ڕۆژانە دەیان هەزار دۆلار لە خەڵک و بازرگانان وەردەگیرێت
ئاژانس
پارتی باج و سەرانە لەو كەلوپەل و كاڵایانە وەردەگرێت كە لە پارێزگای دهۆكەوە هەناردەی شنگال و ناوچە جێناكۆكەكانی سنووری پارێزگای موسڵ دەكرێت، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمیش دەڵێت ئەوان بازگەی ڕەسمیی گومرگیان لەو ڕێگەیە نییە و ئاگاداریش نین بڕ و شێوازی ئەو گومرگە چۆن دەکرێت.
دوای كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە جێناكۆكەكان، پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێگەی نێوان پارێزگای دهۆك و شنگالی داخست كە تەنها ڕێگای گەیشتن بوو لە دهۆكەوە بۆ زوممار و شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری، لە ئێستادا بە كردنەوەی ڕێگاكە پارتی بازگەیەكی لە نزیك ناحیەی سحێلا درووست كردووە بۆ وەرگرتنی باج لەو كاڵایانەی لە پارێزگای دهۆكەوە هەناردەی ئەو ناوچانە دەكرێت.
ساڵح گەرگەری، كارگێڕی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״پارتی بازگەی لە سحێلا داناوە، دەیانەوێت بە هەمان شێوەی ڕابردوو لەو بازگەیە پارە لەو هاووڵاتییانە وەربگرن كە شتومەك لە پارێزگای دهۆكەوە دەبەن بۆ ناوچەكانیان.״
وتیشی: ״داهاتەكەی بۆ یەكێك لە كوڕەكانی بارزانییە و لە لایەن عەقیدێكی پارتییەوە سەرپەرشتی دەكرێت و ڕۆژانە خەڵكی فەقیر و هەژار گومرگ دەكرێن، داهاتی بازگەكە ڕۆژانە دەیان هەزار دۆلارە.״
لە بازگەی سحێلا، بۆ هەر سەر مەڕێک کە تێدەپەڕێندرێت بڕی ١٧ هەزار دینار و بۆ هەر تەنێک گەنم بڕی ٥٠ هەزار دینار وەردەگیرێت، بۆ کەرەستەی بیناسازییش پارەی زیاتر وەردەگیرێت.
״حكومەتی هەرێم و ئەندامانی پەرلەمانمان لەو كارە نایاساییانە ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام دەسەڵات لەو ناوچەیەدا لە دەست حكومەتدا نییە، هیچ لایەنێك بە دەم داواكاریی خەڵكی ناوچەكەوە نەهاتووە.״ ساڵح گەرگەری وای وت.
لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥ی ئەیلوولی ئەمساڵدا، سوپای عێراق حەشدی شەعبی هێرشی کردە سەر ناوچە جێناکۆکەکان و موسڵ و شنگال و ناوچە جێناکۆکەکانی نەینەواش کەوتنەوە دەست سوپا و حەشدی شەعبی و ئێستا لە لایەن حکومەتی عێراقییەوە بەڕێوە دەبرێن.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەو بازگانە هیچ پەیوەندییەكیان بە ئێمەوە نییە و خاڵی گومرگی ڕەسمیمان لەو ناوچانەدا نییە، ئەگەر هەشبێت ئاگاداری بڕ و شێوازی گومرگكردنیان نین.״
پێشتر له شنگال حشدی شهعبی، هێزی پێشمهرگه و هێزهکانی یهبهشهی لێ بوون و ههر یهکهیان بهشێکی قهزاکهیان بهڕێوه دهبرد.
مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شەنگال، بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەو بازگەیەی لە ناحیەی سحێلا دانراوە سەر بە ئیدارەی پارێزگای دهۆكە و پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، ئاگاداری كاری بازگەكە نین.״