مۆرینیۆ دێ و سۆلارییش دەمێنێتەوە
ئاژانس:
چەند سەرچاوەیەكی رۆژنامەنوسی پلانی داهاتووی یانەی ریاڵ مەدرید ئاشكرادەكەن و وردەكاریی پرۆژە گەورەكەی یانەكەیش بڵاودەكەنەوە، كە خۆی لە گۆڕینی دەستەی راهێناندا دەبینێتەوە.
سەرچاوەكە، ئاماژە بەوەدەكات لە سەرەتای وەرزی داهاتووەوە ئیدارەی یانەی ریاڵ مەدرید راهێنەرێكی بەئەزمون دەهێنن و سەرپەرشتیی تەواوی پرۆژە گەورەكە دەكات، هاوكات سانتیاگۆ سۆلاری ئەرجەنتینی دەبێتە یاریدەدەری ئەو راهێنەرە بۆ ئەوەی ئەزموونی زۆرتر وەربگرێت و دواتریش ببێتە راهێنەری سەرەكی و ماوەیەكی زیاتر لە یانەكە بمێنێتەوە.
ئیدارەی یانەی ریاڵ مەدرید پێیانوایە سۆلاری دەبێتە راهێنەرێكی گەورەی تۆپی پێ، بەڵام لە ئێستادا تەنها پێویستی بە وەرگرتنی ئەزموونی زیاتر هەیە، وەكچۆن لەهەندێ یارییەكاندا دەبینن.
سۆلاری ئەركی مەشق و راهێنانی ریاڵ مەدریدی لە كۆتاییەكانی 2018دا وەرگرت، پاش ئەوەی جولیان لۆپتیگی بەهۆی ئەنجامە خراپەكانیەوە لە پۆستەكەی دورخرایەوە.
خۆزێ مۆرینیۆی پورتوگالی بەهێزترین پاڵێوراوە بۆ ئەوەی لەسەرەتای وەرزی داهاتووەوە سەرپەشتیی ئەو پرۆژە گەورەیەی ریاڵ مەدرید بكات.
فلۆرینتینۆ پیرێزی سەرۆكی یانەی ریاڵ مەدرید بیر لەوەدەكاتەوە جارێكی دیكە ئەزمون لەگەڵ مۆرینیۆ دوبارەبكاتەوە، بەوپێیەی پێشتر پێكەوە تاڕادەیەك سەركەوتنیان بەدەستهێناوە. مۆرینیۆ لە 3 وەرزدا 3 نازناوی بۆ یانەكە بردەوە.
بەڵام ئەوەی دەبێتە بەربەست لەبەردەم هێنانی مۆرینیۆدا هەندێك لە بەڕێوەبەر و ئیداریی و یاریزانەكانی ریاڵ مەدریدن.
هەندێ لە یاریزانەكانی ریاڵ مەدرید نایانەوێت دوبارە لەگەڵ مۆرینیۆدا كاربكەنەوە، لەسەروو هەمووشیانەوە سێرجیۆ رامۆسی كاپتن و مارسیلۆی بەرازیلی و تەنانەت تیبۆ كۆرتوای گۆڵچیی یانەكەیش.
وەكچۆن هێنانی مۆرینیۆ دەبێتە بەربەستێكی گەورەیش لەبەردەم كڕینی ئیدین هازاردی بەلجیكیدا، بەوپێیەی ئەو ئەستێرەیەی یانەی چێڵسی پەیوەندیی خراپی لەگەڵ سپێشەڵ وەندا هەیە.