یەک: بۆچوونێک هەیە و دەڵێت شیعری کلاسیک توانای دەربڕینی کەمە. ئەدەبیاتی ڕومی پێچەوانەی ئەمە دەڵێت. ڕومی بە هەوڵی خۆی توانی ئەدەبیاتێک بخوڵقێنێت، کە تا بە ئەمڕۆ هەمان چێژی هەبێت و بگرە زیاتریش. کاتێک تێکستەکانی ڕومی دەخوێنینەوە، بزە دەمانگرێت و سەرسام دەبین، کە چۆن شیعری کلاسیک توانیویەتی ئەو هەموو شتە پێچەڵپێچ و چەندڕەهەندی و چەنددیوییە بڵێت و حەق بە هەموانیش بدات! ڕومی نەک هەر دەسەڵاتی زمانی فراوانتر کرد، بگرە دەسەڵاتی شیعری کلاسیکیشی بەرینتر کرد و ویقارێکی تری پێ بەخشی. ئەگەر نەخشەی شیعری کلاسیک، لە شیعری جیهاندا، هەر چەندێک بووبێت، ئەوا بە دەرکەوتنی شاعیرێکی وەک ڕومی ئەم قەڵەمڕەوە تخووبەکانی فراوانتر بوون و ئەو چیها دەربڕین و شێوازی زمان و بابەت و توخمی نامۆ و جیاوازجیاوازی هەڵدایە ئەم قەڵەمڕەوەوە. شاعیرێک بوو هەم سەر بە یاساکان، چونکە کلاسیک بەهەرحاڵ یاساگەلێکی هەن، هەم سەر بە سەرهەڵدان و سەربزێوییەکان، چونکە بە شیعرەکانی سەلماندی کە ئەم یاسانە لاستیکین.
دوو: گلەیی دەکرێت لەوەی کە خەڵکی ڕوویان کردووەتە ڕومی، تا زیاتر بیر لەو گلەیییە بکەمەوە کەمتر لێی تێدەگەم، چونکە ڕومییش شاعیرێکە لەنێو ئەم هەموو شاعیرەی جیهاندا و ئیتر گوناحی ئەو چییە کە زیاتر لە هەموان هەر ئەو دەخوێنرێتەوە! بێگومان هەر شاعیرێکیش لە هەر سەردەمێکدا پێی خۆشە شیعرەکانی بخوێنرێنەوە، بۆیە نابێت گلەیی ئەوە بکەین کە خوێنەر بۆ ڕومی دەخوێنێتەوە بۆ دومی ناخوێنێتەوە. ڕەنگە وا باشتر بێت لانیکەم لە ئەدەبیاتدا تۆزێک دیموکراسی بین. لە کاتێکدا کەس گلەیی ناکات کە خەڵک شیعرەکانی شەماڵ وەلی دەخوێننەوە، یان ئاسایی هەر شاعیرێکی تر، کەواتە پێویستیش ناکات گلەیی بکەین کە خوێنەران بە لێشاو ڕوو بکەنە خوێندنەوەی ڕومی. گرنگ ئەوەیە ئێمە ڕومی و شەماڵ وەلی و ئۆرهان کانیک و کێ و کێ بخوێنینەوە و بە پێی پێویست خۆمان ئاوەڵا بکەین و ڕێگە بە خۆمان بدەین چێژ لە هەموویان وەربگرین، نەک هێندە داخراو بین، کە پێمان وا بێت مادەم چێژ لە شەماڵ وەلی- کە شاعیرێکی نوێگەرایە- وەردەگرین، بۆیە پێویست ناکات شاعیرێکی زۆر کۆنی وەک ڕومی بخوێنینەوە و هەمان هەستمان هەبێت. ئەمە بەدەر لەوەی کە بۆچوونێکی تر هەیە پێی وایە ڕومی بێتام بووە و گشتی وەرگێڕدراوە و هەموان هەر ڕومی وەردەگێڕن، ڕەنگە پێویست بێت جارێکی تر بیر بکەینەوە و بزانین کە: دێڕ و دوو دێڕی و دە دێڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە وەرگێڕانی بەرهەمەکانی شاعیرێکی پڕبەرهەمی وەک ڕومی حساب ناکرێت، کە تەنیا غەزەلەکانی زیاد لە سێ هەزار دانەن، کە هێشتا وەرگێڕانی ئەو غەزەلانە نەگەیشتووەتە سێسەد دانە.
سێ: ڕومی هاوشانی شاعیرانی ئەمڕۆی جیهان نوێگەرایە، ئەمە بە جۆرێک نهێنییە، کە کەم کەس درکی پێ دەکات و ئەویان لە ڕیزی شاعیرانی کلاسیکدا تۆمار کردووە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەو سەر بە شاعیرانی نوێگەرای جیهانە، هەر بۆیەشە ئەمڕۆکە لەناوماندایە و بە چەندین زمان دەدوێت.
ئەو سەرەڕای خوێنەرە زۆرەکەی، کەسانێک هەن بەبێ خوێندنەوەی؛ بڕیاری لێ دەدەن و لە دژیشی دەدوێن، کە هەڵبەت من ئەو حەقەیان دەدەمێ، وەک چۆن حەقم بە خۆم داوە کە بیخوێنمەوە ئنجا قسە بکەم. نوێگەرابوونی ڕومی، لە تەماشای ئەودایە بۆ دەسماڵێک کە هەم دەتوانێت خودای تێدا ببینێت هەم یار، هەم فریشتەی تێدا ببینێت هەم شەیتان، هەم ببینێت کە خوێنی لێ دەچۆڕێت هەم فرمێسک، هەم تۆز و هەم عەرەق، هەم بۆنی کوفری لێ دێت هەم ئیمان. ئەو دەتوانێت هەر لە دەسماڵێکەوە سەرجەم تێڕوانینی خۆیمان بۆ جیهان، بوون، عەشق، جوانی، ئەبەدییەت و عەدەمیش بخاتە ڕوو، ئەمە تەنیا لە دەسماڵێکدا کە بەشێکی زۆر بچووکی ئەدەبەکەی ئەوە. بۆیە بێهۆ نییە، کاتێک لە وریا مەزهەر دەپرسن شاعیرێکی کۆنمان پێ بڵێ کە دەیخوێنیتەوە، لە وەڵامدا دەڵێ ڕومی، کە پێشی دەڵێن ناوی شاعیرێکی نوێگەرا و هاوچەرخمان پێ بڵێ، دیسان دەڵێت ڕومی. بێگومان ڕومی وەک داو وایە، کە زۆر کەس کەوتوونەتە ناوی، چونکە ئەدەبیاتیش خۆی داوە و زۆربەی خەڵکی کەمتازۆر ڕۆژێک هەر تێی دەکەون. خودی داو لە ئەدەبیاتی ڕومیدا گەلێک بەرسەرنجە- کە من لێرەدا هەڵبەت وەک بان و قەڵەوییەکە ناپەرژێمە سەری، بەڵام زیاد لە پێنجسەد جار لەم بارەیەوە غەزەلی گوتووە- خودی ئەدەبیاتی ڕومییش لە چەشنی داوێکی شیرینە کە دەربازبوون لێی ئەستەمە، بەڵام ئایا ئێمە دەمانەوێت لە ئەدەبیات دەرباز ببین؟ مەگەر بە نیازین دوای ئەوە ڕوو بکەینە کوێ؟