ئاسۆ حه‌سه‌ن ساڵح
پێشه‌كى
وه‌ك بڕیاره له 25ی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵدا، ڕیفراندۆم له هه‌رێمی كوردستان بكرێت، ئه‌م بڕیاره كه پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات، هاوكاته له‌گه‌ڵ قه‌یرانى سیاسى و ئابوورى و دارایی كه ماوه‌ى زیاتر له دوو ساڵه به‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى گرتووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه كه پارتی بۆچی له‌م كاته‌دا ئه‌م پرسه‌ی جووڵاندووه و ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان و هێزه سیاسییه‌كانی پێوه سه‌رقاڵ كردووه؟ ئه‌مه له كاتێكدا كه به‌رپرسانی باڵای ئه‌و حزبه له چه‌ندین بۆنه‌ی جیاوازدا ته‌ئكیدیان كردووه‌ته‌وه كه ڕیفراندۆم بۆ ڕاگه‌یاندنی ده‌ستبه‌جێی سه‌ربه‌خۆیی نییه. كه‌واته ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه سه‌ربه‌خۆیی نییه، ڕیفراندۆم بۆ چییه؟ چونكه هه‌موان ده‌زانین، خه‌ڵكى كوردستان دوو جار ڕاى خۆى له‌سه‌ر ئه‌و پرسه ده‌ربڕى، جارێك له ساڵى 1992 و جارێكیش له ساڵى 2005، زۆرینه‌ى هه‌ره‌زۆرى خه‌ڵكى به به‌ڵێ ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی دا، به‌ڵام كار به ئه‌نجامه‌كه‌ى نه‌كرا. بێگومان پارتی دیموكراتی كوردستان چه‌ند ئامانجێكی هه‌یه ده‌ویه‌وێت له ڕێگه‌ی ورووژاندنی ئه‌م پرسه‌وه جێبه‌جێیان بكات:
یه‌كه‌م: په‌رده‌پۆشكردنی كێشه ناوخۆییه‌كانی هه‌رێم
1- ماوه‌ی دوو ساڵه هه‌رێمی كوردستان گیرۆده‌ی كۆمه‌ڵێك قه‌یرانی سیاسی و ئابووری و یاسایی بووه و له‌وانه‌ش قه‌یرانی دارایی و برسیكردنی خه‌ڵك و په‌كخستنی دامه‌زراوه‌ی یاسادانان و ئیفلیجكردنی حكوومه‌تی هه‌رێم و دۆڕاندنی چه‌ند كه‌یسێك له باره‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان له دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
2- قه‌یرانی شه‌رعییه‌تی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و درێژه‌دان به مانه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك (سه‌رۆكی دیفاكتۆی هه‌رێم)، هه‌رچه‌نده ناوبراو بڕیاری دابوو له ساڵی 2016دا ئه‌و پرسه یه‌كلایی بكاته‌وه، دوای چه‌ندین به‌یاننامه و بانگكردنی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم، بهدهنگهوهچوونێكی ئه‌وتۆی نه‌بوو. دواجار بارزانی له ڕۆژی 7ی حوزه‌یرانی 2017، توانی لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جگه له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كۆ بكاته‌وه و بڕیاری دیاریكردنی كاتی ڕیفراندۆم بدات.
دووه‌م: شه‌ڕی هه‌ڵبژاردنه‌كان
ئاشكرایه پارتی و بارزانی ده‌یانه‌وێت سه‌نه‌ویی ڕیفراندۆم بكه‌ن به ناوی خۆیانه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پرسێكی گرنگه كه كاری له‌سه‌ر بكه‌ن له ڕه‌هه‌نده قهومییهكهیهوه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان. ڕوونه پارتی به هۆی ده‌ستبه‌ردارنه‌بوونی مه‌سعود بارزانی له پۆسته‌كه‌ی و ئیفلیجكردنی حكوومه‌ت و داخستنی په‌رله‌مان و درووستكردنی قه‌یرانی دارایی وه‌همی، ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ی جه‌ماوه‌ریی زۆر بووه‌ته‌وه و مه‌ترسیی دابه‌زینی به‌رچاوی ئاستی جه‌ماوه‌ریی هه‌یه. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات پارتی گه‌مه به كارته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بكات له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسی، بێگومان ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی نابووتكردنی پرسه قه‌ومییه‌كان له لای تاكی كوردی.
دووه‌م: كارتی فشار له به‌رامبه‌ر به‌غدا
به پێچه‌وانه‌ی به‌غداوه كه ئه‌ركی سه‌ره‌كیی شه‌ڕی داعش و دابینكرنی ئاسایش و خزمه‌تگوزارییه بۆ هاووڵاتییان. به‌ڵام، هه‌رێمی كوردستان به ناوی قه‌یرانی ئابوورییه‌وه به ته‌واوی مه‌سه‌له‌ی خزمه‌تگوزاری و گوزه‌رانی خه‌ڵكی فه‌رامۆش كردووه و ده‌یه‌وێت له‌م ڕێگه‌یه‌وه و به ناوی ڕیفراندۆمه‌وه فشار له به‌غدا بكات كه باری لاری بۆ ڕاست بكاته‌وه، به تایبه‌تی كه له بواری ئابووریی سه‌ربه‌خۆدا شكستی هێناوه و ئیستا چاوی له به‌غدایه و ده‌یه‌وێت به شێوازێكی تر بچێته گفتوگۆكانه‌وه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ئامانجی هه‌رێمی كوردستان له ڕاپرسی به لایه‌نی كه‌مه‌وه له ماوه‌یه‌كی كورتمه‌ودادا سه‌ربه‌خۆیی نییه، به‌ڵكو تاكتیكێكی سیاسییه و وه‌ك وه‌ره‌قه‌یه‌كی فشار به‌كاری ده‌هێنێت بۆ پهردهپهشكردنی خێرایی شكستی ئابووریی سه‌به‌خۆ.
گرفته‌كانی ڕیفراندۆم بۆ هه‌رێم
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی مایه‌ی قسه‌له‌سه‌ركردنه ئه‌وه‌یه كه بڕیاری ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم له هه‌رێمی كوردستاندا له چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه گرفتی هه‌یه: به تایبه‌تی له ڕووی یاسایی و سیاسییه‌وه، هه‌رچی له ڕووى یاساییه‌وه ده‌بێت ئه‌م پرسه له په‌رله‌مانی كوردستان یه‌كلایی بكرێته‌وه، چونكه به پێى مادده‌ى 3ی یاسای ژماره 10ی ساڵى 2014ی په‌رله‌مانى كوردستان، كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان ملكه‌چه بۆ په‌رله‌مانى كوردستان و له ئێستاشدا په‌رله‌مانی كوردستان له لایه‌ن پارتییه‌وه په‌ك خراوه، بۆیه له هه‌موو حاڵه‌تێكدا ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم پێویستی به كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانه، چونكه ئه‌وه‌ى ده‌توانێت كۆمسیۆن ڕاسپێرێت بۆ ئه‌نجامدانى ڕاپرسی ته‌نها په‌رله‌مانى كوردستانه.
هه‌روه‌ها له ڕووى ده‌ستوورییه‌وه ده‌بێت چاره‌نووسى ناوچه جێناكۆكه‌كان یه‌كلایی بكرێته‌وه و به‌وه‌ى ئایا به‌شێكن له هه‌رێمى كوردستان یاخود سه‌ر به حكوومه‌تى ناوه‌ندین، دواتر هه‌رێمى كوردستان ده‌توانێت بڕیارى ئه‌وه بدات كه ڕیفراندۆم له‌و ناوچانه بكرێت یاخود نا، بۆیه ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم له‌و ناوچانه گومانى تێدا نییه له ڕووى یاساییه‌وه گرفتى هه‌یه و حكوومه‌تی عێراقی ڕێگه نادات و ئه‌مه‌ش كێشه‌ی قووڵتری لێ ده‌كه‌وێته‌وه و مه‌غزای سه‌ره‌كیی ڕیفراندۆمیش خاڵی ده‌كاته‌وه كه بریتییه دیاریكردنی چاره‌نووسی خاك و سنووری هه‌رێمی كوردستان.
جیا له بواری یاسایی ئه‌م پرسه له ڕووى سیاسی و دیپلۆماسییشه‌وه ڕووبه‌ڕووی گرفتی گه‌وره بووه‌ته‌وه، به تایبه‌تی نه‌بوونى كۆده‌نگى له‌نێو لایه‌نه سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ڕه‌نگه زیاده‌ڕه‌ویی نه‌بێت ئه‌گه‌ر بڵێین هیچ كاتێك نێوماڵى كورد هێنده‌ى ئێستا په‌رته‌وازه نه‌بووه. له كاتێكدا پرسێكی وه‌ها چاره‌نووسساز پێویستی به ئاستێكی به‌رزی یه‌كگرتووی و یه‌كده‌نگیی سیاسی هه‌یه.
هه‌روه‌ها شكستى دیپلۆماسییه‌تى كورد به‌وه‌ى كه نه‌یتوانیوه هه‌ڵوێست و سیاسه‌تى وڵاتان له به‌رامبه‌ر كوردستاندا بگۆڕێت، تا ئێستاش ده‌وڵه‌تانى ناوچه‌كه و جیهان له‌گه‌ڵ یه‌كپارچه‌یی خاكى عێراقدان، ئه‌مه‌ش به ڕوونى له هه‌ڵوێستى به‌شێك له ده‌وڵه‌تاندا به‌ده‌ركه‌وت، هه‌ر ڕاسته‌وخۆ دواى بڕیاردانى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم له كوردستان دژایه‌تیى خۆیانیان بۆ ئه‌و پرسه ڕاگه‌یاند. به تایبه‌تی وڵاتانی زلهێزی وه‌ك ئه‌مه‌ریكا و ڕوسیا و یه‌كێتیی و ئه‌ورووپا و توركیا و ئێران.
گرفتێكی تر، ئه‌م پرسه مه‌سه‌له‌ی ئابوورییه، ئه‌ویش به هۆی ناله‌بارى بارى ئابووریى وڵات، نه‌بوونى ژێرخانێكی به‌هێز كه زه‌مانه‌تى ده‌سته‌به‌ركردنى ئاسایشی خۆراك و ئاسایشی ئاو بكات بۆ هه‌رێمى كوردستان، هه‌رێمى كوردستان نه‌یتوانیوه تا ڕاده‌یه‌كی باش ئاسایشی خۆراك و ئاسایشی ئاو دابین بكات و هاوكات ڕێژه‌ى خۆبژێوى له ئاو و خۆراك له ئاستێكى مه‌ترسیداره، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بارودۆخی ئابوورى و ڕامیاریى ناوخۆیی به ناسه‌قامگیرى بمێنێته‌وه و ئه‌گه‌ر وڵاتانى هه‌رێمى به گشتى (توركیا و ئێران به‌تایبه‌ت) گه‌مارۆ بخه‌نه سه‌ر هه‌رێمى كوردستان له كاتى بانگه‌شه‌كردنى هه‌رێمى كوردستان بۆ درووستكردنى ده‌وڵه‌تى كوردى. هاوكات ئه‌وه‌ى سه‌یره به‌شێك (هه‌رچه‌نده ژماره‌یان زۆر زۆر كه‌من و له كۆمه‌ڵگه‌دا ئاسان ده‌ناسرێنه‌وه، پێیان وایه با مووچه نه‌بێت، با بێكارى زۆر بێت، با بمرین له برسان، با خه‌ڵك و حكوومه‌ت قه‌رزار بن)، وا به پێویست ده‌زانن سوود له‌و ده‌رفه‌ته مێژووییه ببینین و ڕاگه‌یاندنى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ دوا نه‌خه‌ین، ئه‌م تیڕوانینه زۆر واقعی و ئه‌كادیمی نییه، چونكه نه پشتڕاست ده‌كرێته‌وه به ڕووداوه‌كانى مێژوو و نه پشتڕاست ده‌كرێته‌وه به بنه‌ماى زانستى، له ڕووى ڕووداوه‌كانى مێژوو ئه‌بێت ئه‌و ڕاستییه تاڵه له یاد نه‌كه‌ین كه به‌شێكى سه‌ره‌كی له هۆكاره‌كانى ڕووخانى به‌شێك له میرنشینه كوردییه‌كان بریتى بووه له‌وه‌ى كه خه‌ڵك برسی بوون، هاوكات له ڕووى زانستییشه‌وه ئه‌و تێڕوانینه نه‌گونجاوه، چونكه له ئێستادا ئێمه تووشی پاشكۆیهتیى ئابوورى هاتووین و له ئه‌گه‌رى ڕاگه‌یاندنى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆی كوردى، ئه‌وا بێگومان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تى توركیا و ئێران سنووره‌كانمان به‌سه‌ردا داده‌خه‌ن و ڕه‌نگه نه‌توانین به‌رگه‌ى چه‌ند مانگێك بگرین (وه‌كو له كاتى سیانزه‌به‌ده‌ر) و له كاتى ناسهقامگیرییهكانى ئه‌م دواییه‌ی توركیا كه خۆی له گرانیى نرخی سووته‌مه‌نى بینییه‌وه.
یه‌كێكی تر له گرفته‌كانی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی نه‌بوونی به‌ده‌ستهێنانی شه‌رعییه‌تی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه كه هیچ یه‌كێك له وڵاتانى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تى پشتگیرى له بڕیاره‌كه ناكه‌ن، به تایبه‌تییش حكوومه‌تی عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆكوه‌زیران هه‌ڵوێستى خۆیان ڕاگه‌یاند به‌وه كه «هه‌ر بڕیارێك له باره‌ى عێراقه‌وه بدرێت ده‌بێت ده‌ستوورى عێراقى له‌به‌رچاو بگیرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بڕیارێكى عێراقییه و ته‌نیا په‌یوه‌ندیى به لایه‌نێكه‌وه نییه.» چونكه ئه‌و ده‌ستووره 80%ی گه‌لی عیراق ده‌نگی له‌سه‌ر داوه، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاندبوو كه ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم سوور بێت له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم، ئه‌وا له كاتی خۆیدا هه‌ڵوێستمان ده‌بێت.
ئه‌مه‌ریكاش كه داڕێژه‌ری نه‌خشه‌ی سیاسیی عێراقه له دوای 2003وه به ئاشكرا دژایه‌تیی خۆی بۆ ڕیفراندۆم ده‌ربڕیوه و ڕایگه‌یاندووه كه ئێمه پشتگیریى یه‌كپارچه‌یى خاكى عێراق ده‌كه‌ین، ته‌نانه‌ت توركیای هاوپه‌یمانی پارتی دیموكراتی كوردستانیش به توندی ڕیفراندۆمی ڕه‌ت كرده‌وه و سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌و وڵاته وتی كه ئه‌و بڕیاره نابه‌رپرسیارانه دراوه و پیویسته پێداچوونه‌وه‌ی بۆ بكه‌ن.
لێره‌وه ئه‌و پرسیاره درووست ده‌بێت ئه‌گه‌ر ئه‌وان پشتگیریى له پرسى ڕیفراندۆم نه‌كه‌ن چۆن پشتگیریى له ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى كوردستان ده‌كه‌ن؟
ده‌رئه‌نجام:
راسته ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی خه‌ونی هه‌موو تاكێكی كورده و هیچ كوردێك ڕۆژێك له ڕۆژان ده‌ستبه‌رداری نابێت، به‌ڵام گرنگه بڕیار و هه‌نگاوه‌كان به درووستی بۆ به‌دیهێنانی سه‌ربه‌خۆیی بێت و له‌گه‌ڵ خواست و داواكارییه‌كانی میلله‌ت یه‌ك بگرێته‌وه و ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خویی ژیانێكی شایسته‌تری بۆ دابین بكات نه‌ك ژیانی لێ تاڵ بكات، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له كوردستان ده‌بینرێت له‌مه‌ڕ ورووژاندنی ئه‌م پرسه‌وه چه‌ند ئامانجێکی تر به‌دی ده‌كرێت له‌ژێر په‌رده‌ی سه‌ربه‌خۆییدا، چونكه ئه‌م پرسه گه‌وره‌یه نه‌ك ئاماده‌سازی بۆ نه‌كراوه به‌ڵكو چه‌ندین ده‌رگای یاسایی و سیاسی به ڕوویدا داخراوه. پارتی كه تۆمه‌تباره به درووستكردنی كێشه سیاسی و داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌نگاوی جددیی نه‌ناوه بۆ یه‌كخستنی نێو ماڵی كوردی و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، هه‌روه‌ها حكوومه‌تی هه‌رێم، به هۆی حزبیبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه، نه‌یانتوانیوه پاڵپشتیی وڵاته زلهێزه‌كانی جیهان (ئه‌مه‌ریكا و ڕوسیا وه‌ك نموونه) و هه‌رێمایه‌تییه‌كان (توركیا و عێراق و ئێران وه‌ك نموونه) بۆ سه‌ربه‌خۆیی به ده‌ست بهێنن.
سه‌رچاوه‌كان:
(1)Reuters،2017، U.S. concerned Iraqi Kurdish referendum will distract from war: State Department، Available At: https://www.reuters.com/article/us-mideast-crisis-iraq-kurds-usa-idUSKBN18Z2T0
-2 ڕیفراندۆم…پاڵنهڕ و له‌مپه‌ڕ و لێكه‌وته‌كانى بۆ هه‌رێمى كوردستان، ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه له ململانێ و قه‌یرانه‌كان http://www.kurdistanc.com/Political/details.aspx?jimare=1213
3- د. یونس عه‌لی، پێداویستییه‌كانی ڕیفراندۆم و ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ (شیكردنه‌وه‌یه‌كی ئابوورییانه) http://www.kurdistanc.com/Political/details.aspx?jimare=1214
4- العبادی: استفتاء كردستان غیر قانونی وسیخلق مشاكل للإقلیم، http://www.alquds.co.uk/?p=739707