستان دەژین و لە هەوڵی ئەوەدان ئەوانیش بتوانن دەنگ بدەن.
لە ڕۆژئاوای كوردستان نزیكەی 30 پارتی سیاسی هەیە كە بە شێوەیەكی فەرمی كاری سیاسی دەكەن و بڕیارە بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكەن، لەناو ئەو پارتانەشدا ״پەیەدە״ گەورەترین پارتی ڕۆژئاوای كوردستانە كە زۆرترین جەماوەری لە دەورە كۆ بووەتەوە، بەڵام ژمارەیەك لە پارتەكانی ئەو بەشەی كوردستان تا ئێستا ناكۆكن لەگەڵ پەیەدە و ئامادەن نین بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكەن، بەتایبەت ئەو پارتانەی لە ״ئەنەکەسە״دا کۆ بوونەتەوە.
ئەنوەر موسلیم، سەرۆكی كانتۆنی كۆبانێ بە ״ئاژانس״ی وت: ״بۆ یەكەمین جارە لە مێژووی سوریادا پێكهاتە نەتەوەییەكان لە هەڵبژاردنێكدا پشكی خۆیان بەر دەكەوێت.״
بە وتەی ئەنوەر موسلیم كورسییەكانی ئەنجوومەنی گەلانی ڕۆژئاوای كوردستان بە پێی سیستمی ستانداردی نێودەوڵەتی و بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی چەند وڵاتێك بەسەر هەرێم و شار و شارۆچكەكاندا دابەش كراون، هاوكات باس لەوە دەكات كە كەمینەكانیش خۆیان بە دوو شێوازی هەڵبژاردن و كۆتاش كورسییان بەر دەكەوێت.
ئەنجوومەنی گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان کە بڕیارە لە ڕۆژئاوای کوردستان پێک بێت هاوشێوەی پەرلەمانی كوردستانە و ئەركی دەركردنی یاسا و چاودێریكردنی كاروبارەكانی حكومەتی ڕۆژئاوای كوردستان دەبێت، ئەنجوومەنەكە لە 300 كورسی پێك دێت و نوێنەرایەتیی سەرجەم ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لە خۆ دەگرێت.
هاشم سەبری، ئەندامی ئەنجوومەنی خۆسەریی دیموكراتی لە نەتەوەی عەرەب بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ئێمە وەك پێكهاتەی عەرەب هەموو لەناو سیستمی خۆسەریی فیدراڵی ئامادەكارییەكمان كردووە بۆ هەڵبژاردنەكان، وەك بەڵێنیش دراوە كە هەڵبژاردنێكی پاك و دوور لە تەزویر بەڕێوە بچێت״.
هاشم سەبری ئاماژەی بەوەش كرد كە سەرجەم پێكهاتەكان كورسیی كۆتایان بۆ دانراوە و هاوكاتیش دەتوانن كێبڕكێ لەسەر كورسییەكانی تریش بكەن.