بڕیارده‌رى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك: ئێمه‌ی كه‌ركوكی باجی نه‌وت و چه‌ند كه‌سێك ده‌ده‌ین كه دانیشتووی هه‌رێمن
سازدانى: عیماد جه‌بارى
ئه‌ڵماس فازڵ بڕیارده‌رى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك ئاشكرای ده‌كات، سه‌باره‌ت به پۆستى پارێزگارى ئه‌و شاره به پارتییان وتووه، كه هه‌ر كه‌سێكیان پێ قبووڵ بێت یه‌كێتیى كاندیدى ده‌كات و ئه‌وانیش هێڵى سووریا‌ن له‌سه‌ر كه‌س نه‌بووه و ده‌شڵێت: «ده‌بێت مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی به‌جدی له‌گه‌ڵ پارتیدا دابنیشێت و ئه‌م پرسه یه‌كلایی بكاته‌وه.«
ئه‌ڵماس فازڵ كه له‌سه‌ر پشكى یه‌كێتیى له‌و پۆسته‌دایه له چاوپێكه‌وتنێكى «ئاژانس»دا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، كه دۆخى كه‌ركوك وه‌ك ئێستا نامێنێته‌وه و ده‌شڵێت: «ئێمه‌ی كه‌ركوكی باجی نه‌وت و چه‌ند كه‌سێك ده‌ده‌ین كه دانیشتووی هه‌رێمن.»
ئاژانس: سه‌ره‌تا له بارودۆخی ئه‌منیی كه‌ركوكه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین، ده‌وروبه‌ری شاره‌كه هێشتا مه‌ترسیی داعشی له‌سه‌ره، ئه‌وه بۆ؟
ئه‌ڵماس فازڵ: پێم وایه داعش له ڕووی سه‌ربازییه‌وه به‌زێنراوه، به‌ڵام به هۆی پاكنه‌كردنه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كیی ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك و زاڵبوونی بیری توندڕه‌ویی داعش به‌سه‌ر دانیشتووانهكهیهوه وای كردووه هێشتا مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌ندێك ناوچه هه‌بێت.
دواتر به‌شێك له مه‌ترسییه‌كانی داعش پیلانگێڕییه دژی دۆخی كه‌ركوك، سه‌ره‌تا له داقووق و ناوچه‌ی كاكه‌ییه‌وه ده‌ستیان پێ كرد، مه‌به‌ستیان قڕكردنی كورد و گونده كوردنشینهكانه، ئه‌گینا داعش هه‌رگیز ناتوانێت به هێزێكی سه‌ربازییه‌وه بێته ناو شاری كه‌ركوك و داگیری بكات، ته‌نها ده‌توانێت له ڕێگه‌ی كرده‌وه‌ی تیرۆریستییه‌وه ئارامی له شاره‌كه تێك بدات.
ئه‌م هێزه سه‌ربازییه‌ی ئێستا له كه‌ركوكه به‌لای خه‌ڵكی شاره‌كه‌وه نامۆیه، بۆیه هه‌رگیز متمانه‌یان پێ ناكرێت وه‌كو ئه‌وه‌ی خه‌ڵك متمانه‌ی به هێزی پێشمه‌رگه بوو، له ڕاستیدا ئه‌م هێزانه له ترسا به شه‌وان بازگه‌كانیان چۆڵ ده‌كه‌ن.
ئاژانس: گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه چاره‌سه‌ره؟ بۆ ئه‌وه دوایین هه‌نگاو چییه كرابێت؟
ئه‌ڵماس فازڵ: به ڕاشكاوانه له باره‌ی هه‌نگاوه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌وه ده‌دوێم، ئێمه كۆبوونه‌وه‌ی زۆرمان له‌و باره‌یه‌وه ئه‌نجام داوه، به‌شێكی ئاشكرا و به‌شێكیشی كۆبوونه‌وه‌ی داخراو بوون، هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان مه‌ترسیی گه‌وره‌یان هه‌یه له‌سه‌ر كه‌ركوك و له هاوكێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تێگه‌یشتوون، بۆیه مه‌ترسیی گه‌وره‌یان هه‌یه له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی ئاشتی، بۆیه ئه‌ویش جارێكی تر بیری له‌وه كردووه‌ته‌وه كه گۆڕانكاری له دۆخه‌كه‌دا بكات، به‌ڵام كه‌ی و چۆن جارێ ئه‌وه‌یان ئاشكرا ناكه‌ین، به‌ڵام دڵنیابن خه‌ڵكی كه‌ركوك له‌م دۆخه نیگه‌رانه و چیتر ناتوانین ڕایبكێشین، بۆیه دڵنیاتان ده‌كه‌م دۆخی شاره‌كه وه‌كو خۆی نامێنێت.
ئاژانس: تۆ له زۆربه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌شدار بوویت، هیچ به‌ڵێنێكی دڵخۆشكه‌ریان هه‌یه؟
ئه‌ڵماس فازڵ: به‌ڵێ، ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێستا ژهنهڕاڵێكى پایه‌به‌زر و یه‌كێك له ئه‌فسه‌ره باڵاكانی باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مەریكا به هه‌لیكۆپته‌ر هاته سه‌ربازگه‌ی كه‌یوان و له‌گه‌ڵی دانیشتین، له ماوه‌ی دوو سه‌عات و نیودا هه‌موو مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر كه‌ركوك و هه‌ڕه‌شه‌كانی داعشمان بۆ خسته ڕوو، دواتر له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی حه‌فتا و لایه‌نه كوردستانییه‌كان كۆ بوونه‌ته‌وه و له ئێستادا سه‌رقاڵی به‌دواداچوونن سه‌باره‌ت به‌و پرسه.
ئاژانس: ده‌ره‌نجامى چى بوو؟
ئه‌ڵماس فازڵ: هه‌نگاوی جددی هه‌یه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه، ئه‌مەریكییه‌كان له ههنگاوهكانیاندا ساردن و په‌له ناكه‌ن، ئه‌گینا له ئێستادا سه‌رقاڵی چاودێرین و به‌رامبه‌ر گلهییهكانیشمان لێیان كه پشتیان له پێشمه‌رگه كردووه، ئه‌وان ڕه‌تیان كردووه‌ته‌وه و ڕایانگه‌یاندووه كه پێشمه‌رگه به هاوپه‌یمان و دۆستی زۆر باش ده‌زانن.
ئاژانس: به‌م دواییه پارێزگاری كه‌ركوك به وه‌كاله‌ت بڕیاری داوه كه كار به سه‌رژمێریی ساڵی 1957 نه‌كرێت، ئه‌مه مه‌به‌ست و زیانه‌كانی بۆ كورد چین؟
ئەڵماس فازڵ: زیانه‌كانی ئه‌و بڕیاره زۆرن، له ماوه‌ی پێشوودا چووینه لای سه‌باره‌ت به‌م بڕیاره، به‌ڵام ئه‌وكات هێشتا نووسراوه‌كه‌مان له‌به‌ر ده‌ست نه‌بوو، به‌داخه‌وه ئه‌و نكۆڵی كرد بڕیاری له‌و شێوه‌یەی دابێت، پێشتر به بڕیاری هه‌رسێ پێكهاته‌كه ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا سه‌رژمێری كرده مه‌رج بۆ دامه‌زراندن، به‌ڵام وا دیاره ئه‌مه‌یش هه‌وڵێكی دیكه‌یه بۆ گۆڕینی دیموگرافیای شاری كه‌ركوك.
ئاژانس: ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا هه‌ڵوێستی ده‌بێت له‌سه‌ری؟
ئه‌ڵماس فازڵ: ده‌یان جار هه‌ڵوێستمان هه‌بووه و سكاڵاشمان تۆمار كردووه، مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتییش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و پرسه سه‌ردانی ڕاكان سه‌عیدی كرد و به ئاشكرا پێیان ڕاگه‌یاند كه وه‌كو یه‌كێتیی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ئه‌و ده‌ینێ قبووڵی ناكه‌ن.
ئاژانس: ده‌وترێت پاێزگاری كه‌ركوك به وه‌كاله‌ت دان به ئه‌نجوومه‌نی پارێزگادا نانێت و به‌ده‌ر له چاودێری ئێوه بڕیار ده‌رده‌كات؟
ئه‌ڵماس فازڵ: به هۆی ته‌واونه‌بوونی ڕێژه‌ی یاساییه‌وه ناتوانرێت ئه‌نجوومه‌ن كارا بكرێته‌وه و چاودێریی پارێزگار بكات، له حه‌فته‌ی پێشوودا ڕاكان سه‌عید داوای كرد حەفتانه له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن كۆ ببێته‌وه به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نه‌كه خۆی كۆ نابێته‌وه.
لایه‌نی به‌ره‌ی توركمانی له‌ناو خۆیاندا ڕێك ناكه‌ون له‌سه‌ر دانانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌ن، عه‌ره‌به‌كانیش له‌ناو خۆیاندا ناكۆكییان هه‌یه و به‌شێكیان پشتیوانی ڕاكان سه‌عید نین، لیژنه‌كانیش كه ده‌توانن كۆ ببنه‌وه ئه‌وانیش كۆ نابنه‌وه، بۆ هامشێك ده‌بێت نووسراوه‌كه بچێته هه‌ولێر بۆ لای ڕێبوار تاڵه‌بانی، دواتر به چه‌ند ڕۆژێك ده‌گه‌ڕێته‌وه و جارێكی تر ده‌ینێرینه‌وه بۆ ئیمزاكردن، واتا بۆ هه‌ر نووسراوێك پێویستمان به حه‌فته‌یه‌ك بۆ ده ڕۆژه، له كاتێكدا ئه‌و نووسراوانه‌ی دژی ئێمه‌ی كورده له هه‌مان ڕۆژدا له لایه‌ن ڕاكانهوه ڕه‌وانه‌ی فهرمانگاكهی ده‌كرێت و جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ئاژانس: له ماوه‌ی ڕابردوودا ڕاكان سه‌عید داوای له ئه‌نجوومه‌نی شار كرد كۆبوونه‌وه‌ی حه‌فتانه بكه‌ن، ئه‌مه واتای ئه‌وه نییه كه ده‌یه‌وێت بیكاته شوێنگره‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا؟
ئه‌ڵماس فازڵ: ئه‌نجوومه‌نی شار دۆخی له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا خراپتره له ڕووی ئامادەنهبوونی ئهندامهكانییەوه، ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه له كاتی خۆیدا به ڕێككه‌وتن دامه‌زرێنرا كه پێك هاتووه له 6 كورد، 6 عه‌ره‌ب، 6 توركمان و یه‌كێكیشیان له پێكهاته‌ی مه‌سیحییه، كاتێكیش بۆ ئه‌و پرسه چووینه لای ڕاكان سه‌عید ئه‌و ڕه‌تی كرده‌وه كه هه‌نگاوی هاوشێوه‌ی نابێت، به‌ڵكو ته‌نها له‌سه‌ر داوای به‌غدا ویستوویەتی له ئه‌نجوومه‌نه‌كه بكۆڵێته‌وه.
ئاژانس: ئه‌گه‌ر پارێزگار ئه‌وه‌نده لادانی هه‌یه بۆچی متمانه‌ی لی وه‌رناگرنه‌وه له ئه‌نجوومه‌ن؟
ئه‌ڵماس فازڵ: ئێمه ڕێك كه‌وتووین بۆ لابردنی ڕاكان سه‌عید له‌و پۆسته، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پشتی شكاندووین نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگایه، ڕووبه‌ڕوو به پارێزگاری كه‌ركوك به وهكالهتم وتووه، ئه‌م شوێنه شوێنی تۆ نییه و پێمان خۆشه ڕادهستمانی بكه‌یته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕێز و حورمه‌ته‌وه مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵ بكه‌ین، به‌ڵام گرفته‌كه له‌وه‌دایه كه عه‌ره‌ب و توركمان هه‌رگیز له‌گه‌ڵماندا نابن، ئێمه‌یش وه‌كو ئه‌ندامانی یه‌كێتیی به ته‌نها 6 كه‌سین و هیچمان پێ ناكرێت.
ئاژانس: ئاماده‌نه‌بوونی ئه‌ندامانی پارتی له ئه‌نجوومه‌ن بۆ ڕێگرییه له سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له پارێزگاری كه‌ركوك به وه‌كاله‌ت، یاخود بۆ ڕێگرییه له دانانی پارێزگاری نوێ له پشكی یه‌كێتیی؟
ئه‌ڵماس فازڵ: نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ده‌ستهه‌ڵنه‌گرتنی یه‌كێتییه له كه‌ركوك، ئێمه به پارتیمان وتووه ئێوه هه‌ركه‌سێكتان پێ قبووڵ بێت ئێمه كاندیدی ده‌كه‌ین و ئه‌وانیش هێڵی سووریا‌ن له‌سه‌ر هیچ كه‌سێك نییه، ئه‌ندامانی پارتی هه‌یه له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا حه‌ز ده‌كات بگه‌ڕێته‌وه شاره‌كه و باوه‌ڕی به خه‌باتی مه‌ده‌نییه به‌ڵام حزبه‌كه‌ی ڕێگای پێ نادات.
ئه‌گه‌ر پارتی مه‌به‌ستی هه‌ڵنه‌كردنی ئاڵای كوردستانه له كه‌ركوك، ئه‌ی بۆ له موسڵ به‌شداره، كاره‌ساته‌كه له‌وێدایه كه ئێمه چه‌ند ده‌مانه‌وێت برایه‌تی و ته‌بایی له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی دیكه‌دا ڕابگرین، كه‌چی ئه‌وان به پێچه‌وانه‌وه بیر ده‌كه‌نه‌وه، ئێمه له یه‌كگرتووی ئیسلامی تێناگه‌ین بایكۆتی كردووه یان له حكومه‌تدا به‌شداره، دوو ئه‌ندامی یه‌كگرتوو گه‌ڕاونه‌ته‌وه به‌ڵام سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌ن به وه‌كاله‌ت نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه!!
ئاژانس: سیناریۆكانی به‌رده‌م یه‌كێتیی چین بۆ دانانی پارێزگاری نوێی كه‌ركوك؟
ئه‌ڵماس فازڵ: یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه دوو ڕێگای هه‌یه، یه‌كه‌م ده‌بێت مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی به جددی له‌گه‌ڵ پارتیدا دابنیشێت و ئه‌م پرسه یه‌كلایی بكاته‌وه، یه‌كێتیی ماڵی هه‌ولێری ئاوه‌دان كردووه‌ته‌وه كه پهرلهمانهكهیه، ئه‌ی خێره ماڵی كه‌ركوك كه ئه‌نجوومه‌نی پارێزگایه وێرانه!
دووه‌م له حاڵه‌تی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی ده‌بێت چاوه‌ڕێی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ین كه ئه‌وه‌یش كاتێكی زۆری ده‌وێت.
ئاژانس: ده‌وترێت به‌شێك له به‌رپرسانی كورد به‌تایبه‌ت پارتی كه‌ركوكیان به نه‌وته‌كه‌یه‌وه ویستووه و كه ئێستا چووه‌ته ده‌ست به‌غدا بۆیه ناگه‌ڕێنه‌وه، پێت وا نییه ئه‌وه ڕاست بێت؟
ئه‌ڵماس فازڵ: ئه‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر كه‌ركوكدا هات هه‌مووی په‌یوه‌ندی به نه‌وته‌وه بوو، گه‌وره‌ترین هه‌ڵه پارتی كردی و ئیداره‌ی كه‌ركوكیش باجه‌كه‌ی دا نه‌وتی شاره‌كه بوو، هه‌رێم كاتێك نه‌وتی كه‌ركوكی فرۆشت نه بارودۆخی كوردستانی پێ باش كرا و نه توانی مووچه‌یش بدات، ته‌نها كێشه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ به‌غدا گه‌وره‌تر كرده‌وه و كه‌ركوكیشی به‌م ده‌رده برد.
ئاژانس: له سكاڵای سه‌ر یه‌كێتیی له كه‌ركوك سه‌باره‌ت به ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردن به جۆرێك له جۆره‌كانی گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووش چوونه پاڵ داواكاری عه‌ره‌ب و توركمان، ئه‌مه زیان نییه به پێگه‌ی كورد؟ ئه‌و لایه‌نانه‌تان له‌وه ئاگادار كردووه‌ته‌وه؟
ئه‌ڵماس فازڵ: سه‌د خۆزگا ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی ئه‌و لایه‌نانه كردیان به یه‌كه‌وه له به‌غدا سه‌باره‌ت به ده‌نگدان، ده‌ست و قاچیانم ماچ ده‌كرد ئه‌گه‌ر جارێكیش بۆ مادده‌ی 140 و زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان بیانكردایه، ئه‌وه‌شی كردیان به ته‌نها لێدان بوو له یه‌كێتیی.
ئاژانس: له ڕوانگه‌ی تۆوه كه‌ركوك داگیر كراوه؟
ئه‌ڵماس فازڵ: كه‌ركوك بووه‌ته مایه‌ی بازرگانی بۆ هه‌موو لایه‌ك، خه‌ڵكی كه‌ركوك له هه‌رێم و به‌غدا نیگه‌ران و تووڕه‌ن، ئێمه‌ی كه‌ركوكی باجی نه‌وت و چه‌ند كه‌سێك ده‌ده‌ین كه دانیشتووی هه‌رێمن، هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم هیچ كه‌سێك پۆست له كه‌ركوك وه‌ربگرێت ئه‌گه‌ر ماڵی له شاره‌كه‌دا نه‌بێت.