ئاژانس – هەژیر عەلی
ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی جارێكی دیكە هەوڵەكانی دەخاتەوە گەڕ بۆ چەسپاندی سیستمی لامەركەزی بۆ پارێزگای سلێمانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییش ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر لامەركەزییەت بۆ هەموو پارێزگاكانیش پەیڕەو نەكرێت هەوڵ دەدەن لە سلێمانی جێبەجێی بكەن، بەڵام ئەو پرسە ڕای جیاوازی درووست كردووە.
لە مانگی شەشی ئەمساڵدا، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نووسراوێكی سەبارەت بە كێشە و كەموكوڕییەكانی پارێزگای سلێمانی ئاڕاستەی حكوومەتی هەرێم كرد و تیایدا ڕایگەیاندبوو، ئەگەر بێت و لە ماوەی پانزە ڕۆژدا حكوومەت بە دەنگیانەوە نەیەت، ئەوا لامەركەزییەت بۆ سلێمانی ڕادەگەیەنن، بەڵام سێ مانگ زیاتر بەسەر ئەو پرسەدا ڕۆیشتووە و هیچ گۆڕانكارییەك ڕووی نەداوە.
ئازاد محەمەد، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاماژەی بەوە دا، سەرەتا بە نووسراو و دواتر بە پڕۆژە داوای لامەركەزییەتی سلێمانیمان كردووە. ئەو بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەگەر لامەركەزییەت بۆ هەموو پارێزگاكان قورسە، ئەوا بە نووسراوێكی نوێ داوا لە حكوومەت دەكەین كە لامەركەزییەت بە تەنها بدات بە سلێمانی.״
25ـی مانگی ڕابردوو سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و پارێزگار گۆڕانكارییان بەسەردا هات و بە پێی ڕێككەوتنی یەكێتیی و گۆڕان ئاڵوگۆڕیان پێ كرا، بەڵام فراكسیۆنەكانی ئەنجوومەن سەبارەت بە لامەركەزییەتی پارێزگای سلێمانی هەمان بۆچوونی جارانیان هەیە. غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، ئاماژەی بەوە دا، لە دوای نووسراوی ئەنجوومەنی پارێزگاوە حكوومەت بەشێك لە كێشەكانی سلێمانی چارەسەر كردووە.
بەڵام ئەو هێشتا لامەركەزییەتی پێ باشە و بۆ ״ئاژانس״ی ڕوون كردەوە: ״ئێمە لە دۆخی خراپداین، چەسپاندی لامەركەزییەت بۆ ئەو دۆخەی ئێستا باشە و كاریشی بۆ دەكەین.״
بە پێی دەستووری عێراق و یاسای ژمارە 3ـی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، پارێزگاكان دەتوانن لامەركەزییەت جێبەجێ بكەن، بەڵام فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، دەبێت پەرلەمان بڕیاری لامەركەزییەتی پارێزگاكان دەربكات.
زیاد كاكە ڕەزا، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەن پارێزگای سلێمانی، بە ״ئاژانس״ی وت: ״پارتی لەگەڵ لامەركەزییەتدایە بۆ هەموو پارێزگاكان، نەك تەنها یەك پارێزگا.״ پێشی وا بوو ئەو بڕیارە دەبێت لە پەرلەمانەوە دەربچێت و دەڵێت: ״ئەوەی هەیە مزایەدەی حزبییە كە زیاتر گۆڕان بڵاوی دەكاتەوە.״