عومهر عهلی محهمهد
یەکێک لە سیمای سەرەکیی لیبرالیزمە نوێیەکان ئەوەیە کە قازانج لە هەر شوێنێک بێت ئەوان لەوێن، ئەوان لەپێناو قازانجدا هەموو هۆکارێک دەگرنە بەر، هەر لەبەر ئەوەیە ئەو جیهانەی کە ئێستا لە بواری جیهانگیریدا دەبینرێت، جیهانێکی پڕ لە نادادی و نەهامەتی و کارەساتبارە، چونکە ئەگەر سەیری ئاستی گشتیی مرۆڤ بکەین لەسەر زەویدا کەمینەیەک هەموو سەرمایەیەکی جیهانییان لە ژێر دەستدایە و زۆرینەیەکیش لەوپەڕی خراپیی بار و گوزەران و ژیاندان، بەشێکی تر یان شەڕی ناوخۆ و نەبوونی مافە سەرەتاییەکان ژیانی تاڵ کردوون، ئەم دید و جیهانبینییە نوێیە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاستی ململانێکان گرانتر دەکات و دەچێتە ئاستی بەرزی زلهێزەکان، بە هۆی ئەوەش کە ئێستا هۆکاری ململانێ و جەنگەکان زۆر بەرەوپێش چووە و قۆناغی گەورەی بڕیوە، لەبەر ئەوە ململانێ و جەنگەکانیش ئاستە تەقلیدییەکەی تێپەڕاندووە و دەتوانرێت بچێتە زۆر بوارەوە کە پێویست بە بەکارهێنانی هۆکارە تەقلیدییەکان نییە. جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەکان چووەتە ناو تۆڕی شۆڕشی زانیاری و تەکنەلۆجیای نوێ و بواری بایۆلۆجی و جیهانی ڤایرۆس و بەکتریاکانیش یەکێکە لەو هۆکارانە .
لەم ساڵانەی دواییدا ململانێکانی چین و ئەمەریکا گەیشتووەتە ئاستێکی تووند، ئەویش پاش ئەوەی کە چین ئێستا بووە بە وڵاتێکی ئابووریی گەورە و ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەسەندندایە، لەبەر ئەوە ڕۆژئاوا نیگەرانە بەو ئاستەی چین پێی گەیشتووە، بۆ ئەم مەبەستەش ڕهنگه شێوازی ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەکان بگۆڕێت و هەموو شێوازەکانی جەنگی نەرم بە کار بهێنرێت، وەک ئەوەی ڤلادیمێر جیرنوڤسکی سەرۆکی پارتی لیبراڵ دیموکراتی ڕوسی دەڵێت: خۆرئاوا لە پشت بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی کورۆناوەیە لە جیهاندا.
ناوبراو دهڵڵێت: ئەم ڤایرۆسە زۆر بە خێرایی لە کیشوەرێکەوە بۆ کیشوەرێکی تر بڵاو دەبێتەوە و ئەم قەیرانە درووستکراوە و ئامانجەکەشی پاڵنەرێکی ئابوورییە، چونکە لە ئێستادا خۆرئاوا ترسی ئهوهی ههیه کە ناتوانن کێبڕکێ لەگەڵ چیندا بکەن یان بەلای کەمەوە پێی بگەنەوە، لەبەر ئەوە لەم ڕێگەیەوە دەیانەوێت ڕایان بگرن .
لە کاتێکدا ئەگەر ئەم بۆچوونە ڕاست نەبێت، بەڵام لەسەر ئاستێکی جیهانی و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی مەترسییەکە زۆر گەورە کراوە کە ئاستە سروشتییەکەی خۆی تێپەڕاندووە، چونکە پێشتریش ڤایرۆسی (سارس) لە ڕوسیا سەری هەڵدا و نزیکەی ۷۰۰۰ کەسی کوشت و چەندان وڵاتیشی گرتەوە بەڵام لە دواییدا کۆنتڕۆڵ کرا و کۆتایی پێ هات .
ئەگەر سەیری ئەم ڤایرۆسە بکەین بەدەر لە دید و تێڕوانینەکان، لە ڕووی تەندروستیشەوە مامەڵە و تەوزیفێکی سیاسی هەست پێ دەکرێت، ئاژانسی هەواڵی بلو مبیرجی ئەمەریکی دەڵێت: لە ئێستادا چین گەورەترین بازاڕی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی تازە و هۆکارهنی پەیوەندییە، گەورەترین وڵاتە لە بواری گەشتوگوزار و خەرجکردنی بودجەیەکی گەورە، هەروەها سەرچاوەی سەرەکیی جیهانییە لە ڕووی بەرهەمهێنانی جلوبەرگەوە و سەرچاوەیەکی گەورەی جیهانییە بۆ کانزا و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان.
ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی کە لەسەر مەترسییەکانی ئەو ڤایرۆسە بڵاو کرایەوە بووە هۆی ئەوەی کە ئێستا بە شێوەیەکی نیمچەدابڕاو لە جیهان دەربکەوێت.
زۆرینەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی گەشتەکانیان بۆ چین هەڵپەساردووە، ئاستی هاتووچۆی گەشتیاران زۆر کەمی کردووە، زۆربەی وڵاتان داوا لە هاووڵاتییانیان دەکەن گەشت نەکەن بۆ ئەو وڵاتە، ئاستی بازرگانی و هاوردەکردنی کەلوپەلی چینی بۆ ئاستێکی بەرچاو دابەزیوە، زۆربەی کۆمپانیا گەورە جیهانییەکان کە لە چیندا کار دەکەن دەرگاکانیان داخستووە .
هەموو ئەم هەنگاوانەش بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەیەکی لۆکاڵی چینی دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی گەشەی ئابووری کە زیانەکەی لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا دەگاتە نزیکەی ٦۲ ملیار دۆلار، ئەمە لە کاتێکدایە کە پار گەشەی ئابووریی چین ڕووی لە لاوازی کردبوو، ئەویش بە هۆی ئەو جەنگە بازرگانییەی کە ئەمەریکا دژ بە چین ڕایگەیاندبوو، لە لایەکی تریشەوە چەند کۆمپانیای بواری دەرمان لەسەر ئاستی جیهانی سودمەند دەبن لە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە کە بەشێکی زۆریان لە لایەن لیبرالیزمە نوێیەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و ئەوانیش قازانج لە چیدا بێت بەو شێوەیە مامەڵە دەکەن.