سەرۆكوەزیران كورد تووشی گرێی ڕێككەوتن دەكات
ئاژانس – سامان عومەر
لەگەڵ هەر گۆڕانكارییەك لە كابینە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق و گۆڕینی سەرۆكوەزیران، كورد دەبێت دەستی لەسەر دڵی بێت بۆ ئەوەی لە مامەڵە و هەڵوێستی سەرۆكوەزیران تێ بگات، هەرچەندە مافی كورد لە دەستووردا پارێزراوە، بەڵام مەترسیی بڕیاری تاكەكەسی و نەگونجان لەگەڵ بەغدا لە هەموو كابینەیەكدا بۆ كورد مۆتەكەیە.
مشتومڕ و گفتوگۆی نێوان وەفدی دانوستانكاری كورد لە بەغدا لەگەڵ محەمەد عەللاوی، سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراوی دەستلەکارکێشاوە بۆ چەند بارە سیناریۆی مەترسیی كوردی لەگەڵ ئەو پۆستە و ئەو كەسەش هێنایەوە كایە كە وەریدەگرێت كە پێشتر پیایدا تێپەڕ بووە.
پێداگریی عەللاوی لە وەزیری سەربەخۆی كورد و سووربوونی وەفدی هەرێمیش لەسەر دانانی پاڵێوراوی وەزارەتەكانیان لە بەغدا، بێمتمانەیی خستەوە نێوان هەرێم و سەرۆكوەزیرانی عێراق كە باڵاترین دەسەڵاتە.
چیرۆكی چاوشاركێی كورد لەگەڵ پاڵێوراوی سەرۆكوەزیرانی عێراق نوێ نییە، ئەو گرێیە لە یەكەم سەرۆكوەزیرانی هەڵبژێردراوەوە دەستی پێ كرد، كە ئیبراهیم جەعفەری بوو لە ساڵی 2005 كە بە هۆی ناكۆكی لەگەڵ كورد دوور خرایەوە.
ئەو پرسە بۆ سەردەمی نوری مالیكی و حەیدەر عەبادییش دووبارە بووەوە، كە كورد بە تەواوی مەرجەكانییەوە نەیتوانی بچێتە ئەو حكومەتانەوە و دواتریش كێشەی لەگەڵیاندا بۆ درووست بوو.
شیروان میرزا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی بە ״ئاژانس״ی وت: ״هۆكاری دووبارەبوونەوەی گرێی سەرۆكوەزیران بۆ بوونی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەگەڕێتەوە، بە نموونە كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان و مەسەلەی پیشمەرگە و مووچە و پشكی هەرێم لە بودجە و خاڵە سنوورییەكان و داهاتی ناوخۆ.״
وتیشی: ״لەگەڵ گۆڕانی هەر حكومەتێكدا بە كرداری كورد دەبێت دەستی لەسەر دڵی بێت كە ئایا ئەو حكومەت و سەرۆكوەزیرانەی كە دێت تێڕوانین و بۆچوون و كارنامەی لەگەڵ ئەو كێشە چارەسەرنەكراوانە چۆنە، بەشێكی زۆری ئەو كێشانەش بۆ جێبەجێنەكردنی دەستوور دەگەڕێتەوە و بەشێكیشی بۆ بوونی ئەو عەقڵییەتە شۆڤێنییە دەگەڕێتەوە لەناو عەرەبدا كە هەر ماوە.״
هەرچەندە كورد لە دەستووردا بەشێكی زۆری مافەكانی زامن كراوە، بەڵام ئەو دەستوورە نەیتوانیوە متمانە بخاتە نێوان هەولێر و بەغدا و زیاتر مامەڵەكان لە نێوانیاندا كەسی بوون و درێژە بە كێشەكان دراوە.
بەهار مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״سەرەڕای بوونی ئەو مامەڵە شۆڤێنی و ئەو مێژووەی كە عێراقی تێدا درووست بووە كە پێكهاتەكان یەكتریان قبووڵ نییە و كورد بە پلەدوو دادەنێن، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت ئەوەمان بیر بچێت كە دوولایەنە دەستوور پێشێل دەكرێت لە لایەن هەرێم و بەغداوە، بۆ نموونە ئەوەی هەرێم كردی ساڵی ڕابردوو لەسەر ڕادەستنەكردنی نەوت بە بەغدا پێشێلكارییەكی دیار بوو، كە ئەمە بەهانە دەداتە دەست بەغدا بۆ ئەوەی ئەوانیش لەو شوێنەی كە خۆیان دەیانەوێت پێشێلكاری بكەن.״
شیروان میرزاش دەڵێت: ״ناواقیعییە یان نادرووستە بڵێن كورد هیچ تاوانی نییە، كوردیش بەشی خۆی هەڵەی هەیە و وەك پێویست نەهاتووەتە پێش، یان لەو كاتانەی كە دەیتوانی شتی باشتر بكات نەیكردووە.״
جیا لەو بۆچوونانە پارتی دیموكراتی كوردستان تەواوی پێشلێكارییەكان دەخاتە سەبەتەی بەغداوە، بەوەی كە پێشێلكارییەكان هەر بە تەنها بەرامبەر كورد نییە، بەڵكوو مامەڵەی شیعە بەرامبەر بە سوننە و بەشێكیش لە شیعەكان ناتەندروستە.
شیروان جەمال، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە ״ئاژانس״ی وت: ״لەگەڵ پێكهێنانی حكومەت عێراق لە ساڵی 2005ـەوە ئەم كێشەیە لە لایەن بەغداوە دووبارە دەبێتەوە، كە بەغدا ئەو بەندانەی دەستوور كە مافی كوردی تێدا پارێزراوە هەندێكی جێبەجێ دەكات و ئەو بەندانەی بە دڵی نییە جێبەجێی ناكەن.״
وتیشی: ״ئەو مامەڵەی شیعە و سەرۆكوەزیرەكانی هەر تەنها بەرامبەر كورد نییە، بەڵكوو بۆ سوننە و بەشێك لە شیعەكانیش ڕاستە، بەڵام ئەو شێوە مامەڵەكردنەی عەللاوی بەرامبەر بە كورد بۆی ناچێتە سەر و ڕەفزە و قبووڵی ناكەین.״