ماوه‌ی 12 ساڵه هه‌ڵبژاردنیان نەکردووە
ئاژانس – سەلام هانەدنی
لە ساڵی ٢٠٠٦وە کە ژوورە بازرگانییەکان لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک پێک هێندراون هیچ هەڵبژاردنێکیان نەکردووە و بە پێی یاساش ئەوان ناتوانن تەمەنی خۆیان درێژ بکەنەوە، بەڵام بە شێوەیەکی ״نایاسایی״ ماوەی خۆیان درێژ کردووەتەوە.
یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێم بە پێی یاسای ژمارە ١٤ی ساڵی ١٩٩٣ی پەرلەمانی کوردستان دامەزراون و پێک دێن لە ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، پەرلەمانتاران دەڵێن هیچ بڕگەیەکی یاساکە نییە ئاماژە بکات بە دەسەڵاتی ژوورە بازرگانییەکان کە ماوەی خۆیان درێژ بکەنەوە، بەڵام ئەوان ئەو کارەیان بۆ خۆیان کردووە.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״درێژ كردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ژووره بازرگانییه‌كان له لایه‌ن ژوورەکانەوە یاسایی نییه، چونكه ده‌بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئێمه‌ش هه‌ڵبژاردنمان ئه‌نجام بدایه.״
وتیشی: ״ده‌بوو له ساڵی 2010 هه‌ڵبژاردن بكرایه، نه‌كرا و دواتر ده‌بوو له ساڵی 2014 و داتریش 2018 به‌ڵام ئه‌وه سێ خوله دوا دەخرێت و نەکراوە، له یاسایی په‌رله‌مانیش نه‌هاتووه كه ته‌مه‌ن درێژ بكرێته‌وه، كه‌واته له فه‌راغی یاساییداین.״
مانگی ڕابردوو یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق هەڵبژاردنیان ئەنجام دا و ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمیشیان ئاگادار کردەوە کە ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدەن، بەڵام ژوورە بازرگانییەکانی هەرێم ساڵێکی تر ماوەی خۆیان درێژ کردەوە.
ئه‌یاد حه‌سه‌ن، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازیی دهۆك بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״به پێی یاسا ده‌بێت هه‌ر چوار ساڵ جارێك هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت، بەڵام شەڕی داعش و قەیرانی دارایی وای کرد ژوورە بازرگانییەکان هەڵبژاردن دوا بخەن.״
״ساڵێكی تر ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ئه‌نجام ده‌ده‌ین، ئێستاش له هه‌وڵداین بۆ كردنه‌وه‌ی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه بۆیه ساڵێكی تر له مانگی 11دا ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ئه‌نجام ده‌ده‌ین.״ ئەیاد حەسەن وای وت.
لە یاسای یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق ئاماژە بە درێژکردنەوەی تەمەنیان کراوە لە لایەن ژوورە بازرگانییەکانەوە، بەڵام هەرێم یاسای تایبەت بە خۆی هەیە لەو بارەیەوە و ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمیش یاسای عێراقیان جێبەجێ کردووە نەک هەرێم.
ماجید عوسمان، کە پێشتر سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی بووه له په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״لە یاساکەی هەرێمدا هیچ بڕگەیەکی تێدا نییە ئەو ژوورانە بتوانن ماوەی خۆیان درێژ بکەنەوە، له ساڵی 2006وه تاكو ئێستا ئه‌وان یه‌ك ده‌سته‌ن ئه‌و یەکێتیی و ژوورانە بەڕێوە دەبەن.״
وتیشی: ״په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بێت بریار له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌و یه‌كێتییه و ئه‌و ژووورانه بدات، به‌ڵام ئه‌وان بۆ مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردن خۆیان به‌ستووه‌ته‌وه به یاسای عێراقه‌وه، بەڵام لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکانی عێراقیش هەڵبژاردنیان نەکرد.״
به پێی یاسای كارپێكراوی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت هه‌ر چوار ساڵ جارێك هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن و ژووره بازرگانییه‌كان ئه‌نجام بدرێت، هەر كه‌سێكیش بۆی هه‌یه دوو خولی هه‌ڵبژاردن خۆی هه‌ڵبژێرێته‌وه و ببێته‌وه سه‌رۆك یان ئه‌ندامی ژووره بازرگانییه‌كان.
״بواری پیشه‌سازی و بازرگانی بوارێكی هه‌ستیاره له هه‌رێمی كوردستان و ده‌توانرێت زۆرترین گه‌نده‌ڵی تێدا بكرێت، بۆیه كاره‌ساته كه ماوه‌ی 12ساڵ بێت هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام نه‌درابێت لەو یەکێتییەدا.״ ماجید عوسمان وای وت.