فەرهاد سەعیدی
ڕەنگە خەڵکانێک پێیان وابێت داعش بەرهەمی قەیرانی نێوخۆیی سوریایە و لەوێوە ڕووی لە عێراق کردووە، تەنانەت هەندێكجار لە باسوخواسە جددییەکانیشدا ئەو قسەیە هاتووەتە گۆڕێ! ڕاستە وشەی ״داعش״ پاش قەیرانی سوریا هاتە ناو ئەدەبیاتی سیاسییەوە و بووە ناوی یەکێک لە ڕادیکاڵترین گرووپە جیهادییەکانی ئەم سەردەمەی ئێستا، بەڵام ئەم وشەیە کاتێک درووست بوو کە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق توانی بەشێکی بەرفراوانی خاكی سوریا داگیر بکات و پاشگری ״شام״ بۆ ناوەکەی خۆی زیاد بکات و بیکاتە ״دولة الاسلامیة فی العراق و الشام״ کە کورتکراوەکەی دەبێتە ״داعش״.
بۆیە دەتوانین بڵێین ساڵانێک پێش قەیرانی سوریا، ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق چالاکیی تیرۆریستی بەڕێوە بردووە، پاشان لەوێوە ڕووی لە سوریا کردووە و خۆی کردووەتە هێزێکی گەورەی خاوەن خاک و چەک، دواتریش بەشێک لە هێزەکانی خۆی ڕەوانەی عێراق کردووەتەوە و توانیویەتی بەشێکی بەرچاوی خاکی ئەو وڵاتەش کۆنتڕۆڵ بکات و زەمینە بۆ ڕاگەیاندنی خیلافەتێکی ئیسلامی فەراهەم بکات. دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق ساڵی ٢٠٠٦ بە پێشنیاری ڕێكخستنەكانی ڕێکخراوی قاعیدە لە عێراق و بە بەشداریی چەندین گرووپی جیهادیی درووست بوو، بە پێی ڕێککەوتنێک کە لە نێوان گرووپەکاندا کرا، دەسەڵاتەکان دابەش بوون و ״تنظیم القاعدة فی البلاد الرافدین״ وەکو بەشێکی سەرەکیی پێکهاتەکە، وەزارەتی جەنگ و بەشێکی تری بەرپرسایەتییەکانی کەوتە ئەستۆ و بە شێوەی ڕەمزییش ئەمیرایەتیی دەوڵەتەکە درایە عێراقییەکان.
پێش درووستکردنی دەوڵەت، گرووپە جیهادییەکان لەناو پێکهاتەیەکی تردا کۆ بووبوونەوە کە ناوی ״المجلس شورا المجاهدین״ بوو، بە پێشنیاری ئەبوو مەسعەب زەرقاوی درووست کرابوو. پێش ئەوەی زەرقاوی بەیعەت بە ئوسامە بن لادن بدات و ببێتە ئەمیری یەکەمی ڕێكخستنەكانی قاعیدە لە عێراق، ئەمیرایەتیی ڕێکخراوێکی سەلەفی جیهادیی بە ناوی ״تەوحید و جیهاد״ دەکرد. بۆیە ئەگەر بمانەوێت لە ڕوانگەی مێژووییەوە باسی داعش بکەین، پێویستە بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی تەوحید و جیهاد، ئەگەریش بمانەوێت باسی تەوحید و جیهاد بکەین پێویستە ڕۆڵ و پێگەی کوردە ئیسلامخوازەکانی باشووری کوردستان لە درووستکردن و بەڕێوەبردنی ئەو ڕێکخراوەدا لە بەرچاو بگرین، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پێوەندیی کوردە سەلەفی جیهادییەکانی باشووری کوردستان و ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام ״داعش״ کە ئێستا خۆی بە خیلافەتی ئیسلامی پێناسە دەکات، پەیوەندییەکی کۆن و خاوەن مێژوویەکی چەند ساڵەیە.
رێکخراوی تەوحید و جیهاد سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٠٤ پاش یەکگرتنی کەتیبەی فەتحی ئەنسارولئیسلام و گرووپەکەی ئەبوو مەسعەب زەرقاوی درووست کرا، کوردەکان ئامادە بوون بەیعەت بە زەرقاوی بدەن و بیکەنە ئەمیری خۆیان، لە بەرانبەریشدا بەشێکی بەرچاوی پۆستەکان درایە ئەوان. بۆ نموونە عومەر بازیانی لە بەشی شەرعی ڕێکخراوەکەدا و هێمن بانی شاری لە بەشی سەربازیدا بەرپرسایەتییان وەرگرت، هاوکات هێمن بانی شاری وەکو ״والیی״ ویلایەتی کەرکوکی تەوحید و جیهاد دیاری کرا. ئەزموونی سەردەمی ئیمارەتی بیارەی کەتیبەی فەتح، گوڕ و هێزێکی زۆری بەخشییە تەوحید و جیهاد، لە لایەکی تریشەوە بەشێکی تر لە ئەندامانی ئەم کەتیبەیە بە هاوکاریی سەلەفییە جیهادییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لقی کوردستانی تەوحید و جیهادیان دامەزراند، کە پاش بەیعەتدانی زەرقاوی بە بن لادن، ناوەکەی گۆڕدرا بۆ ״کتائب القاعدة فی کردستان״ و لێرەوە پەیوەندیی نێوان کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێکخراوی قاعیدە دەستی پێ کرد.
پاش جیابوونەوەی داعش لە ڕێکخراوی قاعیدە، بە تایبەت پاش ڕاگەیاندنی خیلافەتی ئیسلامی لە لایەن ئەو گرووپەوە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١5دا، ڕەوتێکی نوێی پێوەندیگرتنی کوردە جیهادییەکانی باشووری کوردستان بەو ڕێکخراوەوە دەستی پێ کرد و لە ماوەی چەند مانگدا دەیان گەنجی کورد خۆیان گەیاندە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش. ئەوان توانییان لەناو کەتیبەیەکی سەربازیدا خۆیان ڕێک بخەن، پاشان بەشدارییان لە ڕاپەڕاندنی سەرجەم ئەرکە ڕێکخراوەییەکاندا کرد.
خەتاب کوردستانی، مەلا دانا هەڵەدنی، مەلا شوان هەولێری، ئەبو ئیسحاق سلیمانی، ئەبوو هەمام، مەروان دەربەندیخانی و ئەبوو عایشە بە بەرجەستەترین کەسەکانی ناو ئەو چەندسەد گەنجەی باشووری کوردستان دادەنرێن کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە. ״کەتیبەی سەلاحەدین״ سەرەتا لە لایەن دانا هەڵەدنییەوە ئەمیرایەتی دەکرا، پاش کوژرانی ئەو لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٥دا، ئیسماعیل موحەممەد ناسراو بە ئەبوو عایشە یاخود فاتێح کوردستانی ئەمیرایەتی و فەرماندەیی کەتیبەکەی کەوتە ئەستۆ، کە ئەویش دوو مانگ پێش ئێستا کوژرا. تا ئێستا نەزانراوە کام کوردی ناو داعش جێگای ئەبوو عایشەی گرتووەتەوە، بەڵام ئەگەری زۆرە ئێستا ״ئەبوو عومەر کوردی״ فەرماندەیی کەتیبەی سەلاحەدین بکات کە کەسێکی زۆر توندڕەوە. جگە لە ئەبوو ئیسحاق سلێمانی کە تا ماوەیەک پێش ئێستا لە ״دیوانی حیسبە״دا لە پارێزگای دیالە بەرپرسیاریەتیی هەبوو، ئەوانی تر هەموویان کوژراون.
بە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆری کوردی ناو داعشەوە، هەروەها بە هۆی پەیوەندینەکردنی زیاتری گەنجانی باشووری کوردستان بەو ڕێکخراوەوە، لە ئێستادا ڕێژەی کوردە باشوورییەکانی ناو داعش لە کەمترین ئاستی خۆیدایە. بە پێچەوانەوە ڕێژەی کوردە ڕۆژهەڵاتییەکان زیادی کردووە و دەتوانین بڵێین ئێستا لە ڕووی ئامارەوە، ژمارەی ئەوان زیاتر لە کوردەکانی باشووری کوردستانی ناو ڕێکخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامییە. زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ڕۆیشتنی کوردە ڕۆژهەڵاتییەکان بۆ ناو داعش تا ئێستاش درێژەی هەیە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ٢٠١٤ – ٢٠١٥ بە ڕێژەی 80٪ کەمی کردووە.
جێی ئاماژەیە بەشێک لەو کوردە باشوورییانەی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندان، هەر لە سەرەتاوە بەیعەتیان بە داعش دا و بە پێی دەرفەت کەوتنە یارمەتیدانی ئەو ئەزموونە نوێیە. عەلی شەمێرانی ناسراو بە عەلی موجاهید، حیکمەت شەریف، عومەر عەبدوڵڵا و ئەبوو عەبدوڵڵا ئەلسونی كوردی بەرجەستەترینی ئەو باشوورییانە بوون کە سێ کەسی یەکەمیان ماوەیەک پێش ئێستا لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانییەوە لە سێدارە دران. ئەوان توانیبوویان بە کڕینی هەندێك هێڵی ئێنتەرنێتی نایاسایی لەگەڵ کوردەکانی ناو داعشدا پەیوەندیی درووست بکەن، تەنانەت ئەوان خاوەن پەیج و لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیان بوون و وتار و بابەتی جۆراوجۆریان بە ئاڕاستەی پشتیوانیکردنی داعش بڵاو دەکردەوە. کتێبی ״مەلا کرێکار لە تەرازووی شەرعدا״ و ״کتێبی پیشمەرگە کۆمەڵی کوفر و ڕیدە״ دوو نموونە لە بەرهەمەکانی (ئەبوو عەبدوڵڵا ئەلسونی)ین کە لە زیندانەکانی ئێراندا نووسراون، پاشان لە لایەن ״دامەزراوەی ئەیووبی״یەوە کە لە لایەن کوردەکانی ناو داعشەوە بەڕێوە دەچێت بڵاو کراونەتەوە.