ئەوانەی یاوەریی بارزانییان كرد بۆ برۆكسل پێشتر كادری پارتی بوون
ئاژانس: ڕەهێل تەها – ئارا ئیبراهیم
لە پاش توركمانەكان، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان ناكۆكیی خستە نێو مەسیحییەكانیشەوە، بەتایبەت لەسەر پرسی دیاریكردنی نوێنەریان بۆ كۆمیتەی ئامادەكاریی ڕیفراندۆم و یاوەریكردنی مەسعود بارزانی بۆ پەرلەمانی ئەورووپا، كە بە پێی زانیارییەكانی ״ئاژانس״ ئەو دوو مەسیحییەی لەو شاندەدا بوون پێشتر كادری پارتی دیموكراتی كوردستانن.
سەردانی وەفدێك لە هەرێمەوە بە سەرۆكایەتیی مەسعود بارزانی بۆ برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا كێشەی نێوان مەسیحییەكانی لەسەر نوێنەرایەتیكردنی ئەو پێكهاتەیە و ڕیفراندۆم قووڵتر كردەوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست ״ئاژانس״ كەوتوون، وەحیدە یاقور هرمز كە نوێنەری مەسیحییەكانە لە یەكێك لە لیژنەکانی ڕیفراندۆم كادری پێشكەوتووی پارتی بووە و پۆستی ئەندام لقیشی تێپەڕاندووە لەناو ڕێكخستەكانی پارتیدا و كەسی دووەمی مەسیحییش كە یاوەریی وەفدەكەی بارزانیی كردووە بۆ برۆكسل كادری هەمان حزبە بووە، ئەوەش لە كاتێكدایە بەشداریپێكردنی ئەو دوو كەسە مەسیحییە وەك نوێنەری پێكهاتەكە بووە كە لە هەرێمی كوردستان چەند حزبێكی سیاسییان هەیە.
وەحیدە یاقو هرمز كە هاوكات ئەندامی فراكسیۆنی گردبوونەوەی گەلی كلدانی سریانی ئاشوورییه لە پەرلەمانی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״پێشتر لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئیشم كردووە و لەگەڵیاندا بووم، بەڵام ئێستا نوێنەری مەسیحییەكانم و عیلاقەم بە پارتییەوە نییە، من لە لایەن حزبەكەی خۆمەوە دانراوم كە بەشداریی ئەو شاندە بكەم״.
لە پاش بانگهێشتی مەسعود بارزانی بۆ بەشداریی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم دوو لایەنی سیاسی مەسیحی كە بریتی بوون لە بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری و پارتی ئەبنا نەهرەین بایكۆتیان كرد، كە لەگەڵ ئەو پرسەدا نین.
ئێستا كێشەی سەرەكی لەسەر نوێنەرایەتیكردنی مەسیحییەكانە لە كۆمیتەی ئامادەكاریی ڕیفراندۆم كە بەشێكیان ناویان ئاڕاستە كردووە و لایەنەكانی تریش كە بایكۆتیان كردووە ئاماژە بەوە دەكهن كە ئەوان نوێنەرایەتیی سەرجەم مەسیحییەكان ناكەن، بەتایبەت ئەوانەی كە بەشداریی شاندەكەی بارزانییان كرد بۆ برۆكسل، كە وەك نوێنەری ئەو پێكهاتەیەش لە كۆمیتەكە ناو براون.
وەحیدە یاقو هرمز دەڵێت: ״ئێستا دیار نییە لە ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆمدام یاخود لە لیژنە فەرعییەكانی، چونكە تەنیا چووم بۆ ئەو سەفەرەی برۆكسڵ״.
سرود سەلیم مەتی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی پارتی ئەبنا نەهرێن بە ״ئاژنس״ی ڕاگەیاند: ״ئێمە وەك لایەنێكی سیاسی مەسیحی بەشداریمان لە هیچ كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پرسی ڕیفراندۆم نەكردووە و لەو بارهیەوە پرسمان پێ نەكراوە״.
وتیشی: ״بوونی دوو ئەندامی مەسیحی لە كۆمیتەی ڕیفراندۆم بەبێ ئاگاداریی ئێمە بووە و پێشتر ڕاوێژ نەكراوە بۆ ئەوەی بە هەموان نوێنەرێك بۆ ئەو پرسە دەستنیشان بكەین، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە وەك لایەنێكی سیاسی لە بنەڕەتدا پێمان وایە كاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم گونجاو نییە״.
بەڵام وەحیدە یاقو هورمز ڕەتی دەكاتەوە پرس بە سەرجەم لایەنە سیاسییە مەسیحییەكان بۆ پرسی ڕیفراندۆم نەكرابێت و وتی: ״ئەوانە هەموویان ئاگادار كراونەوە كە نوێنەریان بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم دەستنیشان بكەن یان ڕەزامەندیی لەسەر نوێنەرێکی لایەنەكانی تر بدەن، بەڵام ئەوان خۆیان بایكۆتی ڕیفراندۆمیان كردووە״.
وتیشی: ״ئێمە پێمان باش بوو نوێنەری مەسیحییەكان بە ڕەزامەندیی سەرجەم لایەنەكان بەشداریی لە كۆبوونەوەكانی تایبەت بە ڕیفراندۆم بكات، ئەوكاتە پڕۆسەكە زیاتر سەركەوتوو دەبێت، هەرچەندە لایەنەكانی تر مەسیحی لەگەڵ ڕیفراندۆمدان، بەڵام ئەوان تێبینییان لەسەر پڕۆسەكە هەیە״.