سیاسەتی ئێستای تورکیا لە ناو نەچێت دیالۆگ چارەسەری کێشەی کورد ناکات
سازدانی: ئاژانس
ڕەمزی کارتاڵ، هەوسەرۆکی کۆنگرەی گەل پێی وایە لە کاتی ڕیفراندۆمدا مەترسیی ئەزموونی باشوور بۆ وڵاتانی دراوسێ دەرکەوتووە و دەشڵێت، ״لەو کاتەدا ئێران، عێراق و تورکیا کۆبوونەوە و بڕیاریان دا دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ناو ببەن.״
ڕەمزی کارتاڵ لە چاوپێکەوتنێکی ״ئاژانس״دا ڕایدەگەیەنێت، سیاسەتی تورکیا سیاسەتی لە ناوبردنی کوردە لە هەر چوار پاڕچەکە و دەشڵێت، ״سیاسەتی ئێستای تورکیا لە ناو نەچێت دیالۆگ چارەسەری کێشەی کورد ناکات.״
ئاژانس: با لەوەوە دەست پێ بکەین، ئەڵتەرناتیڤێک هەیە کورد ئەو ئەزموونانە بپارێزێت کە درووستیان دەکات؟
ڕەمزی کارتاڵ: ئەڵتەرناتیڤ ئەوەیە کە حزبەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕۆشنبیرانی هەر چوار پارچەی کوردستان ستراتیجییەکی یەکگرتوویان هەبێت. ئەگەر کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بە گشتی لە دنیا بەهێز بێت، وڵاتانی زلهێزی وەکو ئەمەریکا، ڕوسیا و ئەورووپا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، گرینگیی بە کورد دەدەن و لە بەرچاوی دەگرن. لەم وڵاتانەدا ویژدان، مرۆڤایەتی و دیموکراسی نییە، حزبە سەرەکییەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەبێت بەرژەوەندیی گەلی کورد بکەن بە بنەما. ئەگەر کورد بتوانێت بەم شێوەیە سیاسەت بکات هەم بەهێزتر دەبێت هەم دەبێتە پرسێکی گرینگ لە دنیا، لە ئێستادا ڕۆژئاوا بووەتە پرسێکی گرنگی جیهانی و ئەمە گرنگە.
ئاژانس: بە ڕای ئێوە چارەنووسی ڕۆژئاوای کوردستان و کانتۆنەکان چۆن دەبێت؟
ڕەمزی کارتاڵ: پێویستە بە باشی سیاسەتی تورکیا بزانین، تورکیا خۆی بۆ ساڵی (2023) کە یادی (100) ساڵەی پەیمانی لۆزان ئامادە دەکات. دەیەوێت بەم یادە پەیمانی لۆزان نوێ بکاتەوە، ئەم پەیمانە دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو دەبات. دەستتێوەردان لە سەرێکانی و گرێسپی لە لایەن تورکیا وەکو دەستپێکێک وایە، ئامانجی تورکیا ئەوەیە لە باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا دەرفەت نەدات کورد کیانێکی سەربەخۆی هەبێت، دەیەوێت وردەوردە و بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕوسیا بە ئامانجەکانی بگات. دەستپێکی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە باشووری کوردستانەوەیە، لە کاتی ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان، دەزگای هەواڵگریی وڵاتانی تورکیا، سوریا، ئێران و عێراق لە تاران کۆ بوونەوە و بڕیاریان دا دەستکەوتی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو ببەن و گوتیان دەستکەوتی گەلی کورد لە باشووری کوردستان مەترسیی هەیە. پێویستە کورد بزانێت کە ئەمەریکا، ڕوسیا و تەنانەت هەموو دنیا لەسەر کورد شەڕ لەگەڵ تورکیا ناکەن، هەر بۆیە دەبێت کورد، یەکەم: یەکگرتوو بێت، دووەم: دەبێت یەکێتیی نەتەوەیی لە نێوان هێزەکان هەبێت، کورد بە یەکگرتوویی خۆی دەتوانێت ڕای ئەمەریکا لەسەر ترەمپ و ڕای ئەورووپا لەسەر تورکیا بگۆڕێت.
ئاژانس: ئەوەی کە باس دەکرێت لەسەر پەیوەندیی ڕێکخستن لە نێوان پەکەکە و هەسەدە و یەپەگە ڕاستە یان تەنها بیانوویەکە؟
ڕەمزی کارتاڵ: بێگومان سیاسەتی تورکیا بۆ هێرشی سەر ڕۆژئاوا و باشوور ئەوەیە، کە بە بیانووی بوونی هێزەکانی (پەکەکە) هێرش دەکات، کێشەی تورکیا بوونی گەلی کوردە. پێویستە ئێمە ئەو ڕاستییە بزانین، کە سیاسەتی تورکیا بەرانبەر بە کورد بەردەوام کۆمەڵکوژی بووە. دەیەوێت بزووتنەوەی گەلی کورد لە ناو بەرێت، هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان بە مافی خۆی دەزانێت. لە ئێستادا هێزێکی زۆری سەربازیی تورکیا لە باشووری کوردستان هەیە، ناوچەیەکی بەرفراوانی داگیر کردووە، بیانووی تورکیا (پەکەکە) نییە بۆ هێرشکردن، لە ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان، بە هەموو شێوەیەک ناڕەزایەتیی کۆ کردەوە بەرانبەر ئەم پرسە، هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا، بۆ گەلی کورد تاقیکردنەوەیەکە، ئەگەر سەرکەوتوو بێت، تەنها ڕۆژئاوا لە ناو ناچێت، بەڵکوو هەموو دەستکەوتی گەلی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو دەچێت. تا کاتێک فاشیزمی تورک لە ناو نەچێت، بۆ هەموو پارچەکانی تریش مەترسیی دەبێت. گەلی کورد دەیەوێت لە باکووری کوردستان بە چارەسەرێکی ئاشتییانە بگات لەگەڵ تورکیا، بەڵام ئەو هەبوونی گەلی کورد قبووڵ ناکات. تورکیا لە ئێستادا لە قەیرانێکی گەورەیە، بەم هێرشانە لە قەیرانی ئابووری و سیاسیی خۆی ڕزگار بکات.
ئاژانس: ئەو قسەیە دەکرێت ئەگەر تورکیا لەگەڵ پەکەکە دانانیشێت بۆ لەگەڵ هەدەپە گفتوگۆ ناکات، بە بڕوای تۆ دەرفەتی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی هەیە؟
ڕەمزی کارتاڵ: لە ئێستادا سیاسەتی تورکیا دژی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە، ئەمەیە بنەمای سیاسەتەکەی. ئێمە دەمانەوێت لە تورکیا چارەسەرییەک بە دیالۆگ لەسەر چارەسەرییەکی سیاسی بنیاد بنرێت، ئەمە داخوازیی گەلی کوردە، داخوازیی (پەکەکە)، (هەدەپە) و هەموو حزبە سیاسییەکانی باکووری کوردستانە، تورکیا نایەوێت دیالۆگێکی ئاشتییانەی لەگەڵ کورد هەبێت، دەیەوێت ئیرادەی گەلی کورد لە باکووری کوردستان لە ناو بەرێت، بەم کارەش فشارێکی زۆر لەسەر سیاسەتی گەلی کورد درووست بکات واتا لەسەر گەریلاکان، گەلی کورد، (هەدەپە) و ڕۆژنامەوانانی کورد، کەسایەتییە ڕۆشنبیرەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، دەیەوێت تەنانەت یەک ئۆپۆزسیۆنیش لە تورکیا بوونی نەبێت. لە نێوان تورکەکانیشدا نایەوێت هیچ ئۆپۆزسیۆنێک هەبێت، میدیا لە ژێر کۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتی تورکیایە و دەنگی ئازادیی لە هەموان سەندووەتەوە. سیاسەتی تورکیا لە ناو نەچێت دیالۆگ ناتوانێت چارەسەری پرسی کورد بێت.