״90 ملیۆن ته‌ن نه‌وتی یه‌ده‌گی هه‌ڵه‌بجه وههم بوو״
ئاژانس- سه‌لام هانه‌دنى
كۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی ساڵی ٢٠١٢ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم ئیمزا كرد، بۆ ده‌رهێنانی نه‌وت له سنووری هه‌ڵه‌بجه، كۆمپانیا ڕوسییه‌كه له سه‌ره‌تادا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كرد، نه‌وت له‌و سنووره هه‌یه، به‌ڵام دواى یه‌ك ساڵ له گه‌ڕان و كنه و پشكنین بۆ نه‌وت له سنووره‌كه‌دا، جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێم ڕایگه‌یاند، كۆمپانیاكه له پڕۆسه‌ى گه‌ڕان بۆ نه‌وت له‌و سنووره شکستی هێناوه و ئه‌و ناوچه‌یه‌ى به‌جێ هێشتووه.
گازپرۆم له ماڵپه‌ڕی تایبه‌تی خۆی پێشتر ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو، 90 ملیۆن ته‌ن نه‌وتی یه‌ده‌گ له هه‌ڵه‌بجه‌دا هه‌یه و به‌نیاز بوون ساڵی ٢٠١٦ یه‌كه‌م بیره‌نه‌وت لێ بده‌ن، بەڵام لە ئێستادا سنوورەکەی بە جێ هێشتووە.
كاوه عه‌لى جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه بۆ كاروبارى هونه‌رى بۆ ״ئاژانس״ وتى: ״له سه‌ردانه‌كه‌ى چه‌ند ڕۆژى ڕابردووى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌ت بۆ هه‌ڵه‌بجه پێم ڕاگه‌یاند، له ڕێگه‌ى شیرینیى نه‌وته‌وه ده‌توانین چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك جێبه‌جێ بكەین له هه‌ڵه‌بجه ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت وه‌رى بگرێت و وه‌ك پڕۆژه بۆ هه‌ڵه‌بجه سه‌رفى بكات، له به‌رامبه‌ردا جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌ت پێى ڕاگه‌یاندم گازپرۆم له ده‌رهێنانى نه‌وت شكستى هێناوه له هه‌ڵه‌بجه״.
جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه ئاشكرای كرد، كۆمپانیاكه خۆى ڕایگه‌یاندووه له په‌یجى تایبه‌تى خۆیشى بڵاوی كرده‌وه، نه‌وت له هه‌ڵه‌بجه هه‌یه و بڕیاریش بوو له ساڵى 2016 بیره‌نه‌وت لێ بدەن، بڕى یه‌ده‌گى نه‌وتیش له سنووره‌كه بریتییه له 90 ملیۆن ته‌ن نه‌وت له بلۆكى هه‌ڵه‌بجه.
کاوە وتیشی: ״نازانین بۆچى ئه‌و كۆمپانیایه شكستى هێناوه و ئه‌و قسانه بۆچى ده‌كرێت، له كاتێكدا كۆمپانیاكه خۆى ئه‌وه‌ى ڕانه‌گه‌یاندووه، پەیوەندیش بە کۆمپانیاکەشەوە دەکەین هیچ زانیارییەک نادات״.
حه‌سه‌ن ڕه‌شید سه‌رۆكى گشتیی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى شاره‌وانییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه بۆ ״ئاژانس״ وتى: ״له كۆبوونه‌وه‌كه‌ى جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى سنووره‌كه‌دا جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، ئه‌و كۆمپانیایه شكستى هێناوه له ده‌رهێنانى نه‌وت له سنووره‌كه‌دا״.
له هه‌ر گه‌ڕان و پشكنینێكى كۆمپیانیاكان به دواى نه‌وتدا، ئه‌گه‌ر نه‌وت نه‌دۆزنه‌وه حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان زیانمه‌ند ده‌بێت، په‌یوه‌ست ده‌بێت به پێدانه‌وه‌ى ئه‌و خه‌رجییانه‌ى كۆمپانیاكه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته كردوونى.
عوسمان محه‌مه‌د شاره‌زاى بوارى وزه و سه‌رچاوه سرووشتییه‌كان بۆ ״ئاژانس״ وتى: ״ئه‌گه‌ر ئه‌وه ڕاست بێت و كۆمپانیاى گازپرۆم شكستى هێنابێت و نه‌وت له هه‌ڵه‌بجه نه‌بێت، ئه‌وكات حكوومه‌تى هه‌رێم زه‌ره‌ر ده‌كات و ده‌بێت ئه‌و زیان و خه‌رجییانه‌ى كه ئه‌و كۆمپانیایە كردوونى بیداته‌وه״.
وتیشى: ״گازپرۆم له‌سه‌ر داهاتى بیره‌نه‌وته‌كانى تر هه‌موو ئه‌و زیانانه‌ى كه كردوونى وه‌رى ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌وت هه‌بێت و كۆمپانیاكه نه‌یه‌وێت له ئێستادا بیر لێ بدات ئه‌مه جێگه‌ى گومانه و بۆى هه‌یه حكوومه‌ت ئه‌و پاره‌ى گرێبه‌سته‌ى وه‌رگرتبێت و نه‌یه‌وێت هیچى بۆ هه‌ڵه‌بجه خه‌رج بكات. كه ده‌بێت بڕى 30 ملیۆن دۆلارى شیرینیى نه‌وت بدرێت به هه‌ڵه‌بجه״.
به گوێره‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و كۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی، كۆمپانیاكه بۆ ماوه‌ی ٢٠ ساڵ له‌م پارێزگایه‌دا نه‌وت ده‌رده‌هێنێ و له ٢٠%ی به‌رهه‌می نه‌وته‌كه‌ش بۆ حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌بێ و له ١٠%ی داهاته‌كه‌ش بۆ قه‌ره‌بووی ژینگه‌یی ناوچه‌كه به‌كار ده‌هێنرێ له‌گه‌ڵ قه‌ره‌بووی خاوه‌ندارێتیی زه‌وییه‌كان و له ٧٠%ی ئه‌و پاره‌یه‌ش بۆ كۆمپانیاكه ده‌بێت.
غالب محه‌مه‌د سه‌رۆكى لیژنه‌ى وزه و سامانه سرووشتییه‌كان له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى بۆ ״ئاژانس״ وتى: ״بلۆكى هه‌ڵه‌بجه نه‌وتى تێدایه، ئه‌وه نكۆڵیى لێ ناكرێت، ده‌بوو ئێستا ده‌ست كرابێت به لێدانى بیر له‌و سنووره״.
وتیشى: ״ئەوە دەبێ وه‌زاره‌تى سامانه سرووشتییه‌كان له‌و باره‌یه‌وه قسه بكه‌ن چونكه بڕیارى كۆتایى كۆمپانیاكه ده‌چێته‌وه لاى ئه‌وان״.
پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه، ده‌كه‌وێته نزیكه‌ى 83 كیلۆمه‌تر باشوورى ڕۆژهه‌ڵاتى شارى سلێمانى و ژماره‌ى دانیشتووانه‌كه‌ى زیاتر له 120 هه‌زار كه‌س ده‌بن و پێك دێت له شاره‌دێكانى به‌مۆ، خورماڵ، سیروان و بیاره.