كۆمسیۆن: بۆ هەڵبژاردن فریای پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران ناكەوین
ئاژانس – سەرچین ساڵح
تا ئێستا تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان وەك خۆیەتی و لە ناوی مردوو، دووبارە و وەهمی پاك نەكراوەتەوە و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسیی هەرێمیش جەخت لەوە دەكاتەوە كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش ناتوانن پاكی بكەنەوە.
بە پێی ڕاگەیەندراوێكی پێشووی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی لە هەرێمی كوردستان، بڕیارە لە مانگی 11 ئەمساڵدا هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێن.
دیاریكردنی ئەو وادەیە لە كاتێكدایە كە هێشتا گرێ ئاڵۆزەكەی ئەو پڕۆسەیە چارەسەر نەكراوە كە تۆماری دەنگدەرانە.
دوای پەسەندكردنی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی و سوێندخواردنی ئەنجوومەنەكەی، پەرلەمانی كوردستان كۆمسیۆنی ڕاسپارد بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ناوی دووبارە و ناوی مردوو یان كەسانی بیانی بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، بەڵام بە وتەی بەشێك لە پەرلەمانتاران هێشتا ئەو پڕۆسەیە ئەنجام نەدراوە و پێدەچێت بە هەمان تۆماری پێشوو هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
عەبدولڕەحمان عەلی، بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״تا ئێستا تۆمارێكی پاك و بڕواپێكراو نییە بۆ ئەوەی دەنگدانێكی بێ خەوش ئەنجام بدرێت، ئەوەی هەیە تۆماری پێشووی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقە ئەویش پێشتر ئەزموونمان لەگەڵیدا هەیە كە دەیان هەزار ناوی مردوو و دووبارەی تیادایە״.
وتیشی: ״تۆماری دەنگدەران بەم دەمودەستە ناتوانرێت پاك بكرێتەوە، كات و ساتێكی زۆری دەوێت و ئەگەر بە تۆمارە كۆنەكە دەنگدان بكرێت موستەحیلە هەڵبژاردنێكی پاك ئەنجام دبرێت״.
پاكنەبوونەوەی تۆماری دەنگدەران یەكێك بوو لەو گرفتانەی كە پێشتر لە هەڵبژاردنەكانی هەرێم و عێراقدا بونی هەبوو كە بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان یەكتریان تۆمەتبار دەكرد بەوەی لە ڕێگەیانەوە ساختەكاریی ئەنجام دەدەن.
ئەبووبەكر هەڵەدنی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״یەكێك لە مەرجەكانی سەركەوتن و نەزیهی هەڵبژاردن ئەوەیە كە تۆمارێكی دەنگدانی خاوێن هەبێت خاڵی بێت لە ناوی دووبارە و ناوی مردوو، ئەوانە سەرچاوەی خروقاتن، ئەركی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسیی هەرێمە ئەو كارە بكات بەڵام تا ئێستا نەكراوە״.
وتیشی: ״پاكنەكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بەشێكی پەیوەندی بە دۆخی کۆمسیۆنەوە هەیە و بەشێكی تریشی ئەوەیە دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان بە ئەنقەست نایەوێت تۆماری دەنگدەران پاك بكرێتەوە لەبەر ئەوەی بتوانێت لەو ڕێگەیەوە دەنگی زیاتر بهێنێت״.
پاكنەكردنەوەی تۆماری دەنگدران لە كاتێكدایە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرگەرمی ناونووسكردنی هاووڵاتیانە بە سیستمی بایۆمەتری بە مەبەستی پاككردنەوەی لە ناوی وەهمی و دووبارە و مردوو.
خەڵەف ئەحمەد، بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمانی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە دوای هەڵبژاردنەكانی خولی پێشووەوە هیچ پاككردنەوەیەكی تۆماری دەنگدەران ئەنجام نەدراوە و هەمان لیست و ناوی تۆمارەكانی پێشووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاوارەیەكی زۆر هاتووەتە هەرێمی كوردستانەوە بۆیە گومان دەكرێت بە ڕێژەیەكی زیاتر لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتر تەزویرات بكرێت״.
وتیشی: ״كاتێك تۆمارێكی دەنگدانی پاك بەردەست دەبێت كە کۆمسیۆن لەژێر چاودێریی پەرلەمانی كوردستاندا ئەو كارە بكات و لە ئەگەری كەمتەرخەمیدا ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بكرێتەوە״.
هاوكات نەجیبە لەتیف، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەوەی بووە بە گرفت لەبەردەم پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەراندا نەچوونی هاووڵاتیانە بۆ تۆماركردنی ناوەكانین، ئەمەش گرفتێكە دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان لێی بەرپرسە و دۆخێكی درووست كردووە كە هاووڵاتیان بڕوایان بە هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدان نەمێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئیرادەیەك بەدی ناكرێت تۆمارەكە پاك بكرێتەوە״.
شوان ئەحمەد، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەو کۆمسیۆنەی ئێستا پارتی تێیدا كەمینەیە بەراورد بە لایەنەكانی تر بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكان هاوهەڵوێست بن بە بێ تۆمەتباركردنی لایەنەكانی تر بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و هەڵبژاردنێكی دوور لە تەزویر بۆ ئەوەی هەموو لایەنەكان هەست بە پێگەی حەقیقی خۆیان بكەن״.
وتیشی: ״لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوودا بە هۆی خاوێن نەكردنەوەی تۆماری دەنگدانەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لە بەشێك لە شوێنەكاندا جێگەی تێبینی بووە״.
هەرچەندە ماوەیەكی كەم لەبەردەم كۆمسیۆندا ماوە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام وەك خۆیان دەڵێن بڕیای پێكهێنانی لیژنەیان داوە بۆ پاكکردنەوەی تۆماری دەنگدەران.
شێروان زرار، وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسیی هەرێمی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەوەی لەبەر دەستی ئێمەدایە تۆماری دەنگدانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقە و بڕیارمان داوە بە درووستكردنی لیژنەیەك بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران״.
وتیشی: ״لەبەر ئەوەی پشتمان بە تۆماری عێراق بەستووە و ئەوانیش بە ئەلیكترۆنی داخلیان نەكردووە بۆیە پێویستمان بە هاوكاری لایەنە پەیوەندیدارەكانە بۆ پشتڕاستكردنەوەی درووستی ناوی دەنگدەران، ئەمەش كاتێكی زۆری پێویستە ئەگەر هەڵبژاردن لە مانگی 11 دا بكرێت بڕوا ناكەم فریا بكەوین تۆماری دەنگدەران پاك بکەینەوە״.