ئاراس حه‌سه‌ن
ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كان جگه له پارتی وه‌كو براوه‌ی یه‌كه‌م، هه‌موو هێزه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی نیگه‌ران كرد، ئه‌م نیگه‌رانییه‌ش به‌رئه‌نجامی خودی پڕۆسه‌یه‌ك بوو كه زۆرترین قسه‌ی له‌سه‌ر كرا و كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ڕێژه‌كان هه‌بوو، هه‌روه‌كو وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان دوابه‌دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان وتی، كه سه‌رباری هه‌موو تێبینییه‌كانمان له‌سه‌ر پڕۆسه‌كه و ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی، به‌ڵام وه‌كو یه‌كێتیی پهسهندنمان كرد و هۆكاره‌كه‌شی بۆ خه‌ڵكی كوردستان و میدیاكان ئاشكرا كرد، كه ته‌نیا مه‌به‌ستیان ڕاگرتنی ئارامی و تێكنه‌چوونی بارودۆخی گشتی بووه.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی یه‌كێتیی یه‌كه‌مجار و دوایین جاریش نییه، هه‌رچه‌نده له ناخه‌وه ڕه‌نگه به دڵی كادر و ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌ی نه‌بێت، به‌ڵام دواجار ئه‌وه ڕاسته‌ڕێ و سیاسه‌تی بێ ڕهتووشی یه‌كێتیی بووه و له كوێدا مه‌ترسیی دابڕان و ناكۆكی هه‌بووبێت، له‌وێدا یه‌كێتیی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی كردووه‌ته قوربانی و ماڵێكی لێكترازاوی له داڕمان پاراستووه، مێژووی دوای شه‌ڕی ناوخۆ و ئه‌و بارودۆخه‌ی به‌سه‌ر یه‌كێتییدا هات گه‌واهیده‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن، كه هێشتا ئه‌م حزبه پارسه‌نگی ڕاگرتنی ئاسایش و ئارامییه له هه‌رێم و بۆ ئه‌مه‌ش باجی گه‌وره‌ی به خۆی داوه.
له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا، هه‌میشه ئه‌م سیاسه‌ته‌ی یه‌كێتیی له لایه‌ن نه‌یاره‌كانییه‌وه قۆستراتهوه و بووه‌ته كه‌ره‌سته‌یه‌كی میدیایی ئاسان بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ته‌كانی خۆیان و ده‌یان و سه‌دان تۆمه‌تی ناڕه‌وایان بۆ درووست كردووه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كه‌ی درووست و ڕه‌وا بووه، كاریگه‌ریی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته ناڕه‌وایانه هه‌ر به قه‌ده‌ر ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه بووه كه ئه‌و هێزانه خه‌ونیان پێوه بینیوه، بۆ یه‌كێتیی ئاسان بوو وه‌كو ئه‌وان سیاسه‌ت بكات، به‌ڵام حزبی نیشتیمانی خه‌می پاراستنی ناو و ناونیشانه‌كه‌یه‌تی نه‌ك وه‌كو ئه‌وانی دیكه شه‌ڕی موزایه‌ده‌ی پێ بكه‌ن. لەبەر ئەوەی خه‌ڵكی كوردستان بێزار بوون له موزایه‌ده‌ی سیاسی و قسه‌ی ڕه‌ق و ڕووخێنه‌ریش هیچ سوودێكی نه‌بووه.
ئه‌و په‌یامه‌ی یه‌كێتیی كه له دوای ده‌رئه‌نجامه‌كانه‌وه په‌خشی ده‌كات، سه‌رباری كه‌میی ڕێژه‌ی كورسیه‌كانی به به‌راورد به هێزی یه‌كه‌م، نیشانه‌ی به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌یه به‌رامبه‌ر به خاك و نه‌ته‌وه، كه هه‌رگیز ڕێگه به خۆی نادات ئارامی و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌وێته مه‌ترسییه‌وه. باشترین به‌ڵگه‌ش چوار ساڵی ڕابردووی حوكمداریی یه‌كێتیی بوو كه هه‌موو هێزه‌كانی دیكه پشتیان له پارتی كرد وه‌كو به‌رپرسی یه‌كه‌می قه‌یرانه‌كان، به‌ڵام تیمی یه‌كێتیی له حكومه‌ت مایه‌وه و خۆی له بهرپرسیارێتییهكان نه‌دزییه‌وه و سه‌ره‌ڕای ناكۆكییه سیاسییه‌كان له‌گه‌ڵ پارتیدا توانرا قه‌واره‌ی ھه‌رێم بپارێزن و به‌شێك له قه‌یرانه‌كان تێپه‌ڕێنن و بره‌و به پڕۆژه چاكسازییه‌كان بده‌ن.
له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا، ده‌بێ پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئه‌م په‌یامه نوێیه‌ی یه‌كێتیی وه‌ك سیاسه‌تی گشتیی ئه‌م حزبه وه‌ربگرێت و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكات، نه‌ك غرووری هه‌ڵبژاردن و ده‌رئه‌نجامه‌كانی بیگرێت و شه‌ڕی پۆست و ئیمتیازاتی پێ بكات، چونكه هه‌ر لێكترازانێك له‌م قۆناغه‌دا به پله‌ی یه‌كه‌م پارتی باجه‌كه‌ی ده‌دات و ئینجا یه‌كێتیی و هێزه‌كانی دیكه. واقعی سیاسی و جوگرافیی هه‌رێمی كوردستانیش هیی ئه‌وه‌یه كه پارتی له‌م په‌یامه‌ی یه‌كێتیی تێبگات و وه‌ك ده‌رفه‌ت لێی بڕوانێت.