ئاراس حه‌سه‌ن
پڕۆژه‌ی به‌گه‌ڕخستنی چاكسازی بۆ ژینگه‌ی سیاسی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان، پڕۆژه‌یه‌كی پێویست و ژیارییه، به حوكمی ئه‌وه‌ی ئه‌م پانتاییه له ماوه‌ی 29 ساڵی ته‌مه‌نیدا ئاستی په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌كردنی به به‌راورد به بڕی داهات و دۆخی هه‌ندێك وڵاتی ناوچه‌كه وه‌كو پێویست نییه و ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك سێكته‌ردا به به‌راورد به ساڵانی ڕابردوو پاشه‌كشه‌یه‌كی مه‌ترسیداریش هه‌یه به تایبه‌ت له كه‌رتی كشتوكاڵی و پیشه‌سازی و هه‌ندێك له خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كان.
ئه‌م دۆخه له پاشه‌كشه‌یه، هه‌موو هێز و لایه‌نه‌كانی خسته به‌رده‌م بیرۆكه‌ی به‌خۆداچوونه‌وه، كه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه پڕۆژه‌یه‌كی چاكسازی ده‌هێنرێت و ده‌برێت و له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردووش‌دا له په‌رله‌مانی كوردستان به هه‌ڕه‌شه و هێرش بۆ یهكتربردن گفتوگۆ له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی كرا و بڕیاریشه سبه‌ی په‌سه‌ندی بكه‌ن و بیده‌نه‌وه به حكومه‌ت تا بیكات به نه‌خشه‌ڕێی چاكسازی، به‌ڵام كۆی پڕۆسه‌كه هێشتا جێگه‌ی متمانه‌ی هاووڵاتییان نییه و بووه‌ته چه‌قی ڕه‌خنه و توانجی ڕای گشتی و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. پرسیار ئه‌وه‌یه بۆچی پڕۆژه‌یه‌ك كه ناوی لێنراوه چاكسازی بۆ ژینگه‌یه‌كی قه‌یراناویی وه‌كو هه‌رێمی كوردستان له مه‌هامه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی خاڵی ده‌بێته‌وه و پێش له‌دایكبوونیشی متمانه له ده‌ست ده‌دات؟
ئه‌و وێنه گشتییه خراپه‌ی كه ئه‌مڕۆ بووه‌ته پێناسی پڕۆژه چاكسازییه‌كه، قوربانیی ئه‌و تۆڕه بهرژهوهندیخوازییهیە كه نه‌ك ئیراده‌ی ئه‌وه‌ی نییه هه‌ڵگری فۆڕمی چاكسازی بێت و له تموحه شه‌خسییه‌كانی خۆی بێته خواره‌وه، به‌ڵكوو له هه‌ندێ حاڵه‌تدا خۆی به مه‌غدوور ده‌زانێت و ته‌نانه‌ت ئه‌و مووچه كه‌م و ناتهواوهشی كه ده‌درێته هاونیشتیمانییان به منه‌ت و موزایه‌ده و ده‌ستكه‌وتی گه‌وره بۆ حزبه‌كه‌ی وێنای ده‌كات.
چاكسازییه‌ك ئه‌گه‌ر نه‌توانێ بۆشایی نێوان هاووڵاتییانی ئاسایی و پله تایبه‌ت و باڵاكان كه‌م بكاته‌وه و نه‌توانێ ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌و سه‌دان هه‌زار ده‌رچووه بێكاره‌ی زانكۆكان فه‌راهه‌م بكات و نه‌بێته ڕێگرێكی به‌هێز له به‌رده‌م قورخكاری و به‌هه‌ده‌ردان و بوار بۆ گه‌شه‌پێدان و باشتركردنی دۆخی گشتی نه‌ڕه‌خسێنێت. ده‌رئه‌نجام ئه‌و تێڕوانینه ناته‌ندروست و نێگه‌تیڤه‌ی به‌رهه‌م هێناوه، كه كاره‌كته‌ره‌كانی پشت ئه‌م پڕۆژه‌یه له ساته‌وه‌ختی یه‌كه‌مه‌وه بۆیان خوڵقاندووه.
كه‌واته هه‌نگاوی یه‌كه‌می چاكسازی ده‌بێ له كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانه‌وه ده‌ست پێ بكات و دواتر شۆڕ بێته‌وه بۆ ئاسته‌كانی تر، به‌بێ ئه‌م هه‌نگاوه نه چاكسازی ده‌بێته پڕۆژه و نه هاووڵاتییانیش ده‌بنه سه‌نته‌ر، ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌نده‌دا ده‌مێنێته‌وه كوشتنی كات و زه‌مینه و ده‌رفه‌تی چاكسازییه، كه ڕه‌نگه له كۆتاییدا كۆی پڕۆسه‌كه و دۆخه‌كه‌ش به ئاڕاسته‌یه‌كی پێچه‌وانه و خراپتردا به‌رێت، ئه‌و كات به ده‌یان پڕۆژه و به‌ڵێن و پاداشت نه‌توانێت كۆنتڕۆڵی بكات هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی له شه‌پۆلی به‌هاری عه‌ره‌بیدا وڵاتانی ناوچه‌كه‌ی گرته‌وه.