د.سەردار عەزيز
ڕۆژانی داهاتوو لە زانکۆی گالوەی لە ڕۆژئاوای ئایرلەندا لە میانەی کۆنفڕانسێکدا باس لە عێراق دەکەم وەک پانتاییەکی توندوتیژی. سەرتاپای کۆنفڕانسەکە تەرخانە بۆ پرسی پانتایی و توندوتیژی. کارەکەی من بەشێکە لە کارێکی گەورەتر بۆ خوێندنەوەی عێراق لە دیدی تیرەتۆرییەوە. مەبەست لە تیرەتۆری، بە پێناسەی ستیورات ئیلدن، ئەو تەکنیکەیە کە دەسەڵات هەیەتی بۆ ئەوەی خاكێک و خەڵکەکەی لە گەڵ هەموو پێکهاتەکانی تریدا لە ڕووی یاسایی و تەکنیکەوە بەڕێوەببات. بەو مانایە کاتێک خاکێک دەبێتە تیرەتۆری کە لە لایەن دەسەڵاتێکەوە بەڕێوە ببرێت. کەواتە تیرەتۆری شتێکی چەسپاو نییە.
ئەوەی من پێشنیاری دەکەم دەربارەی عێراق ئەوەیە کە عێراق سەرەتا وەها بیری لێکراوەتەوە کە پانتاییەکە، هەرچەندە خەڵکی جیاوازی لە خۆی دەگرێت، بەڵام دەتوانرێت لە ڕێگای حوکمکردنییەوە بکرێتە یەک خەڵك و لە ڕێگای دەسەڵاتێکی ناوەندیەوە بەڕێوە ببرێت.
کاتێک لە ئەدەبیاتی سەرەتای عێراق دەڕوانیت، واقت وڕدەمێنێت کە چەندێک لە ئێستا دەچێت و چەندێک داڕێژەری بنەمای ئێستایە. بۆیە پیرایا ساتی وەها بیردەکاتەوە کە بۆ ئەوەی باشتر لە ئێستا تێبگەین دەبێت سەرەتا لە درووست بونی عێراقەوە دەست پێبکەین. لەگەڵ درووستبونی عێراقدا دیاردەی بەکارهێنانی فرۆکەی جەنگی لە ڕۆیاڵ ئێر فۆرسی بەریتانی درووست دەبێت لە ساڵی ١٩١٨. نازانرێت بۆ؟ بەڵام ئاشلی جاکسۆن و پیرایا و زۆرێک لە ئەوانی تر هەموو جەخت لەوە دەکەنەوە کە عێڕاق یەکێک بوو لە ئەو جێگایانەی کە هێزی فرۆکەوانی پاشایەتی بەریتانی تیایدا درووستبوو. دیارە هەریەکەو هۆکاری جیاواز دەهێنێتەوە بۆ بوونی عێراق بە گۆڕەپانی جەنگی فڕۆکە، کە لە گەڵ خۆیدا کۆمەڵێک چەمکی نوێ دەهێنێتە ئاراوە وەک: چاوێک لە ئاسمان، حوکمکردن لە ئاسمانەوە هەروەها چەندینی تر. بەڵام ئەوەی ڕوونە کە ئەگەر فڕۆکە نەبوایە عێراق نەدەبوو. ئەمە هەر لە سەرەتاوە لای ئینگلیزەکان ڕوون بوو. بۆیە دەسەڵاتی مەلیک بە بێ بوونی فرۆکە دەسەڵاتێک زۆر لاوازبوو.
ئینگلیز بۆ ئەوەی ڕەوایی بۆ بەکارهێنانی فڕۆکە دژ بە عەرەب و کورد بدەن لە عێراق بیانوو بەهانەی سەیریان درووست کردوە، کە جگە لە بیابان بوون و فراوانی و ئاسانی بەکارهێنانی فرۆکە لە عێراق ڕەگی هەیە لە تیورەی پانئۆپتیکۆمی جێرەمی بێنتامدا، کە میشێل فۆکۆ لە کتێبی دیسپلین و سزادا بە ووردی کاری لە سەر دەکات. ئامانجی بێنتام ئەوەیە کە دەبێت بەندیخانە بە جۆرێکی وەها درووست بکرێت، کە بەندی وەها هەست بکات کە هەمیشە بینراوە، چونکە ئەوەی دەیبینێت نەبینراوە. بۆیە ئەم ناوەکیکردنەی بینەر لە ناخی بەندیدا بەندی وەها لێدەکات کە بەردەوام وەها مامەڵە بکات کە چاودێری دەکرێت. ئیگلیزەکان وەها مامەڵەیان لە گەڵ فڕۆکەدا کردوە کە جۆرێک لە ترس و تۆقاندن لە ناخی خەڵکی عێراقدا درووست دەکات کە وەها بیربکەنەوە کە ناتوانن خۆیان حەشار بدەن، یان هەڵبێن، یان هیچ جێگایەک نیە داڵدەیان بدات بۆیە وەها باشە ملکەچی دەسەڵات بن.
دەبینین چۆن سەروەر کە مەلیکە، بۆ زانیاری کاتێک مەلیک فەیسەڵ دەهێنرێت بۆ عێراق لە بەسراوە، ئەوە یەکەمجاریەتی پێبنێتە سەر خاکی عێراق، لە دەرەوە درووست دەکرێت، بە هێزی فرۆکە دەسەڵاتی بۆ پەیدا دەکرێت، پاشان لە ڕێگای تەکنەلۆجیاکانی مۆدێرنەوە حوکمی بۆ بونیاددەنرێت. هەموو نەک لەبەر ئەوەی کە عێراق بۆ عێراقیەکان درووست بکات، بەڵکو عێراق لە هەموو مێژوویدا هەمیشە بۆ ئەوانی تر هەبووە.
لە میانەی ئەم پرۆسەیەدا خاکێک سنور بەند دەکرێت، دژ بە نەرێتی هەمیشە جوڵەی خەڵك. بڕوایەک دێتە ئاراوە کە دەتوانرێت خەڵكی ناو ئەم پانتاییە بکرێنە خەڵكێکی تر بە ڕێگای ڕێگری لە توندوتیژی و دەستوەردانی دەرەکی. ئەم باوەڕەی کە دەتوانرێت خەڵكێک بکرێت بە خەڵكێکی تر زۆر ساویلکەیە، کە پاشان ئەو دەرئەنجامەی لێدەکەوێتەوە. عێراق کە سێ بەشە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان. سۆمەرییەکان باشوریان بونیادنا، پاشان بابلیەکان ناوەڕاست، ئینجا ئاسورییەکان باکور. هەر ئەم بنەمایەیە کە تەنزیماتی عوسمانی دەیکات بە سێ ولایەت، پاشان دەبێتە بنەمای درووست بونی دەوڵەتی عێراقی ئینگلیزی.
سیاسەتی تیرەتۆری هەمیشە پێویستی بە توندوتیژی هەبوە. تیرەتۆری خۆی بەبێ توندوتیژی بەرهەم نایەت. ئەمڕۆ کە عێراق دەیەوێت فیدراڵ بێت، بەبێ ئەوەی فیدراڵ بێت، دیسانەوە پیویستی بە توندوتیژی زۆرە بۆئەوەی هەبێت. وەک چۆن لە سەرەتادا بەبێ فرۆکە پادشا هیچ دەسەڵاتێکی نەبوو، ئەمڕۆش ئەگەر فڕۆکە نەبوایە ئەوا داعش عێراقی دەگۆڕی. کەواتە حوکمی ئەم پانتاییە پێویستی بە توندوتیژیە. هونەری سیاسەت ئەوەیە کە چۆن ئەم توندوتیژیە دەستەمۆ بکەیت، چونکە ناتوانیت لەناوی بەریت. بەڵام لەبەرئەوە پەرتەوازەیی خەسڵەتی سەرەکی دانیشتوانەکەیەتی ئەوا ئەستەمە توندوتیژی بە ئاسانی لە میانەی زانستی سەربازیدا بەکاربهێنرێت بۆ کۆتایی توندوتیژی. کرۆکی فەلسەفەی سەربازی ئەوەیە کە چۆن لە ڕێگای توندوتیژیەوە، بەبێ بەکارهێنانی توندوتیژی، توندوتیژی کۆتایی پێدەهێنێت.