٣ تریلیۆن و 100 ملیار دینار چه‌كی بانكی له بازاڕدا مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت
ئاژانس – ئارا ئیبراهیم
به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی به‌ڵێنده‌رانی كوردستان، ئاشكرای ده‌كات بڕی 3 تریلیۆن و 100 ملیار دینار چه‌كی بانكی له بازاڕه‌كانی هه‌رێمدا مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت، چه‌كێكی بانكی زۆریش له هه‌ولێره‌وه ده‌هێنرێته سلێمانی‌و ساغ ده‌كرێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نرخه‌كه‌ی له سلێمانی زیاتره.
دوای قووڵبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، زیاتر له پێنج تریلیۆن دیناری هاووڵاتیانی له بانكه‌كان ڕاكێشاوهتهوهو خه‌رجی كردووه، وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كانیش به بڕی 2 تریلیۆن 500 ملیار دینار چه‌كی بۆ كۆمپانیاكان كردووه، پڕۆژه‌كانی به‌ڵێنده‌رانیش بڕی 600 ملیار دینار چه‌كیان بۆ كراوه.
پێشه‌وا عومه‌ر، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی به‌ڵێنده‌رانی كوردستان لقی سلێمانی، به״ئاژانس״ی ڕاگه‌یاند ״چه‌كی نه‌وت و گاز له پارێزگای هه‌ولێر زۆر زۆره‌و وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كان بڕی 2 تریلیۆن و 500 ملیار دینار چه‌كی بۆ ئه‌و كه‌سانه كردووه كه گازوایلی بۆ هێناون״.
لە ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥دا گازوایل لیترێكی به 400 دینار بووه، به‌ڵام وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كان به چه‌ك بۆ هه‌ر لیترێك هه‌زار و 100 دیناری بۆ حساب كردوون.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بازرگان و كۆمپانیاكان قازانجێكی زۆریان ده‌ست كه‌وتووه گوێیان له‌وه نه‌بوه ئه‌و چه‌كانه‌یان ده‌فرۆشرێته‌وه یان نا، به‌و هۆیه‌وه چه‌كێكی زۆر كه‌وتووه‌ته بازاڕه‌وه‌و به‌های نرخی چه‌ك به‌رانبه‌ر به دۆلار كه‌م بووەته‌وه، به شێوه‌یه‌ك له ئێستادا 320 هه‌زار دینار به چه‌ك له پارێزگای هه‌ولێر 100 دۆلار ده‌كات، به‌ڵام له پارێزگای سلێمانی 260 هه‌زار دینار به‌رانبه‌ر به 100 دۆلاره، به وته‌ی پێشه‌وا عومه‌ر.
هۆكاری ئه‌و جیاوازییه‌شی بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه ئه‌و چه‌كانه‌ی دراون به به‌ڵێنده‌ران چه‌كی پڕۆژهكانهو جیاوازه له چه‌كی وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كان، وتیشی: ״بۆ هه‌موو به‌ڵێنده‌رانی هه‌رێمی كوردستان بڕی 600 ملیار دینار چه‌ك دراوه و له بازاڕدا مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت، خواست زیاتر له‌سه‌ر چه‌كی به‌ڵێنده‌رانه وه‌ك له چه‌كی وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كان بۆیه به‌های زیاتری هه‌یه״.
به وته‌ی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی به‌ڵێنده‌رانی كوردستان، حكوومه‌تی هه‌رێم زیاتر له پێنج تریلیۆن دیناری هاووڵاتیانی له بانكه‌كان ڕاكێشاوه‌و خه‌رجی كردووه و هاووڵاتیانیش متمانه‌یان به بانكه حكوومییه‌كان نه‌ماوه، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه له‌و هۆكارانه‌ی پاره له بانكه حكوومییه‌كاندا نه‌ماوه‌و كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی كردووەته سه‌ر به‌های چه‌كی بانكی.
یه‌كێتیی به‌ڵێنده‌رانی كوردستان، چه‌ندین جار له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان گفتوگۆیان كردووه بۆ چاره‌سه‌ركردنی چه‌كی به‌ڵێنده‌ران و چه‌ندین پێشنیاریان خستوونه‌ته به‌رده‌م كه ئه‌و چه‌كانه حكوومه‌ت مامه‌ڵه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ بكات، داوایان كردووه ئه‌و كه‌سانه‌ی حكوومه‌ت پێشینه‌ی خانوبه‌ره و هاوسهرگیریو پیشهسازیو سه‌رجه‌م پێشینه‌كانی تری پێ داون بتوانرێت به چه‌ك بدرێته‌وه به حكوومه‌ت، به‌ڵام حكوومه‌ت وه‌ڵامی ئیجابیی نه‌داوه‌ته‌وه و كێشه‌كه وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه كه له بازاڕدا به نایاسایی مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت.
له ئێستادا له بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، چه‌كی بانكی به‌راورد به پێنج مانگ له‌مه‌وبه‌ر به‌هاكه‌ی دابه‌زیوه.
سه‌ركار عه‌لی، له بازاڕی دۆلاره‌كه‌ی سلێمانی كاری ئاڵوگۆری دراو ده‌كات، به״ئاژانس״ی ڕاگه‌یاند چه‌كی بانكی له بازاڕی دۆلاره‌كه‌ی سلێمانی مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت به‌هاكه‌ی به به‌راورد به پێنج مانگی ڕابردوو دابه‌زیوه.
وتیشی: ״له پێنج مانگی ڕابردوودا چه‌كی بانكیی به‌ڵێنده‌ران بۆ هه‌ر 190 هه‌زارێك به‌رانبه‌ر بووه به 100 دۆلار، به‌ڵام له ئێستادا 260 هه‌زار دینار ئنجا 100 دۆلار ده‌كات״.
هاوار شێخ ڕه‌ئوف به‌ڕێوه‌به‌ری ״دوورخراوه״ی بانكه بازرگانییه حكوومییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له چاوپێكه‌وتنێكدا كه پێشتر ״ئاژانس״ له‌گه‌ڵیدا سازی كردبوو، باسی له‌وه كرد له‌و كاته‌ی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بانكه بازرگانییه‌كان بووه، له50% پاره‌ی به‌ڵێنده‌رانیان خه‌رج ده‌كرد، له دوای ساڵێك زیاتر كه له‌وێ نه‌ماوه، له 1% پاره بۆ به‌ڵێنده‌ران خه‌رج نه‌كراوه.
ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی داوایان كردووه چه‌كی پارێزگاكانی تر نه‌هێنرێته سلێمانییه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌هایه‌ی هه‌یبووه به‌رانبه‌ر به دۆلار له‌وه زیاتر له ده‌ستی نه‌دات.
غالب محه‌مه‌د، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، به״ئاژانس״ی ڕاگه‌یاند چه‌كی بانكیی به‌ڵێنده‌ران و به‌شێك له وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان له پارێزگای سلێمانیدا 200 هه‌زار دینار به‌رانبه‌ر به 100 دۆلار بووه، به‌ڵام چه‌كێكی بانكی زۆر له هه‌ولێره‌وه هێنراوه بۆ ساغكردنه‌وه‌ی له پارێزگای سلێمانیدا.
غالب محه‌مه‌د، ئاشكراشی كرد هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كانیان له نزیكه‌وه ناسیوه یاخود واستهیهكیان هه‌بووه، ئه‌و چه‌كه‌ی بۆیان كراوه پاره‌ی نه‌قدیان وه‌رگرتووه.
وتیشی: ״مانگانه بڕی 200 ملیۆن دۆلار پاره‌ی داهاتی به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان ده‌چێته بانكی كوردستان، سه‌ڵاحیاتی سه‌رفكردنی ئه‌و پاره‌یه لای سامانه سرووشتییه‌كانه بۆیه له ڕێگه‌ی ئه‌و 200 ملیۆن دۆلاره‌وه پاره‌ی نه‌قد ده‌داته‌وه به‌و كه‌سانه‌ی چه‌كیان هه‌یه‌و واسته‌یان هه‌یه بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی״.