چالاکوان و مامۆستای ئایینی ناکۆکن
ئاژانس – ڕێباز حەسەن
״لەبەر ئەوەی باوەژنم هەبوو لەژێر فشاری باوکمدا و لە تەمەنی 12ساڵیدا درام بەشوو، ئەو کوڕەشم نهبینیبوو پێشتر، که شووم پێ کرد، پاش شهش ساڵ لهگەڵ ئەو جیا بوومەوە و هۆکارەکەی باوکم و باوەژنەکەم بوو کە منیان لەو تەمەنەدا دا بە شوو، من بوومە قوربانی.״ ئهمه وتهی چیمەن حسێن، تەمەن 34 ساڵ، خاوەنی دوو کوڕ و کچێکه.
چەند ڕێکخراوێکی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی پرۆژەیەکیان ئامادە کردووە سهبارەت بە ڕێگریکردنی ئەو کچانەی کە لە تەمەنی 9 بۆ 12 ساڵی دەدرێن بە شوو، ژمارهیهک له مامۆستایانی ئایینی دژی بڕیار و پرۆژەکه وەستانەوه.
ئەحمەد قامیشی مامۆستای ئایینیی سەبارەت بەم پرۆژەیە بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״لە ڕوانگەی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلامەوە ئەگەر کوڕ و کچ باڵغ بوون دەتوانن هاوسەرگیری بکەن و هەرچەندە من هاوسەرگیریی پێشووەختە لە ئێستادا بە باش نازانم و پێویستە کامڵبوونی عەقڵی و جەستەیی لەگەڵدا بێ و باشترە تێگەیشتن و خاڵبەندی وەک خانوو سەیارە و داواکاریی تر بکرێتە پێوەر تا هاوسەرگیرییەکی سەرکەوتوو فەراهەم بکرێت و ئیسلامی پیرۆز ڕێگەی داوە بە مەرجێ ئەو کەسانە باڵغ بووبن و ئەوەی شەریعەتی ئیسلام دایناوە ئێمە پاڵپشتیی دەکەین و جێبەجێی دەکەین״.
وتیشی: ״با کهمپین بۆ ئهمه درووست نهکهن، پێویستە کەمپین دروست بکرێ بۆ ئەو خەڵکەی بە ناوی مافیاوە دەستدرێژی دەکەنە سەر منداڵان و دەڕفێنرێن و ئیسلام ئایینی بەختەوەرییە بۆ دونیا و دواڕۆژمان״.
کەمپەینەکهمان بە ناوی (نا بۆ بەشوودانی کچانی منداڵ) واژۆی 23 ڕێکخراو و گرووپ و سەنتەر و پرۆژەی جیاوازی بۆ کراوە، جگە لە واژۆی سەدان کەس لە هاووڵاتییان چ لە ناوەوەی کوردستان چ لە دەرەوی کوردستان و کەمپینەکەش بەردەوامە لە چالاکییەکانیدا.
ئارام حەمە سەعید چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەندامی پرۆژەی (نا بۆ بەشوودانی کچانی منداڵ) بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״لە دوای بڵاوبوونەوەی وتار و ڕیکلامی هەندێك بانگخوازی ئایینی لەسەر ڕەوایەتیی بەشوودانی کچانی تەمەن نۆ ساڵ تا 12 ساڵ و بڵاوکردنەوەی ئەم تێڕوانینە بەناو کۆمەڵگادا، ئێمە بە پێویستمان زانی کەمپەینێك درووست بکەین وەکو پەرچەکردار و نیگەرانیی بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییانی کوردستان بە دژی ڕەواجپێدان و ئاسایی نیشاندانی بەشوودان و ڕیکڵام بۆ دەستدرێژیکردنە سەر کچانی مناڵ״.
وتیشی: ״کچان لەو تەمەنەدا هیچ ئامادەییەکی زەینی و جەستەییان نییە بۆ هاوسەرگیری و هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتیی خێزان، بۆیە ڕەوایەتیدان و هاندانی دایکان و باوکان بۆ بەشوودانی کچەکانیان لەو تەمەنەدا تاوانێکی کۆمەڵایەتییە و دژی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و مافی منداڵانە و دژی یاساشە کە ڕێگا نادات لە تەمەنی خوار 16 ساڵ هاوسەرگیری بکات و سەرپێچیکەرانی سزا دەدرێن״.
توێژهرێکی کۆمهڵایهتی پێی وایه ئهوهی یهکێک له گرفتهکانی جیابوونهوهیه ئهوهیه که کچان به منداڵی بهشوو دهدرێن.
سۆزیار کەمال، توێژەری کۆمەڵایەتی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״هەندێک لەو کوڕ و کچانەی بێ تێگەیشتن و کامڵبوونی عەقڵی و جەستەیی هاوسەرگیرییان کردووە جیا دەبنەوە، ئەمەش کێشەیە و پەیوەندیی بەو بارودۆخ و کرانەوەوه ههیه کە لە کۆمەڵگەی کوردیدا هاتووەتە ئاراوە، دەنا شەریعەتی ئیسلامیش بۆیە قۆناغی باڵغبوونی داناوە ئیتر شتێک نەمێنێتەوە، بەڵام کێشەکە وەک وتم تێکەوتن و ناهۆشیاریی کۆمەڵگەیە کە بە هیوام خەڵک هۆشیاریی پێ بدرێت״.
لە یاسای ساڵی 1959و لە ماددەی هەشتدا هاتووە ئەگەر کچ 18ساڵی تەواو کردبوو ئەوا ڕێگە دەدرێت هاوسەرگیری بکات. دادوەر بۆی هەیە ڕێگەش بدات بە تەمەنی 16 ساڵ، بە ڕەزامەندی بەخێوکەر(ولی امر) هاوسەرگیری بکات ئەگەر لە ڕووی جەستەییەوە شیاوبن و دوور لە فشار و زۆرداری.