ئاژانس
خانمە گۆرانیبێژێکی کورد ڤیدیۆکلیپێکی گۆرانی بەرهەم دەهێنێت و بە وتەی خۆشی لەسەر ئاستی وڵاتەکەی گۆرانییەکەی یەکەمە و زۆرترین گوێگری هەبووە.
ڤیڤیان نووری لە بارەی کارەکەیەوە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״پاش بڵاوبوونەوەی یەکەمین گۆرانیم بە ناوی ״Where Do We Go From Here״، گۆرانییەکە لە نیوزلەندا بووە یەکەم لەسەر ئاستی گوێگر و تا ئێستاش ڕیزبەندی یەکەمی لە زۆرێک لە ئەپەکانی وەک iTunes و GooglePlayMusic دا گرتووە لەسەر ئاستی وڵاتی نیوزلەندا، ئەوەش گەورەترین سەرکەوتنە لە ژیانی مندا، چونکە من دڵنیا بووم لە سەرکەوتنی کارەکە بەو پێیەی لەگەڵ باشترین بەرهەمهێنەری ئەمهریکی کارم کردووە کە هەڵگری خەڵاتی Grammyیە، بەڵام پێشبینی ئەوەم نەدەکرد ڕیزبەندی یەکەم بگرێت.״
ڤیڤیان هەرچەندە تەمەنی ٣ ساڵ بووە کە چووهتە وڵاتی نیوزلەندا، بەڵام ئەو وتی: ״بە منداڵی دایکم فێری زمانی کوردی کردووم و ئێستاش هەندێک کات لەگەڵ خزمەکانمان لە هەولێر و کەرکوک قسە دەکەین.״
ڤیڤیان نووری (٢٤ ساڵ) خەڵکی باشووری کوردستانە و لە ساڵی ١٩٩١ وەک ئاوارە خانەوادەکەی چوونەتە حەسەکە و لە کەمپێکدا لەو شارە لە دایک بووە، دواتریش چوونەتە وڵاتی نیوزلەندا و ئێستاش ڤیڤیان بووهتە گۆرانیبێژ.