عەتا كەریم
سەردانی مەسعود بارزانی بۆ بەغدا و دیدارەكانی بووە مایەی مشتومڕ و كاردانەوەی دژ بەیەك، هەم لەسەر ئاستی میدیایی و هەمیش لەسەر ئاستی شەقام، بەتایبەت ئەوانەی لەسەر شەپۆلی ناسیۆنالیستی كوردین!
بەر لە هەموان بارگاوییەكانی ناسیۆنالیستی كوردی و ئەوانەی پەسندی هەنگاوی ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی كۆمیتەكەی بارزانییان كرد، تووشی شۆك بوون، چونكە ئەوان باوەڕیان وا بوو كە گەورەترین دەستكەوت ڕیفراندۆم بووە و هێزی باوەڕهێنانیان نەبوو بە شكستخواردوو قەبووڵی بكەن، بەڵام ئەوەی لێی دەترسان ئەوە نەبوو كە نێچیرڤان بارزانی، ئەنجامی ڕیفراندۆمەكەی لە (25/10/2017)دا سڕكرد و هەڵوەشاندەوە، بەڵكو بەو گوتار و وتەیە تاسان كە مەسعود بارزانی كەسی یەكەمی كۆمیتەی ڕیفراندۆم، لە تەنیشت هادی عامری بەرپرسی حەشدی شەعبی لە بەغدا ڕایگەیاند، كە ״ئەوان هاتوون هەڵەكانی ڕابردوو ڕاست بكەنەوە!״ بەو مەبەستە ڕیفراندۆمی خستە نێو لیستی هەڵەكانی ڕابردووی 2017!
وردكردنەوەی ئەو دێڕە كە لەسەر زاری بارزانییەوە، زۆر زیاتر هەڵدەگرێت، بەو پێیەی كێ هەڵەكەی كرد؟ و بۆچی هەڵە بوو، ئەدی كێ باجی هەڵەكەی دا؟ ئەم وەڵامانە پێویستن، چونكە گەمەیەكی دۆڕاوی پێشبینیكراو لە ڕیفراندۆم دەخوێندرایەوە، بەڵام پرسەكە لە دەستی كەسانێك ئاڵا كە توانا و ئاستی خوێندنەوەی ڕەهەند و كاردانەوەكانیان نەبوو، بەڵام دەبێت لەبەر خاتری تایپی كوردە ناسیۆنالیستەكان ڕوونتر بكرێتەوە كە ڕیفراندۆم هەڵە نەبوو، بەڵكو كاتەكەی لە بار نەبوو، هەروەها بزوێنەرانی نێو كۆمیتەكەی بارزانییش لە ئاست چارەنووسسازی ئەو ئەركە قورس و نیشتیمانییەدا نەبوون، بۆیە هاونیشتیمانییانی هەرێمیش باجی قورسیان دا، بەڵام ئەوانەی هەڵەكەیان كرد لە جیاتی ئەوەی داوای لێبووردن لەگەلی كورد بكەن، لە بەغدا و لە بەردەم گلادیتۆره توڕەكانی ڕیفراندۆمی هەرێم (مۆری هەڵە)یان لەو پرسە دا، ئەویش لە پێناوی ئاساییكردنەوەی نێوانی حزبیی! كە خودی بارزانی و حزبەكەی مەودایەكی فراوانی زۆریان لەگەڵ بەغدا درووست كرد و سەرباری كارەساتەكانی دوای ئەو پرسە كە بەسەر هەرێمدا هاتن.
سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدا وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، ئەوەش مافێكی حزبییە، هەروەها ئاساییتریشە كە دیسان بارزانییش وەك هەر هاووڵاتییەكی (كورد- عیراقی) بچێتە هەر شارێكی دیكەی عیراق، بەو پێیەی ئەم كاراكتەرە سیاسییە ڕازی بوو وەك هەر تاكێك لەو 28 ملیۆن عیراقییە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بە ناسنامە و پاسپۆرتی عێراقی دەنگ بدات و شانازییش بكات كە حزبەكەی یەكەمی عیراقە! بۆیە ناهەقییەكی گەورە لە بارزانی دەكرێت كە بەو جۆرە سەرەكۆنە دەكرێت.
ناهەقییەكانیش دوو تایپن، كە یەكێكیان میدیای حزبەكەی خۆی بوو كە مامەڵەیەكی وایان لە ڕووماڵكردنی سەردانەكەدا كرد سەنگ و قەبارەی بارزانی و سەردانەكەیان بەستەوە بە ڕاخستنی فەرشی سوور و باسكردنی شتگەلێكی لاوەكی و دژەگوتاری ساڵێك لەمەوبەر كە لەسەر ڕیتمی كوردایەتی و سەربەخۆیی بوو، یاخود نیشاندانی كۆمەڵێك كاراكتەری عێراقی بە فاشیست و ئەنتی كوردایەتی و سەربەخۆیی، بەڵام بارزانی بووە میوانی سەر سفرە! بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ئاوەژووكردنەوەی گوتاری سەربەخۆیی بكەن، كە گۆڕدراوە بۆ پەرۆشی و گەڕانەوە و گرێدانەوە بە بەغداوە!
تایپی غەدرەكەی دیكەش ئەوەیە، كە هێشتا بەشێك هەن كارنامە بۆ بارزانی دادەنێت و ڕەخنە لە جووڵەكانی دەگرن، بەڵام بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەركەكەی كە تەنیا سیفەتی سەرۆكی پارتەكەیەتی و جووڵەكانیشی لەو بازنەیەدان، ئەم سیفەتەش هێزی كێشكردنی دیداری حزبیی بەرامبەری هەیە! دەبێت زەمەنێك سەرقاڵی بونیاتنانەوەی پەیوەندییە داڕماوەكانی خۆی و پارتەكەی بێت، كە لە ماوەی دەسەڵاتدارێتییەكەی وەك سەرۆكی هەرێم، زۆریانی تێك شكاند، لەم نێوانەشدا (بەرژەوەندیی نیشتیمانی و مافە نەتەوەیی و كوردستانییە باڵاكان) بوونە قوربانی و بێخاوەن مانەوە!