ئارەڤند ئەدیگا هاوڕێی تۆیە
کاوە قادر
״پڵنگە سپییەکە״ ناوی یەکەمین ڕۆمانی ئارەڤند ئەدیگایە، کە نووسەرێکی هیندی-ئوستورالییە. ئەو بەم ڕۆمانە، خەڵاتی ئەدەبیی مەن بووکەری بۆ ساڵی ٢٠٠٨ بردەوە. ئەدیگا، لە ڕۆمانی ״پڵنگە سپییەکە״دا پەرژاوەتە سەر ئەو درزە قووڵەی لە نێوان دەوڵەمەندان و هەژاراندا هەیە و پێشی وایە ئەوە گرینگترین بابەتە لە هیندستاندا بوونی هەبێت. کۆی ڕۆمانەکەیشی بە هەوڵێک بۆ بەیانکردنی دەنگی چینی مەزنی پلەنزمی کۆمەڵگەی وڵاتەکەی دەزانێت.
ڕۆمانی ״پڵنگە سپییەکە״ چیرۆکی کوڕیژگەیەکی گوندیی بە ناوی ״بالرام هاکڤای״ دەگێڕێتەوە، کە باوکی ساڵان گالیسکەکێش بووە، بەڵام ئەو لە بری ئەوەی ڕێی باوکی درێژە پێ بدات، دەببێتە شۆفێری تایبەتی پیاوێکی دەوڵەمەند. ئەو پاش ئەوەی کۆچ دەکات بۆ دەهلی نیو، خانەوادەکەی دەکات بە قوربانیی ئامانج و خەونە شەخسییەکانی. بالرام سەرەنجام بە جۆرێک لە گەندەڵی و فەساد و دۆرزنیدا ڕۆ دەچێت، کە دەبێتە کەسێکی تاواناکار و پڕوپووچ.
ئارەڤند ئەدیگا، لە نووسەرە هەرە تازەکانی جیهانە و لە چلەکانی تەمەنیدایە. ئەو ٢٣ـی ئۆکتۆبەری ١٩٧٣ لە هیند لە دایک بووە. لە ئوستورالیا گەورە بووە و لە ئێستادا لە بۆمبای دەژی. ئەو لە زانکۆکانی کۆڵۆمبیا و ئۆکسفۆرد خوێندوویەتی و ڕۆژنامەنووسی کۆنی گۆڤاری ״تایم״ بووە لە هیندستان.
ڕۆمانی ״پڵنگە سپییەکە״ لە یەک کاتدا، لە بەریتانیا و هیندستانیشدا، لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا، بڵاو بووەوە.
ئارەڤند ئەدیگا، لە ڕووی تەمەنەوە، دووەم نووسەری لاوە کە تاوەکوو ئێستا توانبێتی خەڵاتی مەن بووکەر وەربگرێت. ئەو لە کاتی بردنەوەی خەڵاتەکەدا ٣٣ ساڵی بوو. بێن ئەکری، لە ١٩٩١ـدا بۆ ڕۆمانی ״ڕێگای قاتی״ ئەم خەڵاتەی بردەوە و ٣٢ ساڵی بوو.
مایکل پۆرتیلۆ، کە لە کاتی براوەبوونی ڕۆمانی ״پڵنگە سپییەکە״دا، سەرۆکی کۆمیتەی داوەرانی مەن بووکەر بووە، گوتوویەتی: ״ئەم ڕۆمانە خۆی لە مەکبێسەوە نزیک دەکاتەوە. داوەران بۆیە ئەم ڕۆمانەیان هەڵبژارد، چونکە هەم شۆکت دەکات هەم سەرگەرم.״
ئارەڤند ئەدیگا سەبارەت بە ״پڵنگە سپییەکە״ دەڵێت: ״ڕۆمانەکەم لێونلێوە لە توندوتیژی. من باسی مرۆڤگەلێک دەکەم، کاتێک ئێوە سەفەر دەکەن بۆ هیندستان، ئەوان دەبینن.״
ئارەڤند ئەدیگا، بە تەنزەوە سەبارەت بەوەی کە بڕی پارەی خەڵاتەکەی چی لێ کردووە، ئاماژەی بەوە داوە کە بەر لە هەر شتێک دەبوو بە دوای بانکێکدا بگەڕێم تا پارەکەمی لێ دابنێم. دیارە ئاماژەی تەنزئامێزی نووسەر بۆ قەیرانی داراییی ئەو وڵاتەیە.
ئەم ڕۆمانە لە لایەن شلێر ڕەشیدەوە لە زمانی ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی و چاپ و بڵاو بووەتەوە.