یەكەمی عێراقە
ئاژانس – ئادەم ئاودەل
گوڵەبەڕۆژەی دەشتی بیتوێن بە باشترین و پڕبەرهەمترین گوڵەبەڕۆژە دادەنرێت لەسەر ئاستی عێراق، ساڵانە ڕێژەیەكی زۆری لێ بەرهەم دەهێنرێت و بەشێكی زۆری خواستی بازاڕ پر دەكاتەوە.
ڕەشید خدر 27 ساڵ جووتیار لە گوندی قەرەنی ئاغا، سەرەڕای جووتیاری خۆیشی دوكانی فرۆشتنی گوڵەبەڕۆژەی هەیە و بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״بە گشتی هەم بەرهەمەكە هەم جۆری بەرهەمەكە باشە، بەڵام خواست لەسەر گوڵەبەڕۆژە وەك ساڵانی پێشوو نییە و زۆر كەمترە، هەر بۆیە نرخەكەی زۆر هەرزانترە لە جاران، ساڵی پار ئەم گوڵەبەڕۆژەیەی ئێستا هەمە بۆ یەك كیلۆگرام بە (٣٠٠٠) دینارم دەفرۆشت، بەڵام ئەمساڵ نرخەكەی ٥٠% دابەزیوە.
ڕەشید كەسێكی پیشهییه و دەرچووی كۆلیژی كشتوكاڵە، وتیشی: ״ئێستا بەشێك لە بازرگانان جۆرە گوڵەبەڕۆژەیەك لە دەرەوە دێنن كە بە توركی و ئەمهریكی ناسراوە، ئەگەرچی جۆرەكەی زۆر خراپە، بەڵام لەبەر هەرزانیی نرخەكەی خەڵكەكە زیاتر ئەو گوڵەبەڕۆژەیە دەكڕن، ئەمەش وای كردووە گوڵەبەڕۆژەی خۆماڵی خواستی لەسەر كەم بێت و جووتیاران وەك پێویست نەتوانن بەرهەمەكە بفرۆشن״.
توانا محەمەد تەمەنی ٢٩ ساڵە و ماوەی چەندین ساڵە بنەماڵەكەیان كاری جووتیاری دەكەن و هەموو ساڵێكیش گوڵەبەڕۆژە دەچێنن، ئەو بە ״ئاژانس״ی وت: ״بەرهەمی ئەمساڵمان باش بوو، بەڵام لە بازاڕ ساخبوونەی ئهستەمە و خواستی خەڵك وەك ساڵان نییە بۆ گوڵەبەڕۆژە، ڕەنگە بەشێكی بە هۆی قەیرانەكەوە بێت.״
ساڵانە لە دەشتی بیتوێن چەندین جۆری بەرهەمی جیاجیای كشتوكاڵی بەرهەم دەهێنرێت، یەكێك لەو بەرهەمە كشتوكاڵییانە گوڵەبەڕۆژەیە كە زۆرترین بەرهەمی هەیە لەسەر ئاستی هەرێم و عێراقدا.
وتیشی: ״حكومەت هیچ هاوكارییەكمان ناكات، نە بۆ پەین و نە بۆ فرۆشتنی بەرهەمەكەش، سەرەڕای ئەوەش ئاستەنگمان بۆ درووست دەكات كە ڕێگە دەدات لە دەرەوە گوڵەبەڕۆژە هاوردە بكرێت، ئەمە زیانێكی زۆر لە بازاڕی ئێمە دەدات.״
لە پێش ڕووخانی ڕژێمی عێراق لە ساڵی 2003 ڕێژەیەكی زۆری گوڵەبەڕۆژە لەم ناوچەیە دەچێنرا كە ساڵانە ڕووبەری كێڵگەی گوڵەبەڕۆژە زیاتر بوو لە ٥٠ هەزار دۆنم، بەڵام دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق ڕێژەكە زۆر كەمی كردووە.
ساڵح حسێن ساڵح بەڕێوبەری كشتوكاڵی ڕانیە دەربارەی بەرهەم و جۆری گوڵەبەڕۆژی بیتوێن بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״ساڵانە ڕێژەیەكی زۆر باش بەرهەم دەهێنرێت كە زیاتر لە ١٠ هەزار دۆنم دەچێنرێت، ئەگەرچی ماوەی دوو ساڵە بە هۆی قەیرانی داراییەوە نەمانتوانیوە ئاماری بەرهەمە كشتوكاڵییەكان بكەین، چونكە پێویستی بە ستافە و خەرجیی پێویستە، بۆیە وەزارەتی كشتوكاڵ ئەو ئامارەی ڕاگرتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئەوە دەزانین كە هەم لە ڕووی چەندایەتی و هەم لە ڕووی جۆرایەتییهوه باشترین جۆری گوڵەبەڕۆژە هیی ئەم ناوچەیەی ئێمەیە.״
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ڕانیە وتیشی: ״لە پێشتردا بەرهەمێكی یەكجار زۆری هەبوو كە هەناردەی خوارووی عێراق و وڵاتانی دراوسێ دەكرا، بەڵام ئێستا بەشێكی كەمی هەناردەی شارەكانی عێراق و دەرەوە دەكرێت، زۆرینەی بەرهەمەكەی ئێستا لە ناوخۆ ساخ دەكرێتەوە، كوالێتیی بەرهەمەكەش باشترین و چاكترین گوڵەبەڕۆژەیە لە عێراق و بەشێكی زۆری وڵاتانی دراوسێش״.
بە هۆی نەبوونی كارگەی پێویست و گرینگینەدانی حكومەت بە كەرتی پیشەسازی، بەشێكی زۆری ئەو گوڵەبەڕۆژەیەی لە هەرێم بەرهەم دەهێنرێت گوڵەبەڕۆژەی چەرەساتە و لە پێشتردا چەندین جۆر بەرهەم دەهات بە تایبەتی گوڵبەڕۆژەی ڕۆن، بەڵام لە ئێستادا زۆرینەی هەرەزۆری ئەم گوڵەبەڕۆژەیەی بیتوێن هیی چەرەساتە، ئەمەش ڕەنگە بگەڕێتەوە بۆ خواست و سرووشتی خەڵكەكە، ساڵح حسێن ساڵح بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ڕانیە، وای وت.