گۆڕان داواى سێ وەزارەت و پۆستێکی باڵا دەکات
ئاژانس – شیروان موحەمەد ئەمین
پارتی دیموکراتى کوردستان داوایەکى بزووتنەوەى گۆڕان بۆ وەرگرتنى پۆستی جێگری سەرۆکوەزیرانى کابینەى داهاتووى حکومەتى هەرێم ڕەت دەکاتەوە و پێی ڕاگەیاندوون کە ئەو پۆستە هی یەکێتییە و بزووتنەوەکەش داواکارییەکانى دەگۆڕێت بۆ سێ وەزارەت و جێگری سەرۆکی هەرێم، بۆ هەر وەزارەتێکیش سێ کاندیدی دەبێت و بە دەنگدانی نهێنی لە جڤاتی نیشتیمانى یەکلایی دەکرێنەوە.
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بە هۆی هەستیاریی پرسەکەوە ئامادە نەبوو ناوی ئاشکرا بکەین، بۆ ״ئاژانس״ وتى: ״داواکاریی گۆڕان لە پارتی ئەوەیە کە زۆر پێداگری لە پۆستی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم دەکەن، بەڵام پارتی بە ڕاشکاوی بە بەرپرسانی گۆڕانیان ڕاگەیاند ئەو پۆستە بۆ یەکێتیى دەبێت. ״
لە پاش ئەو ڕەتکردنەوەیەى پارتى گۆڕانیش لیستى داواکارییەکانى خۆى گۆڕیوە بۆ وەزارتەکانى دارایی، پێشمەرگە، پەروەردە و پۆستى جێگرى سەرۆکى هەرێم.
ئەندامێکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، کە ئەویش نەیویست ناوى ئاشکرا بکرێت، بۆ ״ئاژانس״ وتى: ״گۆڕان لە سەرەتاوە بە دوودڵی داوای پۆستی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کردووە، چونکە دەیزانى پارتى نایانداتێ، دڵنیا بووین، گۆڕان بۆ هەر وەزارەتێک سێ کاندیدی دەبێت و بە دەنگدانی نهێنی لە جڤاتی نیشتیمانی یەکلایی دەکرێنەوە، کە بەهێزترین کاندیدەکان بۆ وەزارەتی دارایی، عەلی حەمەساڵح و بۆ وەزارەتی پێشمەرگەش مستەفا سەید قادر و بۆ جێگری سەرۆکی هەرێمیش ئارام شێخ محەمەد دەبێت״.
بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی بە ״ئاژانس״ى وت: ״لەسەر پاکێجی حکومڕانی هیچ خیلافێک لە نێوان ئێمە و گۆڕاندا نییە، ئەوان داوای سێ پۆستی وەزاری خزمەتگوزاری و جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان لە پارتی کردووە، بەڵام مەرج نییە هەموو داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت و پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی هەرێم لە نێوان یەکێتیی یان گۆڕاندا یەکلایی دەکرێتەوە.״