ئاژانس
خانمە هونەرمەند کەنار محەمەد، بەرهەمێکی نوێی تۆمار کردووە و بڕیارە بەرهەمەکەش لە شەوی یەڵدادا بڵاو بکرێتەوە.
نزار زێوەیی، کە کاری بەرهەمهێنانی ڤیدیۆکلیپەکەی ئەنجام داوە بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەم بەرهەمە نوێیەی کەنار محەمەد بە ناوی (سەفەر)ـە، بەڵام جیاوازە لەو گۆرانییە کوردییانەی کە زیاتر باس لە خیانەت و جیابوونەوە و دابڕان و درۆ دەکەن، بەڵام ئەم کارە بە پێچەوانەوە باس لە سەفەرێک دەکات کە گەڕانەوە و ژیان و خۆشەویستیی تێدایە.״
وتیشی: ״ئەم بەرهەمە ئاواز و ستایلەکەی مۆدێرن و سەردەمیانەتر و تێکستی ئیسماعیل محەمەدە و لە ئاوازی خۆمە، حەزیشمان کرد بەرهەمەکە لە شەوی یەڵدادا بڵاو بکەینەوە، چونکە ڤیدیۆکلیپەکە کەشێکی پاییزانەی هەیە، دیار مەهدیش کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، بەڵام تێچووی کارەکە زیاتر لە ٣ هەزار دۆلار بووە، بە داخیشەوە لەو بڕە پارەیە هیچ هاوکارییەک نەکراوین لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان و ناچاربووین لە دەمی منداڵەکانی خۆمانی بگرینەوە تا بتوانین کارە هونەرییەکانمان بکەین.״
هونەرمەند کەنار محەمەد تەها، ژەنیاری سێتارە و پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی تەواو کردووە، لە چەندین بەرهەمی هونەریدا لەگەڵ گرووپی میوزیکی لووڕ بەشداریی کردووە.